ژمارەیەک نوسەرو رۆژنامەنووس راگەیاندنێک دژی بارگرژی نێوان پەکەکەو پارتی بڵاودەکەنەوە

ژمارەیەک نووسەرو رۆژنامەنووس لە راگەیاندنێکدا دژی بارگرژی نێوان پارتی کرێکارا نی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێن " ئەم ھەڵقەیە لە شەڕی کورد و کورد، وەک زۆر ھەڵقەی تری، تەنھا شەڕێکی ناوەکیی نەبووە و نییە، تەنھا ھەندێک ناکۆکیی ناوەکیی نێوان ھێزە کوردییەکان دروستیناکات، بەڵکو بەردەوام بەرنامە و خواستێکی ئیقلیمیی نەگریسیشی لەپشتەوەبووە و لەپشتەوەیە. پێکدادانی ئەم جارەی پارتی و پەکەکە، درێژکردنەوە و ڕاکێشانی سیاسەتی تورکیا و ئەردۆگانە بۆ ناو ھەرێمی کوردستان و لەزۆر ڕووشەوە ئەم جەنگە جەنگێکی لەبرییە".


 
تکایە ئەو جەنگەی بەڕێوەیە، ڕابگرن


ھەموو ئاماژەکان باس لەوەدەکەن جەنگێکی خوێناوی گەورە بەڕێوویە، ئەمجارەیان لەنێوان ھێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و گەریلاکانی پەکەکەدا. چەندان ھەواڵ و ڕاپۆرتی جیاواز باس لە دۆخی خۆئامادەکردن بۆ جەنگ دەکەن. ھەزاران چەکدار بەرەو شوێنی مەبەست جوڵەیان پێکراوە، سەنگەرە کۆنەکان نۆژەن کراونەتەوە و سەنگەری تازە دروستدەکرێن. تەپۆڵکەکان پڕکراونەتەوە لە چەکدار، شوێنی نیشتنەوە بۆ ھەلیکۆپتەرەکان سازدەکرێت، مین لەسەر ڕێگاکان کۆدەکرێنەوە و چەکدارەکان لە یەکتر نزیکدەبنەوە.


ھەموو ئەم شتانە وەک پێشینەیەک بۆ پەلاماردان و ڕووبەڕووبوونەوە ئامادەکراون. ئەوەشی لەم دە ڕۆژەی دواییدا سەرنجی لە میدیا و قسەی بەرپرسە سەرەکییەکانی پارتی دابێت، دەزانێت لە پشتی گوتارەکانیانەوە پلان و ئەگەری شەڕێکی گەورە ئامادەیە. شەڕێک لە سەردەمی کارەساتی کۆرۆنا و ھەژاریی و نەدارییەکی سەرتاسەریی خەڵکدا.


بێگومان شەڕی کورد و کورد مێژوویەکی خوێناویی و ناشیرینی ھەیە. ھەمیشە سەرکردە و منداڵ و ھاوڕێکانیان لە ماڵەکانی خۆیان دادەنیشن و لە دوورەوە سەیری ڕشتنی خوێنەکان دەکەن، بەڵام لەناو سەنگەر و تەپۆڵکەکاندا ھەوادار و ھێزە سەربازییەکانیان دەکوژن و لێیاندەکوژرێت. ئەم ھێزیان پارە و چەک لەم ھێزی ئیقلیمی و ئەویتریان لەو ھێزی ئیقلیمی تر وەردەگرێت. شەڕی ئەم ھێزانە ھەمیشە بەشێک بووە لە پیلانێکی ناشیرین بۆ کۆکردنەوەی دەسەڵاتی زیاتر و بۆ کەڵەکەکردنی زیاتری سەرمایەی و دەسکەوت.


ئەم ھەڵقەیە لە شەڕی کورد و کورد، وەک زۆر ھەڵقەی تری، تەنھا شەڕێکی ناوەکیی نەبووە و نییە، تەنھا ھەندێک ناکۆکیی ناوەکیی نێوان ھێزە کوردییەکان دروستیناکات، بەڵکو بەردەوام بەرنامە و خواستێکی ئیقلیمیی نەگریسیشی لەپشتەوەبووە و لەپشتەوەیە. پێکدادانی ئەم جارەی پارتی و پەکەکە، درێژکردنەوە و ڕاکێشانی سیاسەتی تورکیا و ئەردۆگانە بۆ ناو ھەرێمی کوردستان و لەزۆر ڕووشەوە ئەم جەنگە جەنگێکی لەبرییە. سوپای تورکیا لە ساڵی ١٩٨٤ەوە لەگەڵ پەکەکەدا لە جەنگدایە. لەم چەند ساڵەی دواییشدا ئەم سوپایە و حکومەتەکەی ئەردۆگان بە مەبەستی لەناوبردنی یەکجارەکی پەکەکە، لە پەلاماردانێکی بەردەومدابوون بۆ سەر ناوچەکانی قەندیل. لەناو تورکیا خۆشیدا ڕژێمی تورکیا لە جەنگێکی ناوەکیدایە لەگەڵ ئەو پارتە سیاسییە کوردیانەی کە ڕێگای خەباتی پەرلەمانی و مەدەنیان گرتۆتەبەر. ئەوەی ئێستا لە نێوان پارتی و پەکەکەدا ڕووئەدات، لەزۆر ئاستیدا، درێژەدانە بەم جەنگەی ئەردۆگان و تورکیا دژ بە کوردانی باکور، بەڵام بە ھاریکاری و بەشداریی ھێزێکی کوردی کە خاوەنی چەک و جبەخانە و پارەیەکی زۆر و گەورەیە.


ئەوەی دەبێت ڕێی پێبگیرێت ڕوودانی ئەم جەنگەیە. ئەم جەنگە جگە لە خوێنڕشتن و کارەسات و جگە لە بەھێزبوون و چەسپاندنی زیاتری چەپۆکی تورکیا لە ھەرێمدا، ھیچ ئەنجامێکی تری نابێت. لە دۆخی ڕوودانیدا وێرانکردنی تەواوەتی ھەرێمەکە و گیرۆدەکردنی دەبێت بە کۆمەڵێک کێشەی وەھاوە کە چارەسەرکردنیان لەژێر دەسەڵاتی خەڵکی کوردستاندا نابێت. ئەگەری دروستبوونی زۆنێکی تورکیی لە ھەرێمدا دەبێتە واقیعێکی سیاسیی و سەربازیی و زیاد لە نەوەیەک بە دەست دەرەنجام و سیاستەکانییەوە گیر دەخۆن. بۆیە ئەم جەنگە لە دۆخی ڕوودانیدا، تەنھا ھەڵەیەکی سیاسیی نابێت، بەڵکو ھەڵەیەکی ستراتیژیی ترسناک دەبێت کە کێشەی گەورە و چاوەڕواننەکراو بۆ خەڵکی کوردستان دروستدەکات.


ئەم دۆخە ئەرک و بەرپرسیاریەتێکی گەورە و ھەمەلایەن دەخاتە سەرشانی ھەموو ئەو تاکەکەس و ھێز و پارتە سیاسیی و ئۆرگانە مەدەنیانەی، کە دەرک بە مەترسی دۆخەکە دەکەن. ھەوڵی ڕێگرتن لە ڕوودