پەرلەمانتارێک: چه‌ند كۆمپانیایه‌ك له‌ حاجى ئۆمه‌ران‌ و ئیبراهیم خه‌لیل ده‌یان ملیۆن دۆلار له‌ خه‌ڵك وه‌رده‌گرن

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای دەکات، چەند کۆمپانیایەک لەدەروازەکانی ئیبراھیم خەلیل و حاجی ئۆمەران بەناڕەوا دەیان ملیۆن دۆلار لە خەڵك وەردەگرن و کەمتر لە 20% ئەو داهاتە بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە و 80%ـی بۆ کۆمپانیاکانە. 

 

عەلی حەمەساڵح، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردەوە" خاڵە سنوریەکان ناوەندێکی گەورەی قاچاخی و گەندەڵی و فێڵکردنن، زیاتر لە ساڵێکە بە وردی کارم لەسەر سەرجەم خاڵە سنوریەکان کردوە".

دەشڵێت" یەکێک لە ڕێگاکانی گەندەڵی؛ کاری ژمارەیەک کۆمپانیایە، بە قۆرخکاری و بەناڕوا مانگانە دەیان ملیۆن دۆلار وردەگرن لە ھاوڵاتیان، کۆمپانیا ھەیە مانگی سێ ملیۆن دۆلار و ھەیە پێنج ملیۆن و ھەیە زیاترو ھەشە کەمتر". 

عەلی حەمە ساڵح ئەوەشی خستەڕوو، بڕیارە لە نزیکترین کاتدا ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری کۆتایی لە چارەنوسی ئەم کۆمپانیایانە بدات، پێویستە بڕیارەکە دادپەروەرانە بێت و ئێمەش چاودێری دەکەین.

 

وردەکاری ئەو کۆمپانیایانەی لە ئیبراھیم خەلیل و حاجی ئۆمەران پارە وەردەگرن:

‏یەکەم: ‎راگەیاندنى گومرگى، بۆ كۆمپانیاى كۆریدۆر، كاغەزێكى ئاساییەو پێشتر حكومەت دەیكرد و هیچ گرفتێكى نەبوو لە مانگى 9ى 2019ەوە دراوە بەم كۆمپانیایەو بۆهەر كاغەزێك 15 هەزار دینار وەردەگرێت.

دوەم: كۆمپانیاى ستار، بۆ دڵنیایی ئیجبارى لە ئیبراهیم خەلیل و حاجى ئۆمەران دراوە تەنیا 10% بۆحكومەتە.

سێیەم: مەنفێست 25 دۆلار، لە ئیبراهیم خەلیل بۆ جبل نهزە لە حاجى ئۆمەران بۆ اشراقات العوادە.

‏چوارەم: سكانەر، 50 دلار وەردەگیرێت بۆ كۆمپانیاى هانداون 80% بۆ كۆمپانیاو 20% بۆ حكومەت.

‏پێنجەم: تەعقیم بۆ 10 دۆلار لە هەر ئۆتۆمبیلێك وەردەگیرێت، 85% بۆ كۆمپانیاو 15% بۆ حكومەت.

شەشەم: پشكنینى خۆراك و كاڵا، هەردوو دەروازەكە لەگەڵ كۆمپانیاى نیوستاندەر كردوویانە، بۆ هەر ئۆتۆمبیلێكى شەحن بڕى 100 هەزار دینار وەردەگیرێت، بۆ هەر بارهەڵگرێك بڕى 100 هەزار دینار وەردەگیرێت، ‏‎هەر بارهەڵگرێك هیچ جۆرە پشكنینێكى نەوێت 150 هەزار دینارى لێوەردگیرێت، تەنیا سەرەتاكانى بۆ مۆردەكرێت، ‏‎بۆ هەر پشكنینێكى فیزیایی و كیمیای و بایلۆجى بەجیا پارە وەردەگیرێت.

حەوتەم: كۆمپانیاى سەربەخۆ كە وەزارەتى ناوخۆ لە 13/1/2019 رێگاى پێداوە، بۆ دروستكردنى هەر تابلۆیەكى كاتى بڕی 15 هەزار دینار وەردەگرێت.

‏هەشتەم: لە حاجى ئۆمەران چەند رێگایەكى تر هەیە بۆ وەرگرتنى پارە لە ئیبراهیم خەلیل نیە، كۆمپانیای شەو ڕۆژ بۆ هەر حاڵەتێك 25 دۆلار وەردەگرێت بەناوى كۆمپانیاى گەشتیارى و ئەركى دیار نیە.

نۆیەم: كۆمپانیایەك بەناوى سبكەبار لە هەر ئۆتۆمبیلێكى ترانزێت 50 دۆلار وەردەگرێت، 70% بۆ كۆمپانیا 30% بۆ حكومەت.

‏‎دەیەم: لە خاڵى سنورى حاجى ئۆمەران كۆمپانیاى شەو رۆژ، بەناوى نۆژەنكردنەوەی كۆمەڵگاكەوە 25 دۆلار لە هەر بارهەڵگرێك وەردەگیرێت (ئێرانى و عێراقى)، زیاتر لە چەند مانگێكە بەردەوامە، پرۆسەكە دراوە بە كۆمپانیایەك و هیچ كارێكى نەكردووە. ‏‎جگە لە وەرگرتنى پارە بەناوى گەراجانە.

‏یانزەهەم: لە ئیبراهیم خەلیل هەندێك كار هەیە لە هیچ خاڵێكى سنورى دیكە نیە، كۆمپانیاى ئینتەرتیك لەسنورى ئیبرایهم خەلیل بۆ چێككردنەوەى كاڵا بزاندرێت هاوتایە لەگەڵ كارگە بنەڕەتییەك، بۆ هەر بەراوردێك 700 بۆ 2000 دۆلار وەردەگرێت، یٔەگەر رۆژانە 500 بەراورد بكات، داهاتەكەى 9 ملیۆن دۆلارە، پاش ئەم بەراوردەش هەمان كۆمپانیا سى پارەى دیكە بەناوى پشكنینى فیزیایی و كیمیاوى و بایۆلۆجى وەردەگرێت!!! داهاتى یٔەمیش مانگانە نزیكەى 3 ملیۆن دۆلارە؟

‏‎دوانزەهەم: گۆڕپانى (بەتون كوردستان) لە ئیبراهیم خەلیل، رۆژانە نزیكەى 1800 ئۆتۆمبیل لەم گۆڕپانە پشكینینى بۆ دەكرێت و بە ئیجبارى 55 دۆلار وەردەگیرێت و بڕێكى زۆر گازویلیان پێدەفرۆشرێت.

‏سیانزەهەم: رۆژانە ژمارەیەكى زۆر ئۆتۆمبیلى نەفەر هەڵگر تێدەپەڕن و بۆ هەر یەكێك 25 دۆلار وەردەگرن، رۆژانە زیاتر لە هەزار حاڵەتە.

‏چواردەهەم: ئەمە جگە لەوەى پێشتر چەندین كاڵا بەناوى سوریاوە داخڵدەكرێت وەك ترانزێت 20% گومرگ دەدەن، بەڵام ‏‎نەڕۆشتون بۆ سوریا.



PM:12:08:21/10/2020