جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی سلێمانی بۆكاروباری كارگێڕی و دارایی ده‌ڵێت" ئاواته‌خواز نه‌بوین پێشبینیه‌كانمان سه‌باره‌ت به‌كۆرۆنا بێته دی به‌ڵام به‌داخه‌وه هاته‌دی ئێستاش پێشبینی ئه‌وه ده‌كه‌ین ئه‌گه‌ر هاوڵاتیان پابه‌ندی ڕێنماییه‌كان نه‌بن و حاڵه‌ته كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان وازلێنه‌هێنن، ماسك به‌كارنه‌هێنن و دورنه‌كه‌ونه‌وه له‌بونی قه‌ڕه‌باڵغی به‌و شێوه فراوانییه‌ی كه‌ئێستا ژیان ئاسایی بۆته‌وه دڵنیایین له‌م ڕۆژگاره‌ی كه‌ئێستا تێیداین، ژماره‌كان به‌ره‌و زیاتر ده‌ڕۆن به‌دڵنیاییه‌وه ژماره‌ی كۆچكردوان و توشبوانیش به‌ره‌و زیادبون ده‌چن".
عه‌بدوڵا ئه‌حمه‌د جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی سلێمانی بۆكاروباری كارگێڕی و دارایی به ده‌نگی ئه‌مریكای راگه‌یاند" وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی سلێمانی هه‌ر له‌یه‌كه‌م حاڵه‌ت كه له‌شاری سلێمانی تۆماركرا، به‌رنامه و پلانمان بۆ هه‌موو قۆناغه‌كان دانابوو رووبه‌ڕووی ڤایرۆسی كۆرۆنا ببینه‌وه، یه‌كێك له‌و پلانانه‌ی كه‌داماننابوو لیژنه‌یه‌كمان پێكهێنا بۆ سه‌رپه‌رشتی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه به‌ڤایرۆسی كۆرۆنا كۆچی دوایی ده‌كه‌ن ئاواته‌خوازنه‌بووین هیچ كه‌سێك به‌و حاڵه‌ته كۆچ بكات، به‌ڵام دڵنیاش بووین بوونی حاڵه‌تی ڤایرۆسه‌كه له‌ناو شاره‌كه‌دا ئه‌و حاڵه‌ته‌ش ده‌بێت بۆ ماوه‌ی نزیكه‌ی 4-5 مانگ زۆر به‌ڕێكوپێكی و به‌شێوه‌یه‌كی زانستی، به‌شێوه‌یه‌كی پڕۆتۆكۆلی كه رێكخراوی (WHO ) داوای كردبوو هه‌روه‌ها به‌شێوه‌یه‌كی شه‌رعی كاره‌كانمان جێبه‌جێ ده‌كرد".
وتیشی: "له‌سه‌ر راسپارده‌ی فه‌رمانێكی وه‌زاری حكومه‌تی ناوه‌ندی كه له‌گه‌ڵ رێكخراویWHO رێككه‌وتبوون كه‌ده‌توانرێت ته‌رمی ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌كۆرۆنا كۆچی دوایی ده‌كه‌ن راده‌ستی كه‌سوكاره‌كانیان بكه‌نه‌وه، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌ك كه‌بتوانن سه‌رجه‌م رێنماییه ته‌ندروستیه‌كان جێبه‌جێ بكه‌ن، ئێمه‌ش له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و بڕیاره‌ی حكومه‌تی ناوه‌ندی گه‌یشتینه ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی كه هاوڵاتیان وه‌ك سه‌ره‌تا نییه له حاڵه‌تی بوونی ڤایرۆسی كۆرۆنا تێگه‌یشتوون و هه‌ستی به‌رپرسیارێتیان زیاتره بۆیه به‌ڕاستی ئێستا ئێمه راده‌ستیان ده‌كه‌ینه‌وه، به‌ڵام خۆمان له‌ناو نه‌خۆشخانه‌كان ده‌یانخه‌ینه كیسێكی تایبه‌ته‌وه هه‌ر به‌و كیسه‌شه‌وه راده‌ستی خزم و كه‌سوكاریان ده‌كه‌ینه‌وه به‌ڵام داوایان لێده‌كه‌ین كه‌قه‌ره‌باڵغی دروست نه‌كه‌ن و نه‌یشۆرن و كفنیشی نه‌كه‌ن هه‌روه‌ها له‌كاتی به‌خاك سپاردنیشدا رێنماییه‌كان جێبه‌جێ بكه‌ن".
