هەولێر یەکەم یاری بردەوە



لە چوارچێوەی یارییەکانی خولی نایابی عێراق بۆ تۆپی پێی، یانەی هەولێر لە دەرەوەی یاریگەی خۆی سەرکەوتنێکی گرنگی تۆمار کرد کاتێک بەئەنجامی دوو گۆڵی بێ بەرانبەر لە یانەی بەغداد بباتەوە.
لە گێمی یەکەمی یارییەکە یانەی هەولێر هەر لە سەرتاوە کۆنترۆلی یارییەکەی کرد و چەندین هەلی ئاسانی گۆڵکردنیان لە دەستدا، لە بەرانبەردا یانەی بەغداد پشتی بە هێرشی پێچەوانە دەبەست و نەیتوانی هیچ مەترسییەک لەسەر دلێر حاتم گۆڵپارێزی هەولێر دروست بکەن.
ئەم گێمە بە بەرانبەربوونی هەردوو یانە بەبێ گۆڵ تەواو بوو.
لە گێمی دووەمی یارییەکە هەر لە سەرەتاوە یانەی هەولێر بەتەواوی کۆنترۆلی یارییەکەی کرد لە ریگەی یاریزانان شێرکۆ کەریم و بارزان شێرزاد و فەرحان شکور مەترسییەکی زۆریان لەسەر سەرهەنگ موحسین گۆڵپارێزی یانەی بەغداد دروست کردبوو.
لە خولەکی (٧١)ی یارییەکە شێرکۆ کەریم توانی یەکەم گۆڵی هەولێر لەم وەرزە و یارییەکە تۆمارکرد دوای (٥) خولەک یاریزان بارزان شێرزاد لە ئەستێکی شێرکۆ کەریم توانی گۆڵی دووەم تۆمار بکات.
دوای ئەم گۆڵە یانەی هەولێر لە هێرشەکانی بەردەوام بوو لە دوا ساتەکانی یارییەکەدا یاریزان شێرکۆ کەریم نزیک بوو لە تۆمارکردنی گؤڵی سێیەم، بەڵام یاریزان هێڵی بەرگری یانەی بەغداد لەسەر هێڵی گۆڵ تۆپەکەی دوورخستەوە.
دواتر ناوبژیوانی یارییەکە فیکەی تەواوبوونی یارییەکەی لێدا بەسەرکەوتنی یانەی هەولێر و بەدەست هێنانی سێ خاڵی یارییەکە.
وا بریارە رۆژی شەممە ٣١ی ئۆکتۆبەر یانەی هەولێر لە نێو یاریگەی خۆیدا مێوانداری یانەی زاخۆ دەکات.
 


AM:08:47:27/10/2020