پەرلەمانتارێك گەندەڵییەكی دیكەی خاڵە سنووریەكان ئاشكرا دەكات و رایدەگەیەنێت" چەندین کۆمپانیا لە خاڵە سنوریەکان بەناوی جیاواز مانگانە نزیکەی 65 ملیۆن دۆلار لە ھاوڵاتیان وەردەگرن".
عەلی حەمە ساڵح ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان لە نوسینێکدا بەناونیشانی (وەرگرتنی سەدان ھەزار دۆلار ڕۆژانە بۆ کۆمپانیا لە خاڵە سنوریەکان دەبێت رابگیرێت) لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاویكردووەتەوە" چەندین کۆمپانیا لە خاڵە سنوریەکان بەناوی جیاواز مانگانە نزیکەی ٦٥ ملیۆن دۆلار لە ھاوڵاتیان وەردەگرن، ئێستا بەناوی پشکنینی کۆرۆنا ھەمان ئەو کۆمپانیایانە ھەموو ڕۆژێک سەدان ھەزار دۆلاری لە ھاوڵاتیان وەردەگرن بە بێ ھیچ سودێک و بەشێوەی ناڕەوا".
ئاماژەی بەوەشکردوە" بە ناوی پشکنین ھەر ھاوڵاتیەک لە تورکیا یان ئێران دێتەوە 50 دۆلاری لێوەردەگیرێت بۆ ژمارەیەک کۆمپانیا، پاش گفتوگۆ و ڕاوێژ لەگەڵ کۆمەڵێک پزیشک، دەرکەوت نەک سودی نیە ئەم پشکنینە، بگرە زیانیشی ھەیە، ئەو ھاوڵاتیە کۆرۆنای ھەبێت یانا نا، داخڵی کوردستان دەبێت و تێکەڵاوی خەڵک دەبێت".
عەلی حەمە ساڵح ئەوەشی خستوەتەڕوو، دەڵێن: ئەگەر کۆرۆنات بوو بە نامەیەک ئاگادارت دەکەینەوە، دوای دوو ڕۆژ، دوای تێکەڵاوبوون لەگەڵ سەدان کەس، دوای دوو ڕۆژ تووشبوی خۆی ھەست بە نیشانە دەکات، چەندین کەس گەڕاونەتەوەو ھیچ نامەیەکیان بۆ نەھاتوەو دوای ماوەی دوو ڕۆژ تووشی کۆرۆناش بون، گومان دەکرێت ئەمە بە ھۆی تێکەڵاوی بێت لە خاڵی سنوری، ئەگەر کەسێک کۆرۆناشی نەبێت، ئەگەری زۆر بەھێز ئەوەیە بەھۆی ئەم قەرە باڵخیەوە تووش ببێت، واتە: ئەم پشکنینە نەک سودی نیە، ھەم زیانی تەندروستی ھەیەو ھەم کاتی ھاوڵاتی بەفیڕۆدەدات، تەنیا ژمارەیەک کۆمپانیا قازانجی ڕۆژانەیان سەدان ھەزار دۆلارە،".
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی کوردستان باسی لەوەشکردوە، ئێستا تورکیاو ئێران بۆ ھەرێم مەترسیدارتر نین، چونکە ژمارەی تووشبوان بەراورد بە ڕێژەی دانیشتوان لە ھەرێمی کوردستان زۆر زیاترە تاوەکو تورکیاو ئێران، داواکارم لە بەڕێزتان پێداچونەوە بۆ ئەم بڕیارە.