سپی پەیوەندییەكان‌و هەڵوێستی یەكێتی لەسەر مالكی ئاشكرا دەكات

یەكێتی نیشتمانی كوردستان ڕەتیدەكاتەوە مالكی لەرێگای ئەوانەوە مووچە بنێرێت بۆ هەرێم‌و جەخت دەكەنەوە كە بیرۆكەی پێكهێنانی حكومەتی بنكە فراوان بیرۆكەی ئەوان بووە لەهەرێمدا، لەبەرئەوە لەدەرەوەی ریزی نیشتمانی كارناكەن.
بەپێی زانیارییەكانی سپی میدیا یەكێتی پەیوەندییەكانی لەگەڵ مالكی گەرمەو سەركردەكانی ئەو حیزبە لەوانە عادل موراد‌و فریاد رەواندوزی‌و بەرهەم ساڵح لەو ماوەیەی پێشوودا چاویان بە مالكی كەوتووە، سلێمانی عەبدوڵا یونس ئەندامی مەكتەبی رێكخستنی یەكێتی لە لێدوانێكیدا بۆ سپی میدیا ئەو پەیوەندیانەی پشتڕاستكردەوە‌و وتی" مالكی كەسایەتییەكی یاساغ نییە تا ئێمە پەیوەندیمان نەبێت لەگەڵیدا‌و هەموو لایەنەكانی تریش بەپارتی‌و گۆڕان‌و لایەنەكانی ترەوە پەیوەندییان لەگەڵ مالكی‌و لیستەكەیدا هەیە، بۆ نمونە جێگری سەرۆك وەزیران د. رۆژ نوری شاوەیس پارتیە، هەروەها هۆشیار زێباریش وەزیری دەرەوەیە‌و هەفتانە كۆبوونەوەی لەگەڵ مالكی دەكەن".
سلێمان عەبدوڵا یونس دەڵێت" مالكی‌و لیستەكەی زۆرترین دەنگیان هێناوە لەگەورەترین هاوپەیمانی لەعێراقدا كە ئەویش هاوپەیمانی نیشتمانی (شیعەیە)".
سەبارەت بە ئامادەی مالكی بۆ ناردنی مووچەی دەڤەری سلێمانی‌و سەرجەم هەرێم لەرێگای یەكێتیەوە، ناوبراو ئەو زانیارییانەی پشتڕاستكردەوە، بەڵام وتی" یەكێتی خۆی خاوەنی بیرۆكەی حكومەتی بنكە فراوان بووە كە لەهەرمێدا دادەمەزرێت‌و بەغدا مامەڵە لەگەڵ ئەو حكومەتەدا بكات، هەر بۆیە ئێمە ئەو پێشنیارەمان رەتكردەوە".
ئەو جەخت دەكاتەوە كە "یەكێتی مافی خۆیەتی ئیدارەی بەرژەوەندییەكان‌و پەیوەندییەكانی خۆی بكات، بەڵام ریزی كورد لەت لەت ناكات‌و بەرژەوەندی گەلی كورد دەخاتە سەر بەرژوەندی حیزبییەوە".
سەبارەت بەڕای یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ نوێكردنەوەی ولایەتی سیهەمی سەرۆك وەزیرانی عێراق نوری مالكی‌و كاندیدكردنەوەی بۆ ئەو پۆستە، یونس دەڵێت " ئێمە لەگەڵێ‌ بین یان نەبین، مالكی دیفاكتۆیە، زۆرترین دەنگی هێناوە لەگەورەرتین كوتلە لەگەورەترین هاوپەیمانێتیدا، ئێمە دەست وەرنادەین لەكاروباری شیعە، هاوپەیمانی نیشتمانی بڕیاری چی دا ئێمە رێزی لێدەگرین، ئیجماعی شیعی بەمەرجعیە ئاینییەكانیشەوە بڕیاری چیان دا، ئێمە مامەڵەی لەگەڵ دەكەین".
ئەو وتی" هەموو لایەنەكان پەیوەندییان لەگەڵ هاوپەیمانی شیعەو سەركردەكانی هەیە، رەنگە یەكێتی پەیوەندییەكانی لە لایەنەكانی تر باشتربێت، لەرێگای ئەو پەیوەندیانەوە یەكێتی هەوڵدەدات پەیوەندی سەرجەم لایەنە كوردییەكانیش بەشیعەوە بەرەو باشتر بەرێـت".
سلێمان عەبدوڵا یونس لەسەر هەڵویستی كوتلەی سەدر‌و مواتن كە مالكی وەك سەرۆك وەزیران رەتدەكەنەوە، وتی" نابین بەبەشێك نەبۆ مانەوەی مالكی‌و، نە بۆ لابردنی كارناكەین".     

  



PM:12:54:05/06/2014