ڕێـكخـراوی توێژینەوەو گـەشـەپێـدان: لە دوو ساڵی پەرلەماندا پارتی ٢ یەکێتی ٥ گۆڕان ٢ نەوەی نوێ هیچ، کۆمەڵ ٢ یەکگرتوو ١ بەڵێنیان جێبەجێکردووە

رێکخراوی توێژینەوەی گەشەپێدان هەڵسەنگاندن بۆ کارەکانی پەرلەمان دەکات و دەڵێت لە دوو ساڵی تەمەنی ئەم پەرلەمانەدا، پارتی تەنیا (2) بەڵێنی جێبەجێكردووە. یەكێتی تەنیا (5) بەڵێنی جێبەجێكردووە. گۆڕان تەنیا (2) بەڵێنی جێبەجێكردووە. نەوەی نوێ‌ هیچ بەڵێنێكیان جێبەجێ‌ نەكردووە. كۆمەڵی ئیسلامی تەنیا (2) بەڵێنی جێبەجێكردووە. یەكگرتووی ئیسلامی تەنیا (1) بەڵێنی جێبەجێكردووە".


ڕێـكخـراوی توێژینەوەو گـەشـەپێـدان لە راپۆرتی هەڵسانگاندنی دوو ساڵی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان (1/10/2018 ــ 30/9/2020). رایدەگەیەنن" لەماوەی دوو ساڵی تەمەنیدا، پەرلەمانی كوردستان (48) دانیشتنی كردووەو، بەتەواو بوونی دوو ساڵ لەتەمەنی خوولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، تەنیا (9) یاسا پەسند كراوە. (2) یاسا لەساڵی یەكەم، (7) یاسا لەساڵی دووەم. ".

 
هەروەها هاتووە " لەكۆی (9) یاسای پەسندكراودا، سەرۆكی هەرێم (2) یاسای گێڕاوەتەوە بۆ پەرلەمان تاوەكو هەموار بكرێنەوە. لەماوەی دوو ساڵدا پەرلەمانی كوردستان (22) بڕیاری دەركردووە، ساڵی یەكەم (11) بڕیاری دەركردووەو ساڵی دووەمیش (11) بڕیار. (17) بڕیار بۆ ڕێكخستنی كاروباری خۆی و دانانی لێژنەكان و متمانەدان بەئەندامی تازە لەجێگای ئەوانەی دەستیان لەكاركێشاوەتەوەو، هەڵبژاردنی سەرۆكی تازەی پەرلەمان لەجێگای سەرۆكی پێشوو، درێژكردنەوەی خوول، هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم، ناوزەدكردنی سەرۆكی".


 سەبارەت بە بەڵێنی لیستەكان لەماوەی ئەم دوو ساڵەدا، بەم شێوەیە بوو: پارتی تەنیا (2) بەڵێنی جێبەجێكردووە. یەكێتی تەنیا (5) بەڵێنی جێبەجێكردووە. گۆڕان تەنیا (2) بەڵێنی جێبەجێكردووە. نەوەی نوێ‌ هیچ بەڵێنێكیان جێبەجێ‌ نەكردووە. كۆمەڵی ئیسلامی تەنیا (2) بەڵێنی جێبەجێكردووە. یەكگرتووی ئیسلامی تەنیا (1) بەڵێنی جێبەجێكردووە.


دەقی راپۆرتەکە..

 
ڕێـكخـراوی توێژینەوەو گـەشـەپێـدان (RDO)
منـڤمـە الدراسات والتـنـمیـە
 Research and Development Organizaiton


چـاودێـریـكردنـی بـەڵێنـەكـانـی پـەرلـەمـانـی كـوردسـتـان


ڕاپۆرتی ساڵی دووەم
 (1/10/2019 ــ 30/9/2020)

هەولێر


پێشەكی...

 لەڕۆژی (30/9/2018) هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان چوونە سەر سندوقەكانی دەنگدان، بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی خوولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان. دوای پەسندكردنی ئەنجامەكان لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی لەهەرێمی كوردستان، لەڕۆژی (6/11/2018) دا، یەكەم دانیشتنی خوولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچوو. ئێمە ڕاپۆرتی یەكەممان تایبەت بوو بەچاودێریكردنی (1) ساڵ لەتەمەنی پەرلەمانی كوردستاندا، ڕاپۆرتی دووەمیشمان  تایبەتە بەچاودێریكردنی ساڵی دووەمی پەرلەمانی كوردستان.
لەڕاپۆرتی ساڵی دووەمدا، لەپاڵ چاودێری دانیشتنەكانی پەرلەمان، چاودێری ڕێژەی جێبەجێكردنی بەڵێنی هەڵبژاردنی شەش لیستی پەرلەمانمان كردووە كە بریتین لە (پارتی دیموكراتی كوردستان (45) كورسی، یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان (21) كورسی، بزووتنەوەی گۆڕان (12) كورسی، جووڵانەوەی نەوەی نوێ‌ (8) كورسی، كۆمەڵی ئیسلامیی لەكوردستان (7) كورسی، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان (5) كورسی). 


دانشیتنەكانی پەرلەمانی كوردستان

 
- دانیشتنی ژمارە (4) ی خوولی پاییزەی پەرلەمانی كوردستان لەڕۆژی (15\10\2019) تایبەت بوو بەخستنە ڕووی دیدو ڕوانگەی فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان لەسەر بارودۆخی ڕۆژئاوای كوردستان.
- دانیشتنی ژمارە(5) ی خوولی پاییزە لەڕۆژی (23\10\2019) بەڕێوەچوو. بەرنامەی كاری دانیشتنەكە لەدوو خاڵ پێكهاتبون: خاڵی یەكەم تایبەت بوو بەخوێندنەوەی یەكەم بۆ پێنچ پێشنیازە یاساو، یەك پێشنیازە بڕیار. خاڵی دووەمیش تایبەت بوو بەخوێندنەوەی دووەمی پێشنیازە یاسای (بەخاوەنكردنی ئەو زەوییانەی كە زێدەڕۆییان لەسەر كراوە لەسنووری شارەوانییەكانی هەرێمی كوردستان ــ عێراق).
- دانیشتنی ژمارە (6) ی خوولی پاییزە لەڕۆژی (30\10\2019) بەڕێوەچوو. بەرنامەی كاری دانیشتنەكە بریتی بوو لەدوو خاڵ، خاڵی یەكەم بریتی بوو لەخوێندنەوەی یەكەم بۆ دوو پێشنیازی یاسایی بەم شێوەیەی خوارەوە: یەكەم، پێشنیازی یاسای (ماف و ئەركی نەخۆش لەهەرێمی كوردستان ــ عێراقدا). دووەم، پێشنیازی یاسای (ڕیكلامی بازرگانی لەهەرێمی كوردستان ــ عێراقدا). خاڵی دووەم و كۆتایی ئەم دانیشتنەی پەرلەمان، بریتی بوو لەدەنگدان لەسەر پێشنیازی یاسای (بەخاوەنكردنی ئەو زەوییانەی كە زێدەڕۆییان لەسەر كراوە لەسنوری شارەوانییەكانی هەرێمی كوردستان ــ عێراق) دا. دوای دەنگدان، یاساكە بەزۆرینەی دەنگ پەسەند كرا.
- دانیشتنی ژمارە (7) ی خوولی پاییزە لەڕۆژی (13\11\2019) بەڕێوەچوو. بەرنامەی كاری دانیشتنەكە پێكهاتبوو لەدوو خاڵ، خاڵی یەكەم بریتی بوو لەخوێندنەوەی یەكەم بۆ ئەو پێشنیازە یاساییانەی خوارەوە: یەكەم، (پێشنیازی یاسای بەرهەمە خۆماڵییەكان لەهەرێمی كوردستان ــ عێراق). دووەم، پێشنیازی یاسای بەرەنگاربوونەوەی بەقاچاغبردنی نەوت و لێدەرهێنراوەكان لەهەرێمی كوردستان ــ عێراق). سێیەم، پێشنیازی یاسای بیمەی كشتوكاڵی لەهەرێمی كوردستان ــ عێراق). چوارەم، پێشنیازە بڕیاری دامەزراندنی فەرمانبەرانی گرێبەست لەهەرێمی كوردستان). خاڵی دووەمیش بریتی بوو لەدانان و ئاڵوگۆڕكردنی ژمارەیەك پەرلەمانتار لەلێژنە هەمیشەییەكانی پەرلەمان و، پێكهێنانی (4) لیژنەی هەمیشەیی پەرلەمان. خاڵی سێیەم و كۆتاییش، بریتی بوو لەخستنەڕووی بیرۆكەی هەندێك لەپەرلەمانتاران.
- دانیشتنی ژمارە(8) ی خوولی پاییزە لەڕۆژی (4\12\2019) بەڕێوەچوو. لەم دانیشتنەدا بەرنامەی كار لەچوار خاڵی سەرەكی پێكهاتبوو: خاڵی یەكەم بریتی بوو لەخستنەڕوو و دەنگدان لەسەر پێداچوونەوەی چەند ماددەو بڕگەیەك لەیاسای ژمارە(3) ی ساڵی (2019)  كە یاسای (بەخاوەنكردنی ئەو زەوییانەی لەسنووری شارەوانییەكان زێدەڕۆییان لەسەركراوە لەهەرێمی كوردستان ــ عێراق) بوو، بەبڕیاری ژمارە(4) ی ساڵی (2019) سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و، لەسەر داوای وەزارەتی گەشتوگوزار گەڕێندرابۆوە بۆ پەرلەمان. خاڵی دووەم، بریتی بوو لەخوێندنەوەی یەكەمی پڕۆژە یاسای مادە هۆشبەرەكان و كارتێكەرە عەقڵییەكان لەهەرێمی كوردستان ــ عێراق كە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بۆ ەرلەمان نێردرابوو. خاڵی سێیەم، بریتی بوو لەخستنەڕووی بیرۆكەی پەرلەمانتارێك لەبارەی بەرز ڕاگرتنی ڕۆژی جیهانی قوربانیانی جینۆساید. خاڵی چوارەم، بریتی بوو لەخوێندنەوەی دووەم بۆ پێشنیازی یاسای (ڕیكلامی بازرگانی لەهەرێمی كوردستان ــ عێراق). 


