" لە سنوری چەمانکێ گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان پێشمەرگە و گەریلاکانی پەکەکە روویدا "

ئەمڕۆ چوارشەممە له ‌سنووری ناحیەی چه‌مانكێ ڕووبەڕوبوونەوە لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و ژمارەیەک گەریلای پەکەکە ڕوویدا.

 

ئەلەند ئەمیر، بەڕێوەبەری ناحیەی چەمانکێی سەر بە قەزای ئامێدی رووداوی راگەیاند" بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ژمارەیەک گەریلای سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ناحیەی چەمانکێ هێرشیانکردووەتە سەر پێشمەرگە و لە ئەنجامدا سێ پێشمەرگە بریندار بوون". 

 

بەوتەی بەڕێوەبەری ناحیەی چەمانکێی سەر بە قەزای ئامێدی، تاوەکو ئێستا دۆخەکە ئاسایی نەبووەتەوە و تەقە بەردەوامە. 

 

ئەمە لە کاتێکدایە، ڕۆژی ٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند" مێژوو شاهیدی ئەوەمان بۆ دەدات و شانازی دەکەین کە شەڕی کورد و کوردمان حەرام کردووە، چونکە گەلی كوردستان و هەموو لایەکمان زەرەری زۆرمان لە شەڕ و ناتەبایی بینیوە، بەڵام نابێت ئەم هەڵوێستەمان بە هەڵە لێک بدرێتەوە و ئیستغلال بكرێت بۆ ئەوەی تەحەدای دەستەڵاتی یاسایی هەرێمی کوردستان بکرێت و هەوڵی سەپاندنی ئیرادەیەكی چەكدارانەی نایاسایی بە سەر خەڵکی کوردستان بدرێت".

 

هاوکات، دوێنێ بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوبەری کۆماجڤاکێن کوردستان- کەجەکە، له‌ میدیاكانی نزیك له‌ په‌كه‌كه‌وه‌، سیاسەتەکانی پارتی‌ سەبارەت بە هەڵگیرساندنی شەڕ بە مەترسیدار ناوبرد و جەخت لەوە كرده‌وه‌، کە ئەو شەڕە دژی گەلی کورد راگەیەندراوە، نەک پەکەکە، ئەم سیاسەتە پارتی‌ بەرەو لەناوچوون دەبات.



AM:11:38:04/11/2020