ئەندامێکی پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت" چەندین دۆسیەیەكیان لەبارەی قاچاخی دەرمان ڕەوانەی داواكاری گشتی كردوە بەمەبەستی بەدواداچون، بەڵام كارەسات ئەوەیە كە وەزارەتی تەندروستی بەفەرمی دەرمانەكان لە بازرگانە قاچاخچییەكانی دەكڕێتەوە".
کاروان گەزنەیی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەلاپەڕەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردەوە" هەموو جۆرە دزی و تاڵانییەک لەم وڵاتە سەری هەڵداوە، بە ڵام قاچاخی و دزین و تاڵانی لە دەرمان و خۆراک، دەبێت هێڵی سوور بێت. ئەمانەی ئەو کارانە دەکەن زۆرینەیان بەرپرسی زۆر باڵا و بازرگانی گەورەی هاوبەش لەگەڵ هەندێک بەرپرس دەیکەن".
ئاماژەی بەوەشکردوە" بەشێک لە دەرمانەکان بە شێوەی نایاسایی دێنە هەرێمی کوردستان، لەوە کارەساتتر ئەوەیە کە وەزارەت بەفەرمی لە بازرگانە قاچاخچییەکانی دەکڕێتەوە. لە هەمووشیان هەستیارتر دەرمانە دەگمەنەکانی شێرپەنجە، و بەنجن، کە بەردەوام بەکار دەهێندرێن، شێوازی هەڵگرتن وگواستنەوەی ئەودەرمانانە، بۆ نمونە دەرزی بایۆلۆجی تەنها بە ڕاوەشاندنی زۆر دەرمانەکە خراپ دەبێت و سودەکەی نامێنێت، زۆری دەرمانەکان کە بە شێوازی دەرزی هەن دەبێت لە پلەی گەرمی (2-8 )ی سیلیزی هەڵبگیرێن تەنانەت لەکاتی گواستنەوەشدا دەبێت بە بەڕاد بیگوازنەوە".
ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستوەتەڕوو: بێگومان دەرمانی قاچاغیش نە بەبەڕاد دێت وە گواستنەوەی زۆریشیان بەڕێگای لاوەکی و ڕێگای خۆڵ دەبێت و هەندێکیان لەسەر گزۆزی ئۆتۆمۆبێل دادەندرێن، کە لەوکاتەدا ئەگەر دەرمانەکەش تەزویر نەبێت دەبێتە هۆی خراپ بوونی و دواتر نەخۆش سودی لێ نابینێت و دەبێتە هۆی بەهەدەردانی پارە وە هەروەها ژیانی نەخۆشەکەش دەکەوێتە مەترسیەوە لەبەر ئەوەی ئەگەر دەرمانەکە ئیشی نەکرد شێرپەنجەکە زیاتر تەشەنە دەسێنێت و بڵاو دەبێتەوە بۆ بەشەکانی تری لەشی نەخۆشەکە.
وتیشی" سەرباری دەرمانی شێرپەنجە، بەشێک لە دەرمانی بەنج و نیو بەنج بە شێوەی قاچاخ داخڵ دەکرێن و بە ماتۆڕ سکیل دەفرۆشرێن و تەنانەت وەسڵی کڕینیشیان لەگەڵ نیە و ناچنە کوالێتی کۆنتڕۆڵ، لە کاتێکدا ڕۆژانە لە زۆربەی زۆری نەخۆشخانەکانی هەرێم لە حکومی و تایبەت بە کاردەهێندرێن".
کاروان گەزنەیی ناوی بەشێک لەو دەرمانانەی بڵاوکردوەتەوە کە بەقاچاخ دێنە هەرێم:
Propofol ampul
Adrenalin ampul
Lidocaine bottl im
Lidocaine ampul iv
Cordaron ampul
Ezmeron vial
Atracrume ampul
Heparen vial
Marcine ampul
Metoprolol ampul
Anjesed ampul