"به‌دڵنیاییه‌وه له‌بوونی هه‌موو حاڵه‌تێكی قه‌ره‌باڵغی ڤایرۆسه‌كه ده‌گوازرێته‌وه به‌ڵام به‌و شێوه‌یه‌ی كه‌ئێمه داوامان لێكردوون ده‌بێت ژماره‌یه‌كی زۆر كه‌م ئاماده ببێت له‌مه‌راسیمی ناشتنی كۆچكردووه‌كه نه‌یشۆرن و كفنی نه‌كه‌ن و لێی نزیك نه‌بنه‌وه، هه‌روه‌ها به‌ده‌ستكێش و ده‌مامكی تایبه‌ته‌وه بینێژن، ده‌بێت گۆڕه‌كه‌شی دوو مه‌تر هه‌تا دوو مه‌تر و نیوی بۆ هه‌ڵبكه‌نن، گرفته‌كه هه‌ربوونی ناشتنی مردوو نییه له‌شاری سلێمانی دا، بوونی ئه‌و رێژه‌یه‌ی كه‌به‌ره‌و هه‌ڵكشان ده‌چێت له‌به‌رئه‌وه‌یه سه‌رجه‌می ژیان ئاسایی بوه‌ته‌وه بازاڕ و ماركێت و كافتریاكان كراونه‌ته‌وه ده‌رگای سنووره‌كان كراونه‌ته‌وه به‌دڵنیایه‌وه ئه‌وانه‌ش سه‌رچاوه‌یه‌كن له‌بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه"، عه‌بدوڵا ئه‌حمه‌د وایوت.
ده‌رباره‌ی ده‌رهێنانه‌وه‌ی چه‌ند ته‌رمێكی نێژراوی كۆرۆنا له‌و گۆڕستانه تایبه‌تیه و گواستنه‌وه‌یان بۆ گۆڕستانه‌كانی تر، عه‌بدوڵا ئه‌حمه‌د وتی: "ئێمه ته‌نها شوێن بووین وه‌ك پارێزگای سلێمانی كه شوێنێكمان به‌تایبه‌تی دابین كردبوو بۆ به‌خاكسپاردنی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه كۆچی دوایی ده‌كه‌ن به‌هۆی كۆرۆناوه، خۆی شوێنه‌كه گۆڕستان نه‌بوو به‌ڕاستی ئێمه كردمان به‌گۆڕستان له 2011 هه‌تا 2012 ئه‌و شوێنه دیاریكرابوو كه له‌داهاتوودا ببێت به‌گۆڕستانی شاری سلێمانی به‌ڵام كه‌سی تیادا نه‌نێژرابوو، به‌داخه‌وه یه‌كه‌مین كه‌س كه تێیدانێژرا، بریتی بوون له‌و كه‌سانه‌ی كه قوربانی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون به‌دڵنیایه‌وه هه‌ر له‌و كاته‌ی كه‌ئێمه ئه‌و كه‌سانه‌مان به‌خاك ده‌سپارد هه‌ر له‌و كاته‌شدا كه‌سوكاره‌كانیان داوایان ده‌كرد كه ته‌رمه‌كانیان راده‌ست بكه‌ینه‌وه، به‌ڵام ئێمه ئه‌و كاته له‌به‌ر ته‌شه‌نه‌كردنی ڤایرۆسه‌كه راده‌ستمان نه‌ده‌كرده‌وه، پاش تێپه‌ڕبوونی نه‌وه‌د رۆژكه له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی زانستی قسه‌مان كردوو هه‌روه‌ها له‌ڕووی شه‌رعیشه‌وه قسه‌مان كردووه كه‌سوكاری ئه‌و كه‌سانه‌ی كه كۆچی دواییان كردووه ده‌توانن گۆڕه‌كانیان بگوازنه‌وه لیژنه‌یه‌ك له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و له پارێزگا و ئاسایش پێكهاتبوو به‌سه‌رپه‌رشتی پارێزگار كه‌هه‌ركه‌سێك داوا بكات به‌ڵام ده‌بێت 90 رۆژ به‌سه‌ر كۆچكردووه‌كه‌دا تێپه‌ڕبوو بێت ئینجا ده‌توانیین راده‌ستیان بكه‌ینه‌وه".
