لەبارەی ئەو رێککەوتنەی بەغدا بۆ سێ مانگ لەگەڵ هەرێم کردوویانەو مانگانە ٣٢٠ ملیار دینار رەوانەی هەرێم دەکەن، ئەحمەد مەلا تەلاڵ هۆشداریی بە هەرێم دەدات و دەڵێت" گەر بێت و تەنانەت یەک یاخود دوو بڕگە لە رێککەوتنەکە لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە جێبەجێ نەکرێت، ئەوکات ئەوانیش ( واتە بەغدا ) پابەند نابن".
لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی روودا، وتەبێژی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەبارەت بە چارەنووسی مووچەی سێ مانگی داهاتوو ئاماژەی بەوە کرد، حکومەت ناتوانێت بەبێ رووپۆشێکی یاسایی پارە خەرج بکات، هەروەها بە ناچاری دەستیان بۆ قەرزکردن بردووە و داوایان لە پەرلەمان کردووە پەسندی بکات.
ئەحمەد مەلا تەڵاڵ ئەوەشی خستۆتەڕوو "حکومەت ناتوانێت مووچە دەستەبەر بکات، مەگەر ئەوەی ئەو یاسایە [لە پەرلەمان] پەسندبکرێت".
سەبارەت بە رێککەوتنی کاتیی نێوان بەغدا و هەولێر، رایگەیاند، ئەگەر هاتوو هەولێر پابەندی "تێکڕای" بڕگەکانی رێککەوتنەکە بێت، ئەوکات ئەوانیش پابەندی رێککەوتنەکە دەبن و تاوەکو کۆتایی ساڵ مووچە دەنێرن، بەڵام هۆشداریی ئەوەشی دا، گەر بێت و تەنانەت یەک یاخود دوو بڕگە لە رێککەوتنەکە لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە جێبەجێ نەکرێت، ئەوکات ئەوانیش پابەند نابن.
بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2017وە کەمکراوەتەوە بۆ 12.67%، وتەبێژەکەی مستەفا کازمی دەڵێت " ئەو ژمارە بەشێوەیەکی "ورد" دانراوە و هاوتای دانیشتووانی راستەقینەی هەرێمی کوردستانە". وتیشی، رێژەی 17% کە لە ساڵی 2004 یەکلایی کراوەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان، بەشێوەیەکی هەڕەمەکی دانراوە.