شاعیری ناسراوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (جەلالی مەلەکشا) لە شاری سنە گیانی لەدەستدا.
جەلالی مەلەکشا، لە ساڵی 1951 لە گوندی مەلەکشا سەر بە شاری سنە لەدایکبووە. هەر لەوێ خوێندوویەتی و لە سەرەتاوە بە فارسی شیعر و پەخشان و چیرۆکی نووسیووە.
مەلەکشا لەبەر ھێز و پێزی لە نووسیندا بەبێ ئەوەی کتێبی چاپکراوەی ببێ، بووەتە ئەندامی "کانوونی نووسەرانی ئێران". لەو کاتەدا زۆرێک لە شاعیر و نووسەرانی گەورەی ئێرانی ئەندامی کانوون بوون، وەک ئەخەوانی سالس، ئەحمەدی شاملوو، جەلالی ئالی ئەحمەد، مەحموود ئیعتمادزادە و هۆشەنگ گوڵشیری.
دوای ساڵی 1979 جەلالی مەلەکشا بە کوردی بەرهەمە ئەدەبییەکانی نووسیوون. بۆ ماوەی 15 ساڵ وەکو نووسەر و رۆژنامەڤان دەبێتە ئەندامی گۆڤاری سروە و پەرە بە زمان و ئەدەبی کوردی دەدات.
ماوەیەک لە شاری هەولێر لە گۆڤاری پرشنگ سەرقاڵی کاری رۆژنامەڤانی بووە، لە شاری سنەش لەگەڵ چەند هەفتەنامە و گۆڤارێکدا کاری کردووە.
ماوەی چەند ساڵێک بوو جەلال مەلەکشا بەهۆی هەڵکشانی تەمەنی و نەخۆشی خانەنشین بوو، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە لە تەمەنی ٦٩ ساڵیدا بە جەڵتەی دڵ لە شاری سنە کۆچی دواییکرد.
نموونەیەک لە شیعرەکانی مەلەکشا:
ئاواتێک
جەلالی مەلەکشا
ئاخۆ کەی بێ ئەورۆژە بێ
کاوەی کوڕم جانتای سەفەر کاتە شانی
دەڵاڵانی بەرگەراجی شاری سنە
هاوار بکەن
سلێمانی......سلێمانی