سه‌باره‌ت به‌هۆكاری به‌رزی ژماره‌ی كۆچكردوان به‌كۆرۆنا له سلێمانی، جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی سلێمانی وتی" شاری سلێمانی وه‌ك سه‌نته‌رێكی لێهاتووه زۆبه‌ی زۆری هاوڵاتیان ڤووی تێده‌كه‌ن، ئێمه نه‌خۆشمان هه‌یه كه له‌شاره‌كانی تره‌وه دێت یان له قه‌زاو ناحیه‌كانه‌وه دێت، دوو ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆمان هه‌یه وه‌ك ئیداره‌ی گه‌رمیان و ئیداره‌ی راپه‌ڕین له‌گه‌ڵ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌مان هه‌یه بوونی هه‌موو ئه‌و داتایانه دێته‌وه سه‌ر پارێزگای سلێمانی كه حكومه‌تی ناوه‌ندی به‌شێوه‌یه‌كی گشتی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كات دووه‌م رێژه‌كه 30% تا 35% هی ده‌ره‌وه‌ی شاری سلێمانیه، به‌ڕاستی ئێستا نه‌خۆشخانه‌كانمان پڕبوون هه‌ر كه‌سێك له‌و كه‌یسانه‌ی كه‌داخلی نه‌خۆشخانه‌كانمان ده‌بن به‌حاڵه‌تێكی ته‌ندروستی زۆر ناجێگیره‌وه داخل ده‌بن، ته‌نانه‌ت كه‌یسمان هه‌بووه هه‌ر له‌ڕێگا كۆچی دوایی كردووه كه‌یسمان هه‌بووه هه‌ر له‌ناو نه‌خۆشخانه‌دا كۆچی دوایی كردووه، ئه‌وه‌ی له‌نه‌خۆشخانه‌كانن 80% بۆ90% یان پێیویستیان به‌ئۆكسجینه، رێژه‌كه زۆر زۆر له هه‌ڵكشاندایه، نه‌خۆشخانه‌كانیشمان ته‌قه‌بولی ئه‌و هه‌موو نه‌خۆشانه ناكات بۆیه هه‌ر نه‌خۆشێك كه داخل ده‌بێت به‌حاڵه‌تێكی ته‌ندروستێكی زۆر ناجێگیره‌وه داخل ده‌بێت، بۆیه تاڕاده‌یه‌ك رێژه‌كه زیاتره له‌گه‌ڵ سوپاس و ده‌ستخۆشیم بۆ سه‌رجه‌م دكتۆر و كارمه‌نده‌كان كه ماندوو نه‌ناسانه هه‌رچی توانا و وزه‌یان هه‌یه له‌پێناوی نه‌خۆشه‌كاندا به‌كاریده‌هێنن".
عه‌بدوڵا ئه‌حمه‌د، ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، "ئێمه 4-5 مانگ له‌مه‌و پێش زۆر داوامان له هاوڵاتیان كرد كه‌پابه‌ندی رێنماییه‌كان بن كه‌ئه‌وكاته دۆخه‌كه زۆر ئاسایی بوو، پێمان ده‌وتن ئه‌گه‌ر پابه‌ندنه‌بن ده‌چینه رۆژگارێك كه زۆر زۆر ناڕه‌حه‌ت ده‌بێت، ئێمه ئاواته‌خوازنه‌بووین پێشبینییه‌كانی ئێمه بێته دی به‌ڵام به‌داخه‌وه هاته‌دی، ئێستاش ده‌ڵێین به‌م دۆخه‌ی ئێستا و به‌ره و په‌تای وه‌رزی ده‌ڕۆین به‌ره‌و پایز و زستان ده‌ڕۆین به‌دڵنیاییه‌وه ده‌یڵێن ئه‌گه‌ر هاوڵاتیان پابه‌ندی رێنماییه‌كان نه‌بن و حاڵه‌ته كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان واز لێنه‌هێنن، ماسك به‌كارنه‌هێنن و دوورنه‌كه‌ونه‌وه له‌بوونی قه‌ره‌باڵغی به‌و شێوه فراوانییه‌ی كه‌ئێستا ژیان ئاسایی بوەته‌وه، دڵنیایین له‌م رۆژگاره‌ی كه‌ئێستا تێیداین، ژماره‌كان به‌ره‌و زیاتر ده‌ڕۆن به‌دڵنیاییه‌وه ژماره‌ی كۆچكردووان و تووشبوانیش به‌ره‌و زیاد بوون ده‌چن".
جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی سلێمانی بۆ كاروباری كارگێڕی و دارایی جه‌خت ده‌كاته‌وه: "به‌ڕاستی ڤایرۆسی كۆرۆنا ته‌نها به‌كه‌رتی ته‌ندروستی كۆنتڕۆڵ ناكرێت و پێویستمان به‌هاوكاری هه‌موو لایه‌كه پێویستمان به‌بوونی لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانه هه‌موو داموده‌زگاكانی تر كه‌هاوكاربن له‌گه‌ڵ كه‌رتی ته‌ندروستیدا كه‌رتی ته‌ندروستی ته‌نها لایه‌نی زانستی و ده‌ركردنی رێنماییه‌كانه بۆ خۆپاراستن به‌و شێوه‌یه‌ی كه داوای ده‌كات".
هه‌روه‌ها ڕاشیگه‌یاند: "له‌وانه‌یه حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش وه‌ك پێویست هاوكارنه‌بێت له‌گه‌ڵماندا، به‌ڕاستی ئێمه پێویستمان به بودجه‌ی تایبه‌ته داوامان له حكومه‌ت كردووه پێویستمان به‌دامه‌زراندنی رێژه‌یه‌ك له كارمه‌نده وه پێویستمان به كردنه‌وه‌ی نه‌خۆشخانه‌یه هه‌رچه‌نده ئێستا ئێمه له‌حاڵه‌تی ئه‌وه‌داین كه‌یه‌كێك له‌نه‌خۆشخانه‌كانی تریش بكه‌ینه‌وه، چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ین كه حكومه‌تی ئه‌ڵمانی به‌ڵێنی داوه نه‌خۆشخانه‌یه‌كی 100 بێدی مان بۆ بكاته‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌مانه بێته به‌رده‌ست ئێمه ده‌توانیین زیاتر زاڵ بین به‌سه‌ربوونی حاڵه‌ته‌كاندا".
عه‌بدوڵا ئه‌حمه‌د، ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد: "ناڵێین حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هاوكار نییه به‌ڵام وه‌كو پێویست نییه، تا ئێستا یه‌ك كارمه‌ندی بۆ دانه‌مه‌زاندووین مووچه له‌كاتی خۆیدا نایه‌ت كه‌دوو مانگ جارێك ئێمه مووچه‌كانمان وه‌رده‌گرین بۆیه خزمه‌تگوزارییه‌كانیش وه‌كو پێویست جێبه‌جێ ناكرێت".
پێشتر وه‌زیری ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاند" هەر پزیشك و كارمه‌ندێكی ته‌ندروستی به‌كۆرۆنا كۆچی دوایی بكات وه‌ك قه‌ره‌بوویه‌ك بڕی پێنج ملیۆن دینار ده‌درێت به‌كه‌سوكاره‌كه‌ی".
عه‌بدوڵا ئه‌حمه‌د سه‌باره‌ت به‌م بڕیاره‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ده‌ڵێت "به‌داخه‌وه ئێمه ده‌مانه‌وێت له‌حاڵه‌تی زیندوێتی دا خزمه‌تمان بكه‌ن، وه هیچ كاریگه‌ری له‌بوونی حاڵه‌ته‌كان ناكات به‌ڵام هه‌ركارێك كه‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌یكات په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه هه‌بێت كه بژێوی ژیانی خه‌ڵك به‌ره‌و باشبوون بڕوات ئێمه ده‌ستخۆشی لێده‌كه‌ین، یه‌كێك له‌بوونی ئه‌و حاڵه‌تانه‌ی كه له‌بواری كۆمه‌ڵایه‌تیدا بۆ هه‌رێمی كوردستان سوود به‌خانه‌واده‌كه‌شی ده‌گه‌یه‌نێت چونكه ده‌زانیین ئه‌وانه‌ی كه كۆچیان كردووه زۆربه‌ی زۆری ئه‌وانه له‌حاڵه‌تێكی دارایی باشدانیین به‌ڵام ئێستا ئێمه ئاواته‌خوازین حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئێستا كه‌پێویستمان به‌بودجه‌یه‌كی تایبه‌ته و له‌حاڵه‌تێكی زیندوێتیداین و ماڵ و مناڵه‌كانیشمان بتوانن به سه‌ربه‌رزی بژین و كارمه‌نده‌كانمان ڕوو له كه‌رتی تایبه‌ت نه‌كه‌ن بۆ بژێوی ژیانیان، له‌كاتی بوونی ژیانیشیاندا ئه‌و خزمه‌ته‌ی كه پێشكه‌شیان ده‌كه‌ن، ئێستا پێشكه‌شیان بكه‌ن به‌ڵام به‌هه‌رحاڵ ئه‌گه‌ر بۆ خانه‌واده‌كانیشیان بێت هه‌ر كارێكی باشه".