سەفین دزەیی: بەغدا ئێمەی ناچاركرد نەوت بفرۆشین

وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت بەغدا ئێمەی ناچاكرد نەوت بفرۆشین و جەختیشدەكاتەوە كە نەوتی كوردستان هەرزانفرۆش نەكراوە.

پاش كۆتایی كۆبوونەوەی ئەمرۆی پەرلەمان، فەخرەدین قادر، سكرتێری پەرلەمان و سەفین دزەیی، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیان سازدا.
لەو كۆنگرە رۆژنامەنوسییەدا سەبارەت بە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان سازكرد كە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئاشتی هەورامی، وەزیری كاربەڕێكەری سامانە سرووشتییەكانی هەرێمی كوردستان ئامادەیی بوون.

لە سەرەتای كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا فەخرەدین قادر رایگەیاند، كۆبوونەوەكە زیاتر لە 5 كاژێری خایاند و گفتوگۆی جیدی لەسەر بابەتەكان كرا.

فەخرەدین قادر ئاماژەی بۆ ئەوەكرد كە وەفدی حكومەت وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتارانیان داوەتەوە و وەزیری سامانە سرووشتییەكان روونكردنەوەی پێویستی بە پەرلەمانتاران داوە.گوتیشی "داتاكانی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت لە ساڵی 2013 بە دۆكیۆمێنت خرانەڕوو".

هەروەها سەفین دزەیی گوتی ئەو بوارانەی قسەمان لەسەر كردن هەستیارن. لە وەڵامی بەرپرسانی بەغداش كە دەڵێن نەوتی كوردستان هەرزانفرۆش كراوە رایگەیاند، بەغدا ئێمەی ناچاكرد نەوت بفرۆشین و جەختیشیكردەوە كە نەوتی كوردستان هەرزانفرۆش نەكراوە.



PM:06:25:04/06/2014