سەباح هەورامی: ئەگەر هاوڵاتیان ژیانی خۆیان لاگرنگ نەبێت ژمارەی گیانلەدەستدان زۆر زیاتر دەبێت

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت" ئەگەر هاووڵاتیان ژیانی خۆیان لا گرنگ نەبێت ژمارەی گیانلەدەستدان زۆر زیاتر دەبێت". 

 

د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی پارێزگای سلێمانی لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (فەیسبووک) رایگەیاند" ئەوەی كە لە سەرمانە و پێویستمانە بۆ ڕووبەرووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كردوومانە و بە نوێنەرانی كوردمان گوتووە لە بەغدا بۆ هاوكاری، ئەوانیش بەڵێنیان داوە دەنگی ئێمە بگەیەننە بەغدا". 

 

ڕاشیگەیاندووە" لەسەر هاووڵاتیان پیویستە پابەندی بەستنی دەمامك و دەستكێش بن و رێكارەكانی خۆپارێزی و دوركەوتنەوە لە قەرەباڵغی بگرنەبەر، ئەگەر هاووڵاتیان ژیانی خۆیان لا گرنگ نەبێت ژمارەی گیانلەدەستدان زۆر زیاتر دەبێت". 

 

جەختیشی كردەوە، ئەگەر بەم شێوەیە بڕوات، سەدان هەزار قوربانیمان دەبێت لە شاری سلێمانی هیوادارین ئەوە رونەدات.

 

لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تا ئەمڕۆ ٦٦ هەزار و١٣١ کەس لە هەرێمی کوردستان تووشی پەتاکە بوون و دوو هەزارو ٢٤٣ کەسیش گیانیان لەدەستداوە، ٣٨ هەزار و ٨٠٧ نەخۆشیش بەتەواوەتی چاکبوونەتەوە و پەتاکەیان تێپەڕاندووە.



PM:07:12:22/10/2020