جەمیل بایک لەسەر شەنگال هێرش دەکاتە سەر پارتی

جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەرایەتی کەجەکە، رایدەگەیەنێت "پێویستە پارتی و عێراق  دەست لەو سیاسەتە هەڵگرن. ئەگەر عێراق دەیەوێت هەڵوێستێکی ڕاستەقینە پیشان بدات، پێویستە لە چوارچێوەی دەستوری بنەڕەتیدا خۆسەری و خۆپاراستنی شنگال قبوڵ بکات".


هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەرایەتی کەجەکە لە وتارێکدا کە لە میدیاکانی پەکەکە بڵاوکراوەتەوە، رایگەیاند،"ئەمریکا، تورکیا و پارتی لە شەنگالیش دەستیان بە هێرشێکی نوێ کردوە. ئاشکرایە کە لە دژی ئەو هێزانەی گەلی شەنگالیان لە هێرشەکانی داعش پاراست و رێگەیان بە قڕکردن نەدا، پلانگێڕیەکیان ئامادەکردوە. ئێستا ئەوانەی شەنگال بەرێوەدەبەن خەڵکی شەنگالن، هێزەکانی خۆپاراستنیش لە رۆڵەکانی خەڵکی شەنگال پێکدێت. خۆسەری و خۆپاراستنی شەنگال بۆ خەڵکی شەنگال وەکو شیری دایکیان حەڵاڵە."

 
لە درێژەی قسەکانیدا، جەمیل بایك،  دەڵێت،"ئیمزاکردنی رێككەوتنی شنگال لە ٩ ی تشرینی یەکەمدا، ئەم راستیە دەسەلمێنێت. ئەوانەی لە ٩ ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩دا هێرشیان کردە سەر گرێ سپی و سەرێکانی و داگیریان کرد، ئێستاش لە شنگال لە هەوڵی هەمان هێرشدان. بە شێوەیەکی ئاشکرا دەیانەوێت لە هەر دەڤەرێک کە هاوسۆزی پەكەكەن، هێرش بکەنە سەریان. پارتی دژایەتیەکەی تورکیا بۆ ئۆجەلان دەبینێت و بە سودوەرگرتن لەمە، دەیەوێت لە شنگال سەر لە نوێ دەسەڵات بگرێتەوە دەست. بۆیە بوەتە هاندەری هێرشەکانی سەر شنگال و بە رەوای دەبینێت. لە راستیدا تورکیا هێرشی ئەو ناوچەیە دەکات، پارتیش دەڵێت، 'لەوێ هێزی نایاسایی بونیان هەیە، پەکەکەی لێیە'. ئایا ئەمە مەنتیقە؟" لەو روانگەیەشەوە رایگەیاندوە،"ڕێککەوتنی عێراق و پارتی لە چوارچێوەی پیلانەکانی پارتی و توركیا بۆ سەر عێراق ئەنجامدراوە. و لە ئەنجامی هەڵخەڵەتاندنی عێراق لە لایەن ئەمریکاوە بوە."


وتیشی،"ڕێککەوتنەکەی سەر شنگال زۆر قێزەونە. بناغەی ئەو ڕێککەوتنە ئەو کاتە دانرا کە کازمی و وەزیری دەرەوەی عێراق كە پارتیە، فوئاد حسێن سەردانی ئەمریکایان کرد. کاتێک نێچیرڤان بارزانیش چوە تورکیا، چوارچێوەی پلانەکەیان دروست کرد. ژمارەیەک ولاتی ئەوروپاش بە بیانوی ئەوەی لە شنگال ئارامی دروست دەبێت، پشتگیریان لە ڕێککەوتنەکە کرد. ئەمە ڕێککەوتنی ئارامی و ئاسایشی شنگال نییە. ئەمە بە واتای ئەوە دێت کە شەنگال دەکەنە گۆڕەپانی شەڕ. ئیستا ئارامی هەیە. تورکیا و پارتی ئارامیەکە تێکدەدەن. گەلی ئێزدی و عەرەب لەژێر چەتری بەرێوەبەرایەتی خۆسەری دیموکراتیکدا بە ئارامی دەژین. لەناویاندا نە شەڕ و نە ناکۆکی هەیە. تورکیا و هێزە دەرەکیەکان هێرش و نائارامی دروست دەکەن.  ئەوەش بە فشاری پارتی دەکرێت. ئەمریکاش پشتگیری لەو هێزانە دەکات و زەمینەی هێرش ئامادە دەکات."

 
ماوەی هەفتەیەکە بارگرژی میدیا و جوڵانی هێز لە نێوان پەکەکەو پارتیدا درێژەی هەیە، ناکۆکیەکە بەرزبۆتەوە بۆ لوتکەی هەردوو حیزب.

 


PM:09:19:03/11/2020