لەبارەی دابەشکردنی مووچەوە نامەیەک ئاراستەی سەرۆک وەزیران دەکرێت

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ناوەرۆکی نووسراوێک ئاشکرا دەکات کە لەبارەی دابینکردنی مووچە، ئاڕاستەی سەرۆک وەزیرانی عێراق مستەفا کازمی کراوە.


د. ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ، بە ماڵپەڕەکانی نزیک پارتی راگەیاندووە، لیژنەکەیان گوێی لەڕاوبۆچوون و دیدی حکوومەت گرتووە بە تایبەت لە خەرجییە داراییەکان لەیاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی ئەم ساڵ، کە به یاسای قەرز ناسراوە.


هەروەها باسی ئەوەش دەکات کە پرسیاریان ئاڕاستەی نووسینگەی مستەفا کازمی کردووە، چاوەڕوانی وەڵامی ئەو پرسیارەیە کە بە نووسراو ڕەوانەی نووسینگەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانیان کراوە لە بارەی توانای دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانەوە، لەحاڵێکدا ئەگەر تێپەڕاندنی یاسایی پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی لەپەرلەمانەوە دوابکەوێت، ئەوەش دوای دیاریکردنی بڕی قەرزەکان.


ئەو پەرلەمانتارە باس لەوەش دەکات "لە خوێندنەوەی دووەمدا بۆ یاسایی پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی پێدەچێت بڕی قەرزەکە کە ٤١ تریلیۆن دینار کەمبکرێتەوە، بۆ ئەوەی تەنها بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و بیمەی چاودێری کۆمەڵایەتی و بەشە خۆراکی مانگانە و دەرمان بێ".


PM:10:12:29/10/2020