حكومه‌تی هه‌رێم له‌ باره‌ی مردنی عیزه‌ت دووری له‌ هه‌ولێر روونكردنه‌وه‌ ده‌دات

وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێمی کوردستان رەتیکردەوە عیزەت دووری لە نەخۆشخانەیەکی هەولێر مردبێت و دەڵێت" ئەو بابەتە بنەمای نییە و لە راستییەوە دوورە".

 

جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان  لەبارەی مردنی عیزەت دوری جێگری سەدام حسێن، سەرۆكی پێشووی رژێمی بەعس لە نەخۆشخانەیەكی هەولێر روونکردنەوە دەدات و ڕاگەیاند" هەواڵی مردنی عیزەت دووری جێگری سەدام حسێنی سەرۆكی پێشووی رژێمی بەعس لە نەخۆشخانەیەكی هەولێر بنەمای نییە‌ و لە راستییەوە دوورە". 

 

ئاماژەی بەوەشکردووە" رۆژنامەی (اخبار الخلیج) كە رۆژنامەیەكی بەحرەینییە، لە راپۆرتێكدا بڵاویكردەوە، عیزەت دووری، جێگری سەرۆكی پێشووی رژێمی بەعس لە نەخۆشخانەیەكی شاری هەولێر مردووە".

 

جوتیار عادل باسی لەوەشکردووە، كەسوكارەكەی دەڵێن، عزەت دووریان بردووەتەوە لە شوێنێكی نزیک لە قەزای دۆر بەخاكیان سپاردووە.

 

رۆژی دووشەممەی رابردوو، ٢٦ی ئەم مانگە، حزبی بەعسی عیراق بەبێ ئەوەی ھۆکاری مردنەکەی و شوێنی مردنەکەی ئاشكرا بکات، گیانلەدەستدانی عیزەت ئیبراھیم دووری ئەمینداری گشتی حزبەکەی راگەیاند.

 

عیزەت ئیبراھیم دووری لە ١ی تەممووزی ١٩٤٢ لە ناوچەی دووری سەر بە پارێزگای سەلاحەددین لەدایکبووە، ساڵی ١٩٥٩ لەلایەن حکومەتەکەی عەبدولکەریم قاسمەوە دەستگیردەکرێت‌ و پاش ئازادكردنی یەکێک دەبێت لەو بەعسیانەی کە ڕۆڵی سەرەکی دەبێت لە کودەتای ١٧ی تەممووز ١٩٦٨.

هەروەها، لە ساڵی ١٩٦٩دا عیزەت دووری بووەتە ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی بەعس و لە ساڵی ١٩٧٩ لە حزبدا بووەتە جێگری سەدام حسێن سەرۆکی حزبی بەعسی عێراقی و لەکاتی ھێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ سەرکردەی ناوچەکانی باکووری عێراق بووە.



PM:04:23:30/10/2020