مامۆستایانی ناڕازی: خۆپیشاندانی بەرفراوان سازدەكەین

ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی و دەستەی داکۆکی لە زانکۆ و پەیمانگاکان و ئەنجومەنی فشار راگەیەنراوێکیان بڵاوکردەوە ئەوە دەخەنەڕوو، كە لە پێناوی ڕەتکردنەوەی ستەمکارییەکانی دەسەڵاتدا لە زوترین کاتدا ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی بەرفراوان سازدەکەن.

 

لەیاداشتێكدا كە ئاڕاستەی ڕای گشتی كراوە و وێنەیەكی دەست "سپی" كەوتوە ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی چەند داواكاریەكیان خستۆتەڕوو و دەڵێن" "بەهۆی بێ دەنگی وبێ هەڵوێستی موچەخۆران و هاوڵاتیان و چۆڵبونی شەقام لە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان، دەسەڵاتدارانی هەرێم ڕۆژ دوای ڕۆژ ستەمکاری زیاتر لە موچەخۆران و هاوڵاتیان دەکەن، لە نوێترین بڕیاری ستەمکارانەیاندا بڕیاریان داوە موچەی پێنج مانگ بێسەروشوێن  بکەن".

 

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوەشکراوە، بە ئەلیکترۆنی کردنی خوێندن بەشێکە لە پڕۆسەی نەخوێندەوارکردنەوەی کۆمەڵگە و بێنرخکردنی خوێندن و بڕوانامە و خزمەتکردنە بە خوێندنگە ئەهلی و تایبەتییەکان، بۆیە پێویستە دایکان و باوکان و تەواوی کۆمەڵگە بەرامبەر  ئەو بڕیارە نەشیاوە ناڕەزایەتی و هەڵوێست دەربڕن.

 

جەختیشی كردۆتەوە كە "حکومەتێک بە دو مانگ موچەیەکی پێ نەدرێ، شایستەی حکومڕانی نییەو پێویستە هەڵبوەشێنرێتەوە. هاوکات لە پێناوی ڕەتکردنەوەی ستەمکارییەکانی دەسەڵات لە زوترین کاتدا ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی بەرفراوان سازدەکەین". 

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی:

لە ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازییەوە:

مامۆستایانی سەربەرز

دایک و باوکی خوێندکاران

فەرمانبەر و کاسبکاران

هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان

بەداخەوە دەسەڵاتدارانی هەرێم ڕۆژ دوای ڕۆژ ستەمکاری زیاتر لە مووچەخۆران و هاوڵاتیان دەکەن ، لە نوێترین بڕیاری ستەمکارانەیاندا بڕیاریان داوە مووچەی پێنج مانگ بێسەروشوێن بکەن و دوای دوومانگ مووچەیەک بە لێدزینەوە دابەش بکەن ، هاوکات هیج باکیان بە برسییەتی و هەژاری و بێ مووچەیی هاوڵاتیانەوە نییە .

سەرچاوەی ئەم بێ باکی و ستەمکارییەی دەسەڵاتدارانی کورد دەگەڕێتەوە بۆ بێ دەنگی وبێ هەڵوێستی مووچەخۆران و هاوڵاتیان و چۆڵ بوونی شەقام لە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان .

دوای ئەم بڕیارە ستەمکارانەیەی دەسەڵاتە شکستخواردووەکەی هەرێم هەڵوێستی خۆمان لە چەند خاڵێکدا دەخەینە ڕوو .

1 ـ داواکارین مامۆستایان دوای دابەشکردنی ئەو مووچەیەی دوای شەست ڕۆژ بە لێبڕینەوە وەری دەگرن ، درێژە بە بایکۆتی هەموو شێوازەکانی خوێندن بدەن

2 ـ دەسەڵاتداران بە بڕیار و کارەکانیان بەردەوام بارگرانی بۆ هاوڵاتیان دروست دەکەن و دەیانەوێ تەواوی کەرتی گشتی بکەن بە کەرتی تایبەتی حیزبی ، ئەرکی هەموو هاوڵاتیان ودایک و باوکی قوتابیان و فەرمانبەر و کاسبکارانە هاوکاری مامۆستایان بن بۆ ڕێگری له ستەمکارییەکانی دەسەڵات ، چونکە پێش هەموو کەسێک خۆیان و منداڵەکانیان باجی ئەم ستەمکارییانە دەدەن .

3 ـ بە ئەلکترۆنی کردنی خوێندن بەشێکە لە پڕۆسەی نەخوێندەوارکردنەوەی کۆمەڵگە و بێنرخکردنی خوێندن و بڕوانامە و خزمەتکردنە بە خوێندنگە ئەهلی و تایبەتییەکان ،

پێویستە دایکان و باوکان و تەواوی کۆمەڵگە بەرامبەر ئەو بڕیارە نەشیاوە ناڕەزایەتی و هەڵوێست دەربڕن .

4 ـ پشتیوانی هەڵوێستی ئەو لقانەی یەکێتی مامۆستایان و ئەو بەڕێوەبەرانە دەکەین کە بڕیاری بایکۆتیان داوە ، هیوادارین تا جێ بەجێکردنی داواڕەواکانی مامۆستایان بەردەوام بن لە هەڵوێستەکانیان .

لە کۆتاییدا ڕای دەگەیەنین

حکومەتێک بە دوو مانگ مووچەیەکی پێ نەدرێ ، شایستەی حکومڕانی نییە و پێویستە هەڵبوەشێنرێتەوە

هاوکات لە پێناوی ڕەتکردنەوەی ستەمکارییەکانی دەسەڵات لە زووترین کاتدا ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی بەرفراوان سازدەکەین .

هیوادارین هەموو هاوڵاتیان و کەسوکاری و قوتابیان و فەرمانبەران بەشداربن و بەدژ ستەمکاری ئەم دەسەڵاتە فاشیلەدا بچنەوە .

ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی

18 ی ئۆکتۆبەری 2020



AM:09:16:19/10/2020