بەرپرسێکی پێشمەرگە: داعش بۆ یەکەمجارە دەگاتە ناوچەیەکی ناوچەیەکی کوردستان



چەکدارانی داعش دزەیان کردووەتە ھەندێ ناوچەی کەرکووک کە بۆ یەکەم جارە داعش دەگاتە ئەو ناوچانە و فەرماندەیەکی پێشمەرگەش ھۆشداری دەدات. 

 
نووری حەمە عەلی، فەرماندەی میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووکی پێشمەرگە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاندووە" مەترسییەکانی داعش بۆ سەر ناوچە کوردستانییەکان و کەرکووک زۆر زیادی کردووە و چەکدارانی داعش گەیشتوونەتە ناوچەکانی سێگردکان و شێخ بزێنی و ناوچەی شوان، ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ئەو ناوچانە و ڕێگەی کەرکووک- ھەولێریش لەژێر مەترسیدایە، چونکە ئەو ناوچانە دەکەونە نزیک ڕێگەی سەرەکی."


فەرماندەکەی پێشمەرگە دەڵێت: "زانیاریی ھەواڵگریمان ھەیە ھێزە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق لە ناوچەکانی کەرکووک چەکدارانی داعش دەبینین و تەقەیان لێ ناکەن، ھەتا زانیاریمان ھەیە ئەفسەرانی عێراقی داوایان لە کارمەند و سەربازانی عێراقی کردووە تەقە لە چەکدارانی داعش نەکرێت، ئەمەش جێگەی گومان و پرسیارە، بۆچی چەکدارانی داعش بە ئاشکرا لە ھەندێ ناوچەی کەرکووک جووڵە دەکەن و ھێزەکانیش بەرەنگاریان نابنەوە."


نووری حەمە عەلی جەختی کردەوە: "گەیشتنی دەستی داعش بۆ ھەندێ ناوچەی کەرکووک زۆر مەترسیدارە، بەتایبەتی ئەو ناوچانە پێشتر داعشیان تێدا نەبووە، ھەموو ئەو ناوچانە دەکەونە سنووری دەسەڵاتی ھێزە عێراقییەکان و ئەگەر بێت و پێشمەرگە لەو سنوورە ھەبووایە دەستی خۆی دەوەشاند."

 


PM:10:53:29/10/2020