نێچیرڤان بارزانی: سووتاندنی بارەگای پارتی لە بەغدا شەرمەزار دەکەین



سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی سووتانی بارەگای پارتیەوە لە بەغدا، راگەیاندنێکی بڵاوکردەوەو کە تیایدا هاتووە "سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ گرووپێكی له‌یاساده‌رچوو بارەگای لقی پارتی دیموکراتی کوردستانیان لە شاری بەغدا سووتاند و لە کاتی هێرشەکەدا ئاڵای کوردستان و وێنەی سیمبولەکانی کورد سووتێندراون و ئاڵای حەشدی شەعبی هەڵکراوه"‌.


نێچیرڤان بارزاینی سەرۆکی هەرێم لە راگەیاندراوێکدا کە بەیەکەم بەرپرسی هەرێم و کەسایەتی پارتی دادەنرێت لەسەر رووداوی سووتاندنی بارەگای پارتی راگەیاندن بڵاوبکاتەوە دەڵێت "ئێمە ئەو هێرشە شەرمەزار دەکەین و بە کردەوەیەکی ئاژاوەگێڕانەی دادەنێین. هێرش بۆ سه‌ر باره‌گای حزبێك كه‌ هێزێكی سه‌ره‌كیی ڕووخاندنی دكتاتۆری بووه‌ له‌ عێراق، هێرشه‌ بۆ سەر مێژووی خەباتی هاوبەشی کورد و هێزە عێراقییە شۆڕشگێڕەکان لەپێناو نەهێشتنی زۆرداری و دیکتاتۆری. هەڕەشه‌یە بۆ سەر  پێکەوەژیانی ئاشتیانە، لەباربردنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و سیاسییه‌ و لەگەڵ بنەماکانی دەستوور و  دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ، ناكۆكه"‌.


هەروەها هاتووە "هێزی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی و هێزە چەکدارەکانی عێراق مێژوویەکی تازەی هاوبەشیان لە شەڕی داعشدا تۆمار کرد، ئێمە هیوادارین ئەو هاوبەشییە هاوکارییەکی زیاتری بەدوادابێت لەڕووی سیاسییەوە لەپێناو دەربازکردنی هەموو خەڵکی عێراق لەو بارودۆخە ناخۆشەی تێیکەوتووە". 


سەرۆکی هەرێم دەشڵێت "نابێ هیچ لێدوان و مشتومڕێک لە هیچ بوارێکدا ئەو هاوبەشییە تازەیەی نەتەوە و پێکهاتەکانی عێراقی تازه‌دا تێکبدات، دەبێ هەموو لایەک ئەو هاوخەباتییەی ڕابردوو بەکار بێنین بۆ یارمەتیدانی حکوومەتی فیدرالیی عێراق لەپێناو هێنانەکایەی بەڕێوەبردنێکی باشتر کە لە خزمەت خەڵکی عێراقدا بێت".


نیچیرڤان بارزانی لە کۆتایی راگەیاندراوەکەدا داوا لە هەموو لایەک دەکات بە ئارامی مامەڵە لەگەڵ ئەو ڕووداوە بکەن و دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی عێراق لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە یاسایییەکانیان بە شێوەیەکی جددی و خێرا دەستپێ بکەن و تێكده‌ران ڕووبه‌ڕووی یاسا بكرێنه‌وه‌. 
 


PM:02:34:17/10/2020