- دانیشتنی ژمارە (9) ی ئاسایی خوولی پاییزە لەڕۆژی (10\12\2019) بەئامادەبوونی وەزیری ڕۆشنبیری و وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان بەڕێوەچوو. بەرنامەی كاری دانیشتنەكە بریتی بوو لە (3) خاڵ، بەم شێوەیەی خوارەوە: خاڵی یەكەم، بریتی بوو لەخوێندنەوەی دووەمی پێشنیازە یاسای (ڕیكلامی بازرگانی لەهەرێمی كوردستان ــ عێراق). خاڵی دووەم، بریتی بوو لەخوێندنەوەی یەكەم بۆ پێشنیازە بڕیاری (ڕۆژانی بۆنە فەرمییەكانی نەتەوەی توركمان). خاڵی سێیەم، بریتی بوو لەقسەكردن و تاوتوێكردنی پرسی كێشەی كارەبای نیشتیمانی و سووتەمەنی لەوەرزی زستاندا.
- دانیشتنی ژمارە (10) ی خوولی پاییزە لەڕۆژی (16\12\2019) بەئامادەبوونی وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان بەڕێوەچوو. كارنامەی دانیشتنەكە بریتی بوو لە (3) خاڵ: خاڵی یەكەم، بریتی بوو لەخوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژە یاسای (چاكسازی لەخانەنشینی و مووچەو دەرماڵەو بەخشین و ئیمتیازەكانیتر). خاڵی دووم، بریتی بوو لەدەنگدان بۆ پڕۆژە یاسای (ڕیكلامی بازرگانی لەهەرێمی كوردستان ــ عێراق) و، بەزۆرینەی دەنگی ئەندامانی پەرلەمان پەسەند كرا. خاڵی سێیەم، بریتی بوو لەخوێندنەوەی دووەمی پڕۆژە یاسای (ماددە هۆشبەرەكان و كارتێكەرە عەقڵییەكان لەهەرێمی كوردستان ــ عێراق).
- دانیشتنی ژمارە (11) ی خوولی پاییزە لەڕۆژی (18\12\2019) بەڕێوەچوو. ئەم دانیشتنە تایبەت بوو بەخوێندنەوەی دووەمی پڕۆژە یاسای (ماددە هۆشبەرەكان و كارتێكەرە عەقڵییەكان لەهەرێمی كوردستان ــ عێراق).
- دانیشتنی ژمارە (12) ی خوولی پاییزە لەڕٍۆژی (24\12\2019) بەڕێوەچوو. بەرنامەی كاری دانیشتنەكە لەچوار خاڵ پێكهاتبوو. خاڵی یەكەم، بریتی بوو لەخوێندنەوەی دووەمی پێشنیازە بڕیاری (ڕۆژانی بۆنە فەرمییەكانی نەتەوەی توركمان). خاڵی دووەم، بریتی بوو لەدرێژ كردنەوەی خوولی پاییزەی ساڵی یەكەم لەخوولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان. خاڵی سێیەم، بریتی بوو لەدەست لەكاركێشانەوەو گۆڕینی دوو ئەندام پەرلەمان لەلێژنەكاندا. خاڵی چوارەم، بریتی بوو لەخستنەڕووی بیرۆكەی ئەندامێكی پەرلەمان سەبارەت بەسیاسەتی بەگەڕخستنی داهاتەكان لەهەرێمی كوردستاندا.
- دانیشتنی ژمارە (13) ی خوولی پاییزە لەساڵی دووەم لەڕۆژی (12\1\2020) بەرێوەچوو. بەرنامەی كار تایبەت بوو بە: یەكەم، دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاسای (مادە هۆشبەرەكان و كارتێكەرە عەقڵییەكان) لەهەرێمی كوردستان و، بەزۆرینەی دەنگ پەسند كرا. دووەم، تایبەت بوو بەدەنگدان بەپێشنیازە بڕیاری (ڕۆژانی بۆنە فەرمییەكانی نەتەوەی توركمان)، ئەم یاسایەش بەزۆرینەی دەنگ پەسند كرا. سێیەم، خوێندنەوەی دووەمی پڕۆژە یاسای (چاكسازی لەخانەنشینی مووچەو دەرماڵەو بەخشینی ئیمتیازەكانیتر). لەم دانیشتنەدا وەزیری دارایی، وەزیری ناوەخۆ، وەزیری پێشمەرگە، وەزیری شەهیدان، وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان، سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران ئامادە بوون.
- دانیشتنی ژمارە (14) ی خوولی پاییزە لەساڵی دووەم لەڕۆژی (13\1\2020) بەرێوەچوو. بەرنامەی كاری دانیشتنەكە تایبەت بوو بە بەردەوام بوون لەسەر خوێندنەوەی دووەمی پڕۆژە یاسای (چاكسازی لەخانەنشینی مووچەو دەرماڵەو بەخشینی ئیمتیازەكانیتر). 
- دانیشتنی ژماری (15) ی خوولی پاییزە لەساڵی دووەم لەڕۆژی (16\1\2020) بەرێوەچوو. بەرنامەی كاری دانیشتنەكە تایبەت بوو بەدەنگدان بەپڕۆژە یاسای (چاكسازی لەخانەنشینی مووچەو دەرماڵەو بەخشینی ئیمتیازەكانیتر)، بەكۆی دەنگ پەسند كرا.
- دانیشتنی ژمارە (16) ی خوولی پاییزە لەساڵی دووەم لەڕۆژی (23\1\2020) بەڕێوەچوو. بەرنامەی كاری دانیشتنەكە بەم شێوەیە بوو: یەكەم، ئامادەبوونی شاندی دانوستاندكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان بەمەبەستی خستنەڕووی ئەنجامی كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ لەبارەی كێشەی بودجەی ساڵی (2020) و كێشەی هەناردەكردنی نەوت و شایستە داراییەكانی هەرێم لەلای بەغدا. دووەم، خستنەڕووی بیرۆكەی پەرلەمانتار (گەلاوێژ عوبید عوسمان) پەیوەست بەدامەزراندنی (سەنتەری ڕاوێژكاریی بۆماوەیی نیشتیمانی)، بەهۆی زۆر بوونی رێژەی منداڵی ناكام و نەخۆشییە بۆ ماوەییەكان.
- دانیشتنی ژمارە (17) ی خوولی پاییزە لەساڵی دووەم لەڕۆژی (30\1\2020) بەڕێوەچوو. بەرنامەی كاری دانیشتنەكە بریتی بوو لەخستنەڕوو و گفتوگۆكردن لەبارەی كێشەی شایستە داراییەكانی جوتیارانی هەرێمی كوردستان لەلای حكومەتی عێراق. هەروەها ڕاگەیاندنی كۆتایی هاتنی خوولی پاییزە لەخوولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان. 
- دانیشتنی ژمارە (1) خوولی بەهارەی ساڵی دووەم لەڕۆژی (1/3/2020) بوو، دوای ڕێكارە پرۆتۆكۆلییەكان، (د. ڕێواز فایق) سەرۆكی پەرلەمان، وتاری دەست پێكردنەوەی خوولی كۆبوونەوەكانی بەهارەی پەرلەمانی خوێندەوە، بڕگەیەكی تری بەرنامەی كاریش بریتی بوو لەخوێندنەوەی دووەمی پێشنیازە یاسای (بەرەنگاربوونەوەی بەقاچاغ بردنی نەوت و لێ‌ دەرهێنراوەكانی لەهەرێمی كوردستان ــ عێراق). 
- دانیشتنی ژمارە (2) ی خوولی بەهارەی ساڵی دووەم لەڕۆژی (4/3/2020) بەڕێوە چوو، لەم كۆبوونەوەیەدا دەنگ لەسەر یاسای (بەرەنگاربوونەوەی بەقاچاغ بردنی نەوت و لێ‌ دەرهێنراوەكانی لەهەرێمی كوردستان ــ عێراق) دراو بەزۆرینەی دەنگ پەسند كرا.
- دانیشتنی ژمارە (3) ی خوولی بەهارەی ساڵی دووەم لەڕۆژی (6/5/2020) بەڕێوە چوو، بەرنامەی كار بریتی بوو لەگفتوگۆكردن لەبارەی پلانی وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و وەزارەتی پەروەردە سەبارەت بەمامەڵەكردن لەگەڵ لێكەوتەكانی پەتای (كۆڕۆنا) لەسەر خوێندنی ساڵی (2019 ــ 2020). 
- دانیشتنی ژمارە (4) ی خوولی بەهارەی ساڵی دووەم لەڕۆژی (7/5/2020) بەبێ‌ ئامادەبوونی (د. ڕێواز فایق) سەرۆكی پەرلەمان بەڕێوە چوو، وەكو ناڕەزایەتییەك بەرانبەر بە بەرنامەی كاری پەرلەمان كە بریتی بوو لەهەوڵی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتاران، هەروەها فراكسیۆنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان و یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی و حزبی شیوعی و هەندێك پەرلەمانتاری تر، دانیشتنەكە بایكۆت كرا، بۆیە ئەم كۆبوونەوەیە لەلایەن (هێمن هەورامی) جێگری سەرۆكی پەرلەمانەوە بەڕێوە چوو. ئەو پەرلەمانتارانەی نوایان خرابووە ڕوو بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی بریتی بوون لە: (1) ئومێد عەبدولڕەحمان خۆشناو، لەسەر داوای سەرۆكایەتی (دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی كەركوك/ گەرمیان/ دادگای لێكۆڵینەوەی كەلار). (2) عەلی حەمە ساڵح لەسەر داوای سەرۆكایەتی (دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی/ دادگای لێكۆڵینەوەی سلێمانی)، هەروەها لەسەر داوای نووسراوی سەرۆكایەتی (دادگای لێكۆڵینەوەی هەولێر). (3) شیرین ئەمین، لەسەر داوای سەرۆكایەتی (دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی/ دادگای لێكۆڵینەوەی سلێمانی). (4) سۆران عومەر، لەسەر داوای سەرۆكایەتی (دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی/ دادگای لێكۆڵینەوەی سلێمانی)، هەروەها لەسەر داوای سەرۆكایەتی (دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی هەولێر/ دادگای لێكۆڵینەوەی هەولێر). دوای ئەوەی لەلایەن پەرلەمانتارانەوە دەنگ لەسەر هەڵگرتنی پارێزبەندی پەرلەمانی لەسەر ئومێد خۆشناوو عەلی حەمە ساڵح و شیرین ئەمین نەدرا، بەدەنگی (57) پەرلەمانتار، پارێزبەندی پەرلەمانی لەسەر سۆران عومەر هەڵگیرا. 
- دانیشتنی ژمارە (5) ی خوولی بەهارەی ساڵی دووەم لەڕۆژی (29/6/2020) بەڕێوە چوو. لەم دانیشتنەدا بەزۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران بڕیاردرا بەدرێژكردنەوەی كۆبوونەوەكانی خوولی بەهارەی پەرلەمان بۆ ماوەی یەك مانگ لە (1/7/2020 ــ 1/8/2020). 
- دانیشتنی ژمارە (6) ی خوولی بەهارەی ساڵی دووەم لەڕۆژی (29/6/2020) بەئامادەبوونی چەند وەزیرێك بەڕێوە چوو. لەم دانیشتنەدا چەند پێشنیازە یاسایەك خوێندنەوەی یەكەمیان بۆ كرا وەكو (لەئەستۆكردنی فەرمانبەران لەهەرێمی كوردستان)، بەڕێوەبردن و پاراستنی شوێنەوارو كەلەپوور لەهەرێمی كوردستان ــ عێراق)، (ڕێكخستنی میدیای ئەلیكترۆنی لەهەرێمی كوردستان ــ عێراق). هەروەها ڕاپۆرتی چەند لێژنەیەكیش خوێندرایەوە. یەكێك لەبڕگەكانی بەرنامەی كاریش بریتی بوو لەدەست لەكاركێشانەوەی پەرلەمانتار سۆران عومەر لەپەرلەمانی كوردستان، لەكۆی (89) ئەندامی ئامادەبوو، بە (55) دەنگ دەست لەكاركێشانەوەكەی پەسند كرا. 
- دانیشتنی ژمارە (7) ی خوولی بەهارەی ساڵی دووەم لەڕۆژی (28/7/2020) بەئامادەبوونی چەند وەزیرێك لەبارەی ڕاپۆرتی لێژنەكانی پەرلەمان بەڕێوە چوو. 
- دانیشتنی ژمارە (1) ی كردنەوەی خوولی پاییزەی ساڵی دووەم لەڕۆژی (2/9/2020) بەڕێوە چوو. دوای جێبەجێكردنی ڕێكارە پرۆتۆكۆلییەكان، بەرنامەی كار دەستی پێكردو بریتی بوو لەخوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژە یاسای (فرۆشتن و بەكرێدانی مایەكانی دەوڵەت لەهەرێمی كوردستان ــ عێراق). 
- دانیشتنی ژمارە (2) ی كردنەوەی خوولی پاییزەی ساڵی دووەم لەڕۆژی (3/9/2020) بەڕێوە چوو. دوای ڕێكارە پرۆتۆكۆلییەكان، گفتوگۆكردن لەسەر پێشنیازە یاسای (ماف و ئەركی نەخۆش لەهەرێمی كوردستان ــ عێراق) بەردەوام بوو.
- دانیشتنی ژمارە (3) ی خوولی پاییزەی ساڵی دووەم لەڕۆژی (3/9/2020) بەڕێوە چوو. لەم دانیشتنەدا ئەندامێكی تازە لەسەر لیستی كۆمەڵی ئیسلامی بەناوی عومەر عەبدولله لەجێگای سۆران عومەر كاندید كرابوو، دوای ئەوەی ئەندامێتی پەسند كرا، سوێندی یاسایی خوارد. لەم دانیشتنەشدا گفتوگۆ لەبارەی پێشنیازە یاسای (ماف و ئەركی نەخۆش لەهەرێمی كوردستان ــ عێراق) بەردەوام بوو، دواتر دەنگی لەسەر درا. بەشێكی تری بەرنامەی كار، بریتی بوو لەگفتوگۆ لەبارەی هەمواركردنەوەی یاسای ژمارە (1) ی ساڵی (2020) ی تایبەت بە (بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەرو كارتێكەرە عەقڵییەكان لەهەرێمی كوردستان ــ عێراق) كرا، چونكە ئەم یاسایە بەبڕیاری ژمارە (4) لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە گێڕدرابۆوە بۆ پەرلەمانی كوردستان. دوای گفتوگۆ، هەمواركردنەكە پەسند كرا. 
- دانیشتنی ژمارە (4) ی خوولی پاییزەی ساڵی دووەم لەڕۆژی (9/9/2020) بەڕێوە چوو. لەم دانیشتنەدا خوێندنەوەی دووەم بۆ پێشنیازە یاسای (لەئەستۆكردنی فەرمانبەران لەهەرێمی كوردستان) كرا. لەم دانیشتنەدا پەرلەمانتار د. كازم فاروق سەرۆك فراكسیۆنی نەوەی نوێ‌ لەڕێگای خاڵی نیزامەوە پەرلەمانی ئاگاداركردەوە كە لەلایەن دوو پەرلەمانتارەوە هەڕەشەی كوشتنی لێكراوە. سەرۆكایەتی پەرلەمان بڕیاریدا لێژنەیەك لەحەوت پەرلەمانتار لەفراكسیۆنە جیاوازەكان دروست بكات بۆ لێكۆڵینەوە لەم تۆمەتە. ئەندامەكان بریتی بوون لە: ئیسماعیل عەلی تەها سەرۆكی لێژنەی لێكۆڵینەوە، بژار كۆچەر، لوقمان محەممەد، ڕۆمیۆ هەكاری، ڕزگار محەممەد، ڕووپاك ئەحمەد، هیمداد سەباح وەكو ئەندامانی لێژنە. ئەم پێشنیارە بەدەنگی (79) پەرلەمانتار پەسند كراو لێژنەی لێكۆڵینەوە پێكهات. 
- دانیشتنی ژمارە (5) ی خوولی پاییزەی ساڵی دووەم لەڕۆژی (15/9/2020) بەڕێوە چوو. لەم دانیشتنەدا دەنگ لەسەر پێشنیازە یاسای (ماف و ئەركی نەخۆش لەهەرێمی كوردستان ــ عێراق) دراو یاساكە بە (70) دەنگ پەسند كرا. هەر لەم دانیشتنەدا پەرلەمان درێژەی بەگفتوگۆدا لەبارەی پڕۆژە یاسای (لەئەستۆكردنی فەرمانبەران لەهەرێمی كوردستان ــ عێراق).
- دانیشتنی ژمارە (6) ی خوولی پاییزەی ساڵی دووەم لەڕۆژی (16/9/2020) بەڕێوە چوو. ئەم دانیشتنە كە داخراو بوو، تایبەت بوو بەخوێندنەوەو گفتوگۆكردن لەبارەی ڕاپۆرتی لێژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكیكردن لەمافی مرۆڤ لەبارەی ڕەوشی چاكسازییەكانی گەوران و ژنان و منداڵان لەهەرێمی كوردستان. 
- دانیشتنی ژمارە (7) ی خوولی پاییزەی ساڵی دووەم لەڕۆژی (29/9/2020) بەڕێوە چوو. لەم دانیشتنەدا پەرلەمان بە (71) دەنگ، پڕۆژە یاسای (لەئەستۆكردنی فەرمانبەران لەهەرێمی كوردستان ــ عێراق) پەسند كرد.     


