تەندروستی هەرێم: لە نۆ مانگی ئەمساڵدا 300 شوێن داخراون

وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەڕێگەی تیمەكانی پشكنین و بە داواداچوون و بەهەماهەنگی دەزگا پەیوەندارەکان، لە بەردەوامی هەڵمەتەكانیان بۆ دڵنیابوون لە کوالیتی و نرخ و جێبەجێكردنی ڕێنماییە تەندروستییەكان لە نۆ مانگی ڕابردووی ئەمساڵ 2020 دا نزیكەی هەزار شوێنیان بەسەركردوەتەوە.

لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم بڵاویکردەوە، لیژنەكانی پشكنین و دڵنیایی جۆری لە سەرجەم پارێزگاکان لەناو شار و قەزا و ناحێەکان بەداداچوونی شوێنەكانی ( پێداویستی پزیشكی، دەرمانخانە، كۆگای دەرمان، نەخۆشخانە، سەنتەرەكان، نۆرینگەكان، كۆمەڵگاكانی پزیشكی، كارگەی بەرهەم هێنانی پاككەرەوە) و ئەو شوێنانەی پەیوەندیان بە كەرتی تەندروستییەوە هەیە، هەروەها ئەو مۆڵانەی پێداویستی پزیشكیان لێدەفرۆشرێت، گەڕان و پشكنین بەهەماهەنگی دامودەزگا پەیوەندارەکان بۆ زۆربەی ئەو شوێنانە كراوە، لە ئەنجامدا بەهۆی پابەند نەبوونییان 300 شوێن داخراوە، 175 شوێن بەهۆی كەموكوڕی بەڵێننامەیان پێپڕكراوەتەوە، 65 شوێن سزای پێبژاردنیان بۆ كراوە و 53 شوێن بە فەرمانی وەزارەت داخراون، هەروەها بەدواداچوون بۆ چەند كارگەیەكی تایبەت بە دروستكردن و بەرهەمهێنانی مەوادی پاككەرەوەی دەست و پاككەرەوەی ناوماڵكرا كە پابەندی ڕێنماییەكان نەبوون بۆیە شوێنەكانیان داخران و بەڵێننامەیان لێ وەرگیرا و سزای پێبژاردنیشیان بۆ كراوە. 

 

تەندروستی هەرێم ئاشکراشیکردووە، لیژنەكان بەردەوام بوون لە سەردانكردنی گشت نەخۆشخانە ئەهلییەكان بە مەبەستی نەهێشتنی زیادە ڕۆیی نرخی نۆرینگەكان و پشكنینی نەخۆش بە تایبەت سۆنار وە بە فەرمانێكی وەزاری گشتاندن بۆ نەخۆشخانە تایبەتەكان كرا كە تایبەت بوو بەكەمكردنەوەی نرخی نەخۆشخانەكان بە ڕێژەی 25%. 

 

ڕاشیگەیاند" هاوكات هەر وەك ڕوونە لە ماوەی ئەو نۆمانگەدا بەهۆی ڕاگرتنی دەوامی فەرمی حكوومەت، لیژنەكان بە شێوەی خشتەی ئێشكگری كاریانكردوە و پشكنین و بەدواداچوونیان بۆ گشت شوێنە پەیوەندی دارەكان كردوە و كە لەو ماوەیەدا چەند شوێنێك بەهۆی قۆستنەوەی دۆخەكە و كۆرۆناو باری نائاسایی تەندروستی لە هەرێمی كوردستان و جیهان هەستابوون بەگرانكردنی نرخەكانیان لە درێژەی پشكنینەكان بەهۆی ئەوەی سەرجەم دەرمانخانەكان ماسك دەفرۆشن و نارێكی هەبوو لە سیستەمی نرخ و، لە هەر دەرمانخانەیەك بە نرخێك دەفرۆشرا، چەند ڕێنماییەكیان پێدراوە و لە ئێستەدا نرخی ماسك بەگشتی جێگیرە". 



PM:12:06:17/10/2020