محەمەدی حاجی مەحمود: هەر کوردێک لە هەر کوێی جیهان بێت ئەبێت پشتیوانی لە بایدن بکات

سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، حزبەکەی ترەمپ لە حزبەکەی بایدن بۆ کورد باشتر بوو، بەڵام ترەمپ لە هەردوو حزبەکە بۆ کورد خراپتر بوو، دەشڵێت" هەر کوردێک لە هەر کوێی جیهان بێت ئەبێت پشتیوانی لە بایدن بکات".

 

محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان پەیامێکی لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند" چەند رۆژێکی کە لە رێکەوتی ۲٠۲٠/۱۱/۳ رۆژی هەڵبژاردنی ئەمەریکایە، زۆر لە وڵاتان و کەسایەتی و زۆری لایەن و حزب و رێکخراو تەحلیل ئەکەن، کە کێ باشە بۆ ئەمریکا و جیهان لە نێوان ترامپ و بایدن دا من پێم وایە هەر کوردێک لە کوردستانی باشور ئەو پرسیارە بکات بە هەڵەدا چووە".

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، حزبەکەی ترامپ لە حزبەکەی بایدن بۆ کورد باشتر بوو، بەڵام ترامپ لە هەردوو حزبەکە بۆ کورد خراپتر بوو. ترامپ دەبابە و چەکی دوا مۆدێلی تەکنەلۆجیای دا بە عێراق و دژی کورد وەستایەوە، پێشمەرگە بە چەکی ئەمریکی ترامپ و ئەمری پەڕڵەمان و بە جێ بە جێ کردنی عەبادی، کەرکوک و خانەقین و دوس و داقوق و دبس و مەخمور و عەین زالە و سنجاریان تەسلیم بە عەرەب کردەوە و کورد % 51 خاکی کوردستانی لە دەست دا.

 

لە خاکی کوردستانی سوریاش عەفرین و سەرێکانی و زۆر ناوچەی دیکەی بە رەسمی تەسلیمی تورکیا کرد لە رێگای نوێنەری تایبەتی خۆیەوە و ئێستا بەشێکی زۆری کوردستانی رۆژئاوا تەسلیم بە تورکیا کراوە لەسەر دەستی ترامپ، بۆیە لەم راستییانە نە کورد خۆی بە گێل بزانێ و نە ئەوانیش بە گێل بزانێ.

 

محەمەدی حاجی مەحمود باسی لەوەشکردوە، لە سەردەمی دەسەڵاتی ترامپ دا کۆرۆنا زیاتر لە  (۲٠٠،٠٠٠) دوو سەد هەزار کەسی لە ئەمەریکا کوشتووە و زیاتر لە (۹،٠٠٠،٠٠٠) نۆ ملیۆن تووشبووە، بۆیە دەرچوونەوەی ترامپ کارەساتی گەورەتری بە دواوەیە و لە هەموو حاڵەتەکاندا هەر چەندە کورد رەنگە ئەو ژمارەیە نەبێت گۆڕانکاری گەورە لەسەر هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا دانێت یان بکات، بەڵام هەموو کورد یا هەر کوردێک لە هەر کوێی جیهان بێت ئەبێت پشتیوانی لە بایدن بکات، هیوادارین خەڵکی ئەمریکاش دەرک بەو راستییانە بکەن هەر چەندە سیاسەتی ئەمریکا دامەزراوەییە و گۆڕانی زۆر تێدا ناکرێت، بەڵام کەسایەتی سەرۆک ئەتوانێ ڕاڕەوەکە بگۆڕێت لەوەی ئێستا هەیە، ئومێدی سەرکەوتن بۆ بایدن و کۆشکی سپی ئەخوازم. 



PM:06:00:28/10/2020