خوێندنەوەیەك بۆ كارەكانی پەرلەمانی كوردستان لەساڵی دووەمیدا.
1) پەسندكردنی یاسای ژمارە (3) ی ساڵی (2019) تایبەت بە (بەخاوەنكردنی ئەو زەوییانەی كە زێدەڕۆییان لەسەر كراوە لەسنووری شارەوانییەكانی هەرێمی كوردستان ــ عێراق).
2) پەسندكردنی یاسای ژمارە (4) ی ساڵی (2019) تایبەت بە (ڕیكلامی بازرگانی لەهەرێمی كوردستان ــ عێراق).
3) پەسندكردنی یاسای ژمارە (1) ی ساڵی (2020) تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرو كارتێكەرە عەقڵییەكان لەهەرێمی كوردستان ــ عێراق. ئەم یاسایە لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستان گێڕدرایەوە بۆ پەرلەمان و هەمواركرایەوە.
4) پەسندكردنی یاسای ژمارە (2) ی ساڵی (2020) تایبەت بەچاكسازی لەمووچەو دەرماڵەو بەخشین و ئیمتیازەكان و خانەنشینی لەهەرێمی كوردستان ــ عێراق. 
5) پەسندكردنی یاسای ژمارە (3) تایبەت بەڕێگریكردن لەبەقاچاغ بردنی نەوت و گاز و لێدەرهێنراوەكانی لەهەرێمی كوردستان ــ عێراق.
6) پەسندكردنی یاسای ماف و ئەركی نەخۆش لەهەرێمی كوردستان ــ عێراق.
7) پەسندكردنی یاسای لەئەستۆكردنی فەرمانبەران لەهەرێمی كوردستان ــ عێراق.
 


ئەو بڕیارانەی لەماوەی ساڵی دووەم (1/10/2019 ــ 30/9/2020) دەرچوون.
1) بڕیاری ژمارە (12) ی ساڵی (2019) بۆ هەمواری یەكەمی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان كە لەدانیشتنی ڕۆژی (29/9/2019) دەنگی لەسەر دراوە.
2) بڕیاری ژمارە (15) ی ساڵی (2019) بۆ درێژكردنەوەی یەك مانگ لەخوولی پاییزەی پەرلەمان لە (31/12/2019) بۆ (31/1/2020). 
3) بڕیاری ژمارە (16) ی ساڵی (2019) قبووڵكردنی دەست لەكاركێشانەوەی دوو پەرلەمانتار لەلێژنەكانیان و گواستنەوەیان بۆ سەر لێژنەی تر. 
4) بڕیاری ژمارە (1) ی ساڵی (2020) لەبارەی بۆنە فەرمییەكانی پێكهاتەی توركمان لەهەرێمی كوردستان ــ عێراق.
5) بڕیاری ژمارە (2) ی ساڵی (2020) لەبارەی قبووڵكردنی دەست لەكاركێشانەوەی پەرلەمانتارێك بوو لەلێژنەكەی. 
6) بڕیاری ژمارە (3) ی ساڵی (2020) لەبارەی قبووڵكردنی دەست لەكاركێشانەوەی پەرلەمانتارێك بوو لەلێژنەكەی. 
7) بڕیاری ژمارە (4) ی ساڵی (2020) لەبارەی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتار سۆران عومەر.
8) بڕیاری ژمارە (5) ی ساڵی (2020) لەبارەی چۆنیەتی پێشكەشكردنی پێشنیازە یاساو بڕیار لەلایەن ئەندامانی پەرلەمانەوە.
9) بڕیاری ژمارە (6) ی ساڵی (2020) لەبارەی كۆتایی هێنان بەخوولی بەهارەی ساڵی دووەم لەخوولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.
10) بڕیاری ژمارە (7) ی ساڵی (2020) لەبارەی قبووڵكردنی دەست لەكاركێشانەوەی سۆران عومەر لەپەرلەمانی كوردستان.
11) بڕیاری ژمارە (8) ی ساڵی (2020) لەبارەی پێكهێنانی لێژنەیەك بۆ بەدواداچوون لەبارەی هەڕەشەكردن لەپەرلەمانتار د. كازم فاروق. 


پەرلەمانی كوردستان لەساڵی دووەمیدا (1/10/2019 ــ 30/9/2020).
1) لەماوەی نێوان (1/10/2019) هەتا وەكو (30/9/2020) كە دەكاتە ماوەی یەك ساڵی تەواو، پەرلەمانی كوردستان تەنیا (31) كۆبوونەوەی كردووە، (17) كۆبوونەوە لەوەرزی پاییزەی ساڵی یەكەم بووە، (7) كۆبوونەوە لەوەرزی بەهارەی ساڵی دووەم بووە، (7) كۆبوونەوە لەوەرزی پاییزی ساڵی دووەم بووە. 
2) لەماوەی یەك ساڵ و لە (31) كۆبوونەوەدا، پەرلەمانی كوردستان تەنیا (7) یاسای پەسندكردووە.
3) لەماوەی ساڵی دووەمیدا، پەرلەمانی كوردستان (11) بڕیاری دەركردووە. (1) بڕیاری بۆ هەمواركردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆ بووە. (1) بڕیار بۆ درێژكردنەوەی خوول بووە. (5) بڕیار بۆ ڕێكخستنی كاروباری ناوخۆی بووە. (1) بڕیاری لەبارەی دەستنیشانكردنی بۆنە فەرمییەكانی پێكهاتەی توركمان بووە لەهەرێمی كوردستان. (1) بڕیار بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی بوو لەسەر پەرلەمانتار سۆران عومەر. (1) بڕیار لەبارەی قبووڵكردنی دەست لەكاركێشانەوەی پەرلەمانتار سۆران عومەر بوو لەپەرلەمانی كوردستان. (1) بڕیاریش بۆ پێكهێنانی لێژنەیەك بۆ بەدواداچوون لەبارەی هەڕەشەكردن لەپەرلەمانتار د. كازم فاروق.
4) لەساڵی دووەمیدا، پەرلەمان (2) یاسای پەسندكردووە كە لەلایەن سەرۆكی هەرێم ڕەتكراونەتەوەو گەڕێنراونەتەوە پەرلەمانی كوردستان بۆ ئەوەی هەموار بكرێنەوە، یاساكان بریتی بوون لە: یاسای (بەخاوەنكردنی ئەو زەوییانەی كە زێدەڕۆییان لەسەر كراوە لەسنووری شارەوانییەكانی هەرێمی كوردستان) كە لەدانیشتنی ژمارە (6) ی خوولی پاییزە لەڕۆژی (30\10\2019) دەنگی لەسەر درابوو، لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەبڕیاری ژمارە(4) ی ساڵی (2019) گەڕێندرابۆوە بۆ پەرلەمانی كوردستان، بۆیە دوای هەمواركردنەوەی ئەو بڕگانەی سەرۆكی هەرێم داوایكردبوو، لەدانیشتنی ژمارە (8) ی خوولی پاییزە لەڕۆژی (4\12\2019) دەنگی لەسەردراو پەسندكرا. هەروەها یاسای ژمارە (1) ی ساڵی (2020) ی تایبەت بە (بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەرو كارتێكەرە عەقڵییەكان لەهەرێمی كوردستان ــ عێراق) كە لەدانیشتنی ژمارە (3) ی خوولی پاییزەی ساڵی دووەم لەڕۆژی (3/9/2020) لەلایەن پەرلەمانەوە پەسندكرا بوو، بەبڕیاری ژمارە (4) لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستان گێڕدرایەوە بۆ پەرلەمانی كوردستان و هەمواركرایەوە. 




هەڵسەنگاندنیك بۆ بەڵێنەكانی شەش لیستی ناو پەرلەمانی كوردستان
پڕۆژەی چاودێریكردنی جێبەجێكردنی بەڵێنی لیستەكانی پەرلەمان كوردستان، بۆ ساڵی یەكەم تەنیا چوار لیستی گەورەی ناو پەرلەمانی دەگرتەوە، كە بریتی بوون لەپارتی دیموكراتی كوردستان (45) كورسی، یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان (21) كورسی، بزووتنەوەی گۆڕان (12) كورسی، نەوەی نوێ‌ (8) كورسی ــ هەر چەندە كۆمەڵێك كێشەی ناوخۆییان هەیەو هەندێك لەئەندامانیان بانگەشەی جیابوونەوە لەم فراكسیۆنە دەكەن. لەساڵی دووەمدا، جگە لەم چوار  لیستە، ئێمە هەڵسەنگاندن بۆ هەر دوو لیستی ئیسلامی، كۆمەڵی ئیسلامی لەكوردستان (7) كورسی و، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان خاوەنی (5) كورسیش دەكەین. لێرە لەخوارەوە، ڕێژەو ڕادەی جێبەجێكردنی بەڵێنی لیستەكان لەماوەی ساڵی دووەمی پەرلەمان، دەخەینە ڕوو. دواتر كۆی گشتی ڕادەی جێەجێكردنی بەڵێنەكان لەماوەی هەر دوو ساڵی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان، بۆ ئەم شەش لیستە دەخەینە ڕوو.


یەكەم: لیستی ژمارە (183) ی پارتی دیموكراتی كوردستان.
بەرنامەی لیستی پارتی لە (10) بەش پێكهاتووەو لەكۆی گشتیدا بریتییە لە (60) بەڵێن، هەر بەشێك دابەش دەبێتە سەر چەندین تەوەرو سێكتەری جیاواز، بەجۆرێك بەرنامەكە ئەوەندە فراوانە، ئەوەندە بەڵێنی هەڵبژاردنی تێدایە، هەندێكیان جێبەجێكردنیان ئەستەمەو، هەندێكی تریشیان هیچ پێوەندی بەپەرلەمانی كوردستانەوە نییە.
بەشی یەكەمی بەرنامەی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان (10) بەڵێنی هەڵبژاردن لەخۆ دەگرێت. بەشی دووەم (11) بەڵێنی تێدایە، بەشی سێیەمیش (8) بەڵێن، بەشی چوارم (3) بەڵێن، بەشی پێنجەم (4) بەڵێن، بەشی شەشەم (5) بەڵێن، بەشی حەوتەم (5) بەڵێن، بەشی هەشتەم (6) بەڵێن، بەشی نۆییەم (4) بەڵێن و بەشی دەیەم (4) بەڵێن لەخۆ دەگرێت. كۆی بەڵێنەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ دەنگدەرانی، بریتییە لە (60) بەڵێنی هەڵبژاردن كە پێویست دەكات لەماوەی چوار ساڵی خوولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا جێبەجیێان بكات.
بەشێك لەم بەڵێنانە بەشێكن لەكاری حكومەت، وەكو دەزانین جیاوازی هەیە لەنێوان بەڵێنەكانی هەڵبژاردن كە لیستەكان بەدەنگدەری خۆیانی دەدەن، لەگەڵ بەرنامەی كاری حكومەت كە لەلایەن هاوپەیمانی حكومییەوە پێشكەش بەپەرلەمانی كوردستان كراوە. بۆ نموونە، بەشێك لەبەڵێنەكانی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان، بریتییە لەمانەی خوارەوە:
- "جێبەجێكردنی مادەی (140) ی دەستوورو پێداگیری لەسەر گەڕاندنەوەی هەموو ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و دیاریكردنی سنووری كوردستان و كۆتاییهێنان بەدواخستن و خۆدزینەوە لەجێبەجێكردنی".  
- "ڕێكخستنی نوێنەرایەتی و پەیوەندییەكان و گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی فیدرالی لەچوارچێوەی دەستووردا".
- "كاركردن بۆ چارەسەركردنی گرفتی ئاوارەكان بەگشتی و باشتركردنی باروگوزەرانیان. هاوكات هەوڵدان و هاوكاری لەگەڵ حكومەتی فیدرالی بۆ دابینكردنی سەقامگیریی لەناوچەكانیان بەمەبەستی گەڕانەوەیەكی شەرافەتمەندانەو سەربەرزانەو ژیانێكی ئاسوودە". 
ئەم سێ‌ خاڵە نموونەی زۆر بچووكن لەبارەی گشتگیری بەڵێنەكان و ئەستەمی جێبەجێكردنیان، چونكە پێوەندییان بەكاری پەرلەمانییەوە نییەو بەرپرسیارێتی حكومەتی عێراقی و حكومەتی هەرێمی كوردستانە، بۆیە ئەو بەڵێنانەی لیستی (183) ی پارتی بەدەنگدەرانی خۆیانیانداوە، بەشێكن لەكارنامەی حكومەت و پێوەندییان بەكاری پەرلەمانییەوە نییەو لەپەرلەمانیش جێبەجێ ناكرێن. جگە لەم تێبینییانە لەبارەی بەڵێنەكان، لەساڵی دووەمی كاری خۆیاندا، لیستی پارتی تەنیا دوو (2) بەڵێنیان جێبەجێكردووە كە بریتین لەمانەوەی خوارەوە:
1) (سیستەمی مووچەو خانەنیشینی و هەموو جۆرە ئیمتیازاتێكی ماددی لەسەر بنەمایەكی شەفاف دابڕێژرێنەوە كە عەدالەتی كۆمەڵایەتی بەدیبێنێ). ئەم بەڵێنە لەنێو یاسای چاكسازیدا جێبەجێكراوە.
2) (داكۆكیكردن لەمافە سیاسی و كارگێڕی و كولتوورییەكانی توركمان و كلدان سریان ئاشوورو ئەرمەن، هەروەها مافی كوردانی ئێزدی و فەیلی و، كاركردن بۆ دەستەبەركردنیان). بەشێك لەم بەڵێنە كە تایبەتە بەتوركمان، لەنێو بڕیاری دەستنیشانكردنی بۆنە فەرمییەكانی پێكهاتەی توركمان جێبەجێكراوە. 




دووەم: لیستی ژمارە (105) ی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان.
یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان (183) بەڵێنی بەدەنگدەرانی خۆیداوەو كارنامەكە لە (5) بەش پێكهاتووە، هەر بەشێك دابەش دەبێتە سەر چەندین مادەو سێكتەری جیاواز، بەرنامەكە ئەوەندە فراوانەو ئەوەندە بەڵێنی هەڵبژاردنی تێدایە، هەندێكیان جێبەجێكردنیان ئەستەمەو، هەندێكی تریشیان هیچ پێوەندی بەكاری پەرلەمانییەوە نییە.
بەڵێنەكانی یەكێتی لەپێشەكییەكی (9) خاڵی پێكدێت، ئینجا بەشی یەكەم (17) بەڵێن، بەشی دووەم (9) بەڵێن، بەشی سێیەم (33) بەڵێن، بەشی چوارەم (80) بەڵێن، بەشی پێنجەم (35) بەڵێن، لەخۆ دەگرێت. وەكو سەرجەم لیستەكانی تریش، بەشێك لەبەڵێنەكانی یەكێتی نیشتیمانی، جگە لەوەی بەڵێنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی نین، بەرنامەو كاری ڕۆژانەو ئاسایی حكومەتن، یا پرۆگرامی حكومەتن و دەبێت حكومەت جێبەجێیان بكات، یا تەنانەت بەحكومەتیش هەرێمی كوردستانیش جێبەجێ ناكرێن، نەوەكو پەرلەمان. بۆ نموونە:
ــ كاركردن بۆ دیاریكردنی سنووری باشووری كوردستان، بەجێبەجێكردنی مادەی (140) ی دەستووری عێراقی فیدرال.
ــ ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی لەعێراق و هەرێمی كوردستان.
ــ دەسپێكردنەوەی بڕیاری پێدانی سولفەی عەقار.
ئەم سێ‌ خاڵە، نموونەیەكی بچووكن لەبارەی گشتگیری بەڵێنەكان و ئەستەمی جێبەجێكردنیان، چونكە پێوەندییان بەكاری پەرلەمانییەوە نییەو بەرپرسیارێتی حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستانە. جگە لەم تێبینییانە لەبارەی بەڵێنەكان، دەبینین لیستی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەساڵی دووەمی كاری پەرلەماندا تەنیا (4) بەڵێنی جێبەجێكردووە، ئەمەش لەمیانەی پەسندكردنی دوو یاسادا، بەم شێوەیەی خوارەوە:
1) بەڵێنی ژمارە (4) لەنێو بەڵێنەكانی تایبەت بەكەرتی دارایی و بانكی كە جەخت لەوە دەكاتەوە (ڕێكخستن و یەكخستنەوەی مووچەو كەمكردنەوەی جیاوازی مووچەی نێوان پلە باڵاكان و فەرمانبەران). ئەم بەڵێنە لەنێو یاسای چاكسازیدا جێبەجێكراوە.
2) بەڵێنی ژمارە (5) لەنێو بەڵێنەكانی تایبەت بەكەرتی دارایی و بانكی كە جەخت لەوە دەكاتەوە (پشتیوانیكردن لەهەر پڕۆژەیەكی چاكسازی كە لەبەرژەوەندی گشتیدا بێت). ئەم بەڵێنەش لەنێو یاسای چاكسازیدا جێبەجێكراوە.
3) بەڵێنی ژمارە (3) لەنێو بەڵێنەكانی تایبەت بەكەرتی تەندروستی كە جەخت لەوە دەكاتەوە (كاركردن بۆ دەركردنی یاسای پاراستنی مافی نەخۆش). ئەم بەڵێنە لەنێو یاسای پاراستنی مافی نەخۆشدا جێبەجێكراوە. 
4) بەڵێنی ژمارە (1) لەنێو بەڵێنەكانی تایبەت بەخانەنشینان كە جەخت دەكاتەوە لەسەر (هەمواركردنەوەی یاسای خزمەت و خانەنشینی پلە تایبەتەكان و ئەنجوومەنە هەڵبژێردراوەكان، بۆ كەمكردنەوەی جیاوازی مووچەی نێوانیان لەگەڵ فەرمانبەران). ئەم بەڵێنە لەنێو یاسای چاكسازیدا جێبەجێكراوە.




سێیەم: لیستی ژمارە (148) ی بزووتنەوەی گۆڕان.
بەرنامەی لیستی بزوتنەوەی گۆڕان لە (4) تەوەر پێكهاتووەو لەكۆی گشتیدا (228) بەڵێن لەخۆ دەگرێت، هەر تەوەرێك دابەش دەبێتە سەر كۆمەڵێك بەش و سێكتەری جیاواز، بەجۆرێك بەرنامەكە ئەوەندە فراوانە، ئەوەندە بەڵێنی هەڵبژاردنی تێدایە، هەندێكیان جێبەجێكردنیان ئەستەمەو، هەندێكی تریشیان هیچ پێوەندی بەكاری پەرلەمانی كوردستانەوە نییە. لەتەوەری یەكەمدا (33) بەڵێنی هەڵبژاردنی بەدەنگدەرانی خۆیداوەو، لەتەوەری دووەمیشدا (72) بەڵێن هەیەو، لەتەوەری سێیەمیشدا (56) بەڵێن دراوەو لەتەوەری چوارەمیشدا (67) بەڵێنی هەڵبژاردن لەخۆ دەگرێت. بەم شێوەیە كۆی گشتی بەڵێنەكانی لیستی (148) ی بزوتنەوەی گۆڕان، دەگاتە (228) بەڵێن، بەزۆرترین بەڵێنی هەڵبژاردنی نێو چوار لیستە سەرەكییەكەی پەرلەمان دادەنرێت.
بەڵێنەكانی هەڵبژاردنی لیستی بزوتنەوەی گۆڕانیش هەر وەكو بەڵێنەكانی لیستی پارتی و یەكێتی، بەشێكی زۆری ئەم بەڵێنانە، یا پێوەندییان بەپەرلەمانی كوردستانەوە نییە، بەو مانایەی بەڵێن نین بۆ دانانی یاسایەكی پەرلەمانی، یا دەركردنی بڕیارێكی پەرلەمانی، بەڵكو بەشێكن لەكاری حكومەت. بۆ نموونە، بەشێك لەبەڵێنەكانی لیستی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان، بریتییە لەمانەی خوارەوە:
- "پێداگیری لەسەر چارەسەركردنی كێشەی ناوچە دابڕاوەكان بەپێی ستراتیژییەكی نیشتیمانی و بەپشتبەستن بەدەستوورو بەڵگەنامەو ڕاستییە مێژوویی و جوگرافییەكان، بەتایبەت پرسی كەركوك و چارەسەركردنی بەگوێرەی مادەی (140) ی دەستووری عێراق".
- "دامەزراندنی دەستەیەك بۆ گێڕانەوەی ئەو پارانەی بەنایاسایی براونەتە دەرەوەی هەرێم".
- "لەماوەی یەك مانگدا خاوەندارێتی هەردوو پاڵاوگەی بازییان و كەڵەكە بدرێتەوە بەحكومەتی هەرێم". 
- "سپاردنی پرسی پەسندكردنی بودجە بەپەرلەمان ...".
ئەم چوار خاڵە، نموونەی زۆر بچووكن لەبارەی گشتگیری بەڵێنەكان و جێبەجێ نەكردنیان، چونكە بەشێكیان پێوەندییان بەكاری پەرلەمانییەوە نییەو بەرپرسیارێتی حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستانە، پرسی بودجەش تا ئێستا دوای دوو ساڵ لەهەڵبژاردنی پەرلەمان، ئەگەرچی وەزیری دارایی گۆڕانیشە، بەڵام نەهاتۆتە پەرلەمان. بۆیە بەشێكی زۆر لەو بەڵێنانەی لیستی (148) ی بزوتنەوەی گۆڕان داویانەتە دەنگدەرانیان، بەشێكن لەكارنامەی حكومەت و پێوەندییان بەكاری پەرلەمانییەوە نییە. لەگەڵ ئەوەشدا، بەڵێنەكانی لیستی گۆڕان لەهەندێك خاڵدا، نزیكن لەوەی بەڵێنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی بن، چونكە جەخت دەكەنە سەر داڕشتنی یاسای تازە، یا هەمواركردنەوەی هەندێك یاسای پێشتر، ئەوەش بنەمای سەرەكی كاری پەرلەمانییە. جگە لەم تێبینییانە لەبارەی بەڵێنەكان، لەساڵی دووەمدا لیستی گۆڕان تەنیا (2)  بەڵێنی خۆیان جێبەجێكردووە كە بریتین لە:
1) (هەڵوەشاندنەوەی یان هەمواركردنی هەموو ئەو یاساو ڕێنمایی و بڕیارە تایبەتانەی پەیوەندیدارن بەسیستەمی مووچە، خانەنشینی و ئیمتیازی بەرپرس و وەزیرو پەرلەمانتاران، بەجۆرێك دادپەروەری كۆمەڵایەتی تێدا فەراهەم بێت). بەشێك لەم بەڵێنە لەنێو یاسای چاكسازیدا جێبەجێكراوە.
2) (چارەسەركردنی قەیرانی بیرۆكراتی و پلەبەندیی لەنێوەندە تەندروستییەكاندا، بەجۆرێك كەشێكی دادپەروەرانە لەناو نەخۆشخانەكان لەنێكوان پزیشك و بەرپرس، پزیشك و كارمەند، كادیری تەندروستی و نەخۆشدا بێتە ئاراوە). بەشێك لەم بەڵێنە لەنێو یاسای ماف و ئەركی نەخۆش جێبەجێكراوە.




چوارەم: لیستی ژمارە (134) ی نەوەی نوێ‌.
نەوەی نوێ‌ (50) بەڵێنی بەدەنگدەرانی خۆیداوە، وەكو سەرجەم لیستەكانی تریش، بەشێكی زۆری بەڵێنەكانی جووڵانەوەی نەوی نوێ‌، جگە لەوەی بەڵێنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی نین، بەرنامەو كاری ڕۆژانەو ئاسایی حكومەتن، یا پرۆگرامی حكومەتن و دەبێت حكومەت جێبەجێیان بكات، هەندێك لەم بەڵێنانە بەحكومەتیش جێبەجێ ناكرێن، نەوەكو پەرلەمان. لەكاتێكدا جووڵانەوەی نەوەی نوێ‌ خۆی بەئۆپۆزسیۆن دەزانێت و بەشداریش نییە لەحكومەت تاوەكو ئیشیان لەسەر بكات، بۆ نموونە:
ــ ڕەخساندنی سەدو پەنجا (150,000) هەزار هەلی كاری نوێ‌.
ــ دروستكردنی سەد هەزار (100,000) یەكەی نیشتەجێبوون.
ــ دروستكردنی (20) بەنداو لەهەرێمی كوردستان.
ــ دروستكردنی 20 نەخۆشخانەی 200 قەڕەوێڵەیی.
ــ دروستكردنی سێ‌ پاڵاوگەی نوێ‌ لەهەرێمی كوردستان.
ــ دامەزراندنی سێ‌ بانكی ئەهلی گەورە لەهەرێمی كوردستان.
ــ بەرزكردنەوەی توانای بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ بۆ 10 ئەوەندە.
ئەم خاڵانەمان تەنیا وەكو نموونەیەك لەنێو بەڵێنەكانی لیستی نەوەی نوێ‌ دەرهێناوە، ئەگینا بەڵێنی لەم شێوەیەی زۆری تێدایە پێوەندییان بەكاری پەرلەمانییەوە نییە. بەگشتی لیستی نەوەی نوێ‌ لەماوەی ساڵی ڕابردووی كارەكانی پەرلەمانی كوردستاندا، هیچ یەكێك لەم (50) بەڵێنەی جێبەجێ نەكردووە كە بەدەنگدەرانی خۆی داوە.




پێنجەم: لیستی ژمارە (194) ی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان.
كۆمەڵی ئیسلامی بەرنامەی هەڵبژاردنی خۆی دابەشكردۆتە سەر (7) تەوەر، هەر تەوەرێك كۆمەڵێك بەڵێنی هەڵبژاردن لەخۆ دەگرێت و بەم شێوەیەی خوارەوە دابەشكراوە: سیاسی (9) بەڵێن، یاسایی (7) بەڵێن، ئابووری و خۆشگوزەرانی (13) بەڵێن، ئایینی (7) بەڵێن، پەروەردەو فێركردن (11) بەڵێن، كۆمەڵایەتی (11) بەڵێن، شەفافییەت و دادگەری (11) بەڵێن. 
وەكو سەرجەم لیستەكانی تریش، بەشێك لەبەڵێنەكانی كۆمەڵی ئیسلامی، جگە لەوەی بەڵێنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی نین، بەرنامەو كاری ڕۆژانەو ئاسایی حكومەتن، یا پرۆگرامی حكومەتن و دەبێت حكومەت جێبەجێیان بكات، یا تەنانەت بەحكومەتیش هەرێمی كوردستانیش جێبەجێ ناكرێن، نەوەكو پەرلەمان، لەكاتێكدا كۆمەڵی ئیسلامی خۆی بەئۆپۆزسیۆن دادەنێت و بەشداریش نییە لەحكومەت، بۆ نموونە:
- ڕێگریكردن لەتاڵانفرۆشی نەوتی خاوو بەرهەمەكانی و دەرهێنانی لەدەستی كەس و حزب.
- پەرەپێدان و پاراستنی بەها باڵاكانی كۆمەڵگە، لەڕێگەی دامەزراوە پەروەردەییەكانی وەكو خێزان، میدیا، مزگەوت، قوتابخانەو ڕێكخراوو یانەكانەوە، هەروەها گرنگیدان بەو هۆكارو شێوازانەی دەتوانن ڕۆڵی گەورە ببینن لەچەسپاندن و پەرەپێدانی ئاكارو ڕەوشتی ئیسلامی.
- كردنەوەی شوێنی تایبەت بەنوێژكردن لەفەرمانگەو شوێنە گشتییەكان.
ئەم سێ‌ خاڵەمان تەنیا وەكو نموونەیەك لەنێو بەڵێنەكانی لیستی كۆمەڵی ئیسلامی دەرهێناوە، ئەگینا بەڵێنی لەم شێوەیەی زۆری تێدایە، نموونەیەكی بچووكن لەبارەی گشتگیری بەڵێنەكان و ئەستەمی جێبەجێكردنیان لەنێو هۆڵی پەرلەماندا، چونكە پێوەندییان بەكاری پەرلەمانییەوە نییە. بەشێكی زۆری بەڵێنەكانی لیستی كۆمەڵ، بەشێكن لەكارنامەی حكومەت، نەوەكو پەرلەمان. بەگشتی كۆمەڵی ئیسلامیی (69) بەڵێنی بەدەنگدەرانی خۆیداوە، لەماوەی یەك ساڵی ڕابردووی كارەكانی پەرلەمانی كوردستاندا تەنیا (2) بەڵێنی خۆی جێبەجێ كردووە: 
1) (كردنەوەی شوێنی تایبەت بەچارەسەری ئالوودەبووان بەمادە هۆشبەرەكان و سەر لەنوێ‌ گەڕاندنەوەیان بۆ ناو كۆمەڵگە). كە بەژمارە (10) لەنێو بەڵینە كۆمەڵایەتییەكاندا هاتووە. 
2) نیوەی ئەم بەڵێنەیان جێبەجێكراوە (بەركاركردنی یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عێراق و بەرزكردنەوەی كەمترین مووچەی خانەنشینی و كەمكردنەوەی مووچەی پلە باڵاكان و هەڵوەشاندنەوەی خانەنشینی نا یاسایی سەربازی و مەدەنی) كە بەژمارە (8) لەنێو بەڵێنەكانی تایبەت بەشەفافییەت و دادگەریدا ئاماژەی بۆ كراوە. لیستی كۆمەڵ نەیتوانیوە نیوەی یەكەمی ئەم بەڵێنە جێبەجێ بكات، بەڵام نیوەی دووەمی لەنێو یاسای چاكسازیدا چەسپێنراوە. 




شەشەم: لیستی ژمارە (119) ی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان.
یەكگرتووی ئیسلامی بەرنامەی هەڵبژاردنی خۆی دابەشكردۆتە سەر (11) تەوەرو (127) بەڵێنی بەدەنگدەرانی داوە. هەر تەوەرێك كۆمەڵێك بەڵێنی هەڵبژاردن لەخۆ دەگرێت، بەم شێوەیەی خوارەوە دابەشكراوە: حوكمڕانی ڕەشید (7) بەڵێن، دژایەتیكردنی گەندەڵی (6) بەڵێن، پێگەی هەرێمی كوردستان (9) بەڵێن، گەشەپێدانی ئابووری (37) بەڵێن، خزمەتگوزارییە گشتییەكان (19) بەڵێن، ئاسایش و ئاشتی كۆمەڵایەتی (8) بەڵێن، ڕۆشنبیری و هونەرو وەرزش (9) بەڵێن، چاودێری كۆمەڵایەتی (9) بەڵێن، ڕۆڵ و پێگەی ئافرەتان (5) بەڵێن، ڕۆڵ و پێگەی گەنجان (8) بەڵێن، پاراستنی ژینگە (5) بەڵێن.
بەشێك لەبەڵێنەكانی یەكگرتووی ئیسلامیش هەر وەكو حزبەكانی تر جگە لەوەی بەڵێنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی نین، بەرنامەو كاری ڕۆژانەو ئاسایی حكومەتن، یا پرۆگرامی حكومەتن و دەبێت حكومەت جێبەجێیان بكات، یا تەنانەت بەحكومەتی هەرێمی كوردستانیش جێبەجێ ناكرێن، نەوەكو پەرلەمان، بۆ نموونە:
- دامەزراندنی پەیوەندییەكی هاوسەنگ لەنێوان گەلی كوردستان و گەلانی دراوسێ‌ و ناوچەكە، بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری سیاسی نێوانمان و دۆزینەوەی فۆڕمی نوێی پێكەوە ژیان لەسەر بنەمای ڕێزو بەرژەوەندی هاوبەش.
- چارەسەركردنی كێشەی كەركوك و ناوچە دابڕێندراوەكان و گێڕانەوەیان بۆ سەر هەرێمی كوردستان لەچوارچێوەی جێبەجێكردنی مادەی (140) ی دەستووری هەمیشەیی عێراقدا.
- دروستكردنی ژمارەیەك بەنداوی گەورەو بچووك.
- گەیاندنی گازی سروشتی بەماڵان و شوێنە گشتییەكان.
- دروستكردنی یاریگاو كۆمەڵگەی وەرزشی.  
ئەم پێنج خاڵەمان تەنیا وەكو نموونەیەك لەنێو بەڵێنەكانی لیستی یەكگرتووی ئیسلامیمان دەرهێناوە، ئەگینا بەڵێنی لەم شێوەیەی زۆری تێدایە، ئەمانە نموونەیەكی بچووكن لەبارەی گشتگیری بەڵێنەكان و ئەستەمی جێبەجێكردنیان لەنێو هۆڵی پەرلەماندا، چونكە پێوەندییان بەكاری پەرلەمانییەوە نییە. بەشێكی زۆری بەڵێنەكانی لیستی یەكگرتوو، بەشێكن لەكارنامەی حكومەت، نەوەكو پەرلەمان، لەكاتێكدا یەكگرتوو خۆی بەئۆپۆزسیۆن دەزانێت و بەشدار نییە لەحكومەت و ناتوانێت جێبەجێیان بكات. بەشێك لەبەڵێنەكانیش، بەڵێنی پەرلەمانین و دەكرێت لەپەرلەماندا كاریان لەسەر بكرێت و جێبەجێ‌ بكرێن، ئێمەش چاودێری ڕادەو ڕێژەی جێبەجێكردنیان دەكەین.     
لیستی یەكگرتووی ئیسلامی كە (127) بەڵێنی بەدەنگدەرانی خۆیداوە، لەماوەی ساڵی ڕابردووی كارەكانی پەرلەمانی كوردستاندا، تەنیا یەك (1) بەڵێنی جێبەجێ  كردووە كە بریتی بوو لە:
1) (پێداچوونەوە بەسیستەمی مووچە بەجۆرێك دادپەروەری دەستەبەر بكات لەنێوان مووچەی پلە باڵاكان و مووچەی فەرمانبەرانی ئاسایی). ئەم بەڵێنە لەناو یاسای چاكسازیدا جێبەجێكراوە.


هەڵسانگاندنی دوو ساڵی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان (1/10/2018 ــ 30/9/2020).
ــ لەماوەی دوو ساڵی تەمەنیدا، پەرلەمانی كوردستان (48) دانیشتنی كردووە.
ــ بەتەواو بوونی دوو ساڵ لەتەمەنی خوولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، تەنیا (9) یاسا پەسند كراوە. (2) یاسا لەساڵی یەكەم، (7) یاسا لەساڵی دووەم. 
ــ لەكۆی (9) یاسای پەسندكراودا، سەرۆكی هەرێم (2) یاسای گێڕاوەتەوە بۆ پەرلەمان تاوەكو هەموار بكرێنەوە.
ــ لەماوەی دوو ساڵدا پەرلەمانی كوردستان (22) بڕیاری دەركردووە، ساڵی یەكەم (11) بڕیاری دەركردووەو ساڵی دووەمیش (11) بڕیار. (17) بڕیار بۆ ڕێكخستنی كاروباری خۆی و دانانی لێژنەكان و متمانەدان بەئەندامی تازە لەجێگای ئەوانەی دەستیان لەكاركێشاوەتەوەو، هەڵبژاردنی سەرۆكی تازەی پەرلەمان لەجێگای سەرۆكی پێشوو، درێژكردنەوەی خوول، هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم، ناوزەدكردنی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و متمانەپێدانی بوون. (1) بڕیاری تایبەت بوو بەدەستنیشانكردنی ڕۆژی جینۆسایدی ئێزدییەكان. (1) بڕیاری لەبارەی دەستنیشانكردنی بۆنە فەرمییەكانی پێكهاتەی توركمان بووە لەهەرێمی كوردستان. (1) بڕیار بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی بوو لەسەر پەرلەمانتار سۆران عومەر. (1) بڕیار لەبارەی قبووڵكردنی دەست لەكاركێشانەوەی پەرلەمانتار سۆران عومەر بوو لەپەرلەمانی كوردستان. (1) بڕیاریش بۆ پێكهێنانی لێژنەیەك بوو بۆ بەدواداچوون لەبارەی هەڕەشەكردن لەپەرلەمانتار د. كازم فاروق.
ــ سەبارەت بە بەڵێنی لیستەكان لەماوەی ئەم دوو ساڵەدا، بەم شێوەیە بوو: پارتی تەنیا (2) بەڵێنی جێبەجێكردووە. یەكێتی تەنیا (5) بەڵێنی جێبەجێكردووە. گۆڕان تەنیا (2) بەڵێنی جێبەجێكردووە. نەوەی نوێ‌ هیچ بەڵێنێكیان جێبەجێ‌ نەكردووە. كۆمەڵی ئیسلامی تەنیا (2) بەڵێنی جێبەجێكردووە. یەكگرتووی ئیسلامی تەنیا (1) بەڵێنی جێبەجێكردووە. 


كۆتایی


لەبارەی ڕێكخراوی توێژینەوەو گەشەپێدانەوە (RDO)
ڕێكخراوێكی ناوخۆیی سەربەخۆی نا حكومییە، ئیش لەسەر توێژینەوەو گەشەپێدان لەهەرێمی كوردستان دەكات و، لەساڵی (2011) دامەزراوەو، تا ئێستا ئەم چالاكییانەی خوارەوەی ئەنجامداوە:
- ڕاپرسی لەشارەكانی هەرێمی كوردستان بۆ حكومەتی هەرێم بەسەرۆكایەتی د. بەرهەم ساڵح سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان هاوینی ساڵی (2011).
- ڕاپرسی دووەم لەشارەكانی هەرێمی كوردستان بۆ حكومەتی هەرێم بەسەرۆكایەتی د. بەرهەم ساڵح سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرەتای ساڵی (2012).
- پڕۆژەی ڕاهێنانی ڕۆژنامەنووسانی گەنج لەشاری هەولێر بۆ ماوەی یەك هەفتە، بەهاوبەشی لەگەڵ ڕێكخراوی (گەیاندن) و هاوكاری وەزارەتی ڕۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان لەساڵی (2012).
- پڕۆژەی تواناسازی سەركردەی گەنجی ژنان بەهاوكاری ڕێكخراوی (گەیاندن) لەشاری هەولێر ساڵی (2012).
- چاودێریكردنی پڕۆژە بڕیاری (1) ی ساڵی (2012) كە ناسراوە بەبڕیاری (17) خاڵی پەرلەمانی كوردستان لەساڵی (2012 ــ 2013)، بەهاوكاری ڕێكخراوی (NED) ی ئەمریكی.
- پڕۆژەی چاودێركردنی بەڵێنی لیستە براوەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ساڵی (2013).
- جێبەجێكردنی پڕۆژەی لێكۆڵینەوەو گەشەپێدانی كچانی تەمەن (12 ــ 16) ساڵ، بەهاوبەشی (ICDW) و بەپاڵپشتی فەرمانگەی ڕێكخراوەكان لەكوردستان لەساڵی (2013 ــ 2014). 
- جێبەجێكردنی تواناسازی كچانی ئێزیدی لەبواری فۆتۆگرافی لەكەمپی خانكێی شاری دهۆك، بەپاڵپشتی (UNICEF) و حكومەتی ئیتالی لەساڵی (2015). 
- بەشداریكردن وەكو چاودێری نێودەوڵەتی لەهەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆكایەتی لەوڵاتی تونس ساڵی (2015).
- جێبەجێكردنی پڕۆژەی تواناسازی میدیایی كچانی ئێزیدی و دۆكیۆمێنتكردنی پڕۆژەی بونیادنانی ئاشتی لەنەینەوا بەهاوكاری (UNDP) و (UPP) لەساڵی (2016).
- جێبەجێكردنی (3) وۆركشۆپ و (5) پێشانگای فۆتۆگرافی بۆ كچانی ئێزیدی لەزانكۆی ئەمریكی لەسلێمانی و فەرەنساو لەئیتالیا، بەهاوكاری (UNICEF) لەساڵی (2016 ــ 2017) دا.
- جێبەجێكردنی وۆركشۆپ و ئامادەكردنی لێكۆڵینەوەیەك لەبارەی دەرهاویشتە ساسییەكانی ڕیفراندۆم لەسەر هەرێمی كوردستان، پێشهات و دەرفەت و ئاستەنگەكان و، ناردنی بۆ هەر سێ‌ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم لەهاوینی ساڵی (2017) لەشاری سلێمانی، بەهاوكاری ڕێكخراوی (PAO).
- جێبەجێكردنی وۆركشۆپ و ئامادەكردنی لێكۆڵینەوەیەك لەبارەی دەرهاویشتە ئابوورییەكانی ڕیفراندۆم لەسەر هەرێمی كوردستان، پێشهات و دەرفەت و ئاستەنگەكان و، ناردنی بۆ هەر سێ‌ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم لەهاوینی ساڵی (2017) لەشاری سلێمانی، بەهاوكاری ڕێكخراوی (PAO).
- بەشداریكردن لەچاودێریكردنی بەڕێوەچوونی پرۆسەی ڕیفراندۆم لەهەرێمی كوردستان ساڵی (2017)، لەچوارچێوەی تۆڕی شەمس بۆ چاودێری هەڵبژاردنەكان.
- بەشداریكردن لەچاودێریكردنی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق  لەهەرێمی كوردستاندا لە (12/5/2018) دا، لەچوارچێوەی تۆڕی شەمس بۆ چاودێری هەڵبژاردنەكان.
- بەشداریكردن لەچاودێریكردنی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەهەرێمی كوردستاندا لە (30/9/2018) دا، لەچوارچێوەی تۆڕی شەمس بۆ چاودێری هەڵبژاردنەكان.
- نووسینی لێكۆڵینەوەیەك بەزمانی عەرەبی بۆ (تۆڕی هاوپەیمانی كەمینەكان لەعێراقدا) لەبارەی ئایینی زەردەشتی لەساڵی (2018).
- ئەنجامدانی ڕاپرسییەك لە (29) چاكسازی لە (11) شاری عێراق و، نووسینی لێكۆڵینەوەیەك بەزمانی عەرەبی بۆ (تۆڕی دادپەروەری بۆ بەندییەكان لەعێراق)، لەبارەی گەڕانەوە بۆ سەر تاوان لەعێراقدا لەساڵی (2018).
- ئامادەكردنی ڕاپرسی و لێكۆڵینەوەیەك لەبارەی دەرهاویشتە ساسییەكانی بەشداری نەكردنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەهەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستانداو، ناردنی بۆ هەر سێ‌ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم لەساڵی (2019)، بەهاوكاری ڕێكخراوی (PAO).
- ئەنجامدانی ڕاپرسییەك لەنێو چاكسازییەكان و، نووسینی لێكۆڵینەوەیەك لەبارەی ئالوودە بوون بەمادەی هۆشبەر لەهەرێمی كوردستان و چاپكردنی وەكو كتێبێك لەساڵی (2019)، بەهاوكاری ڕێكخراوی (PAO). 
- چاودێریكردنی ڕادەی جێبەجێكردنی بەڵێنی لیستە براوەكانی هەڵبژاردنی خوولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لەساڵی (2019). 
- چاودێریكردنی ڕادەی جێبەجێكردنی بەڵێنی لیستە براوەكانی هەڵبژاردنی خوولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لەساڵی (2020).

 


PM:07:33:20/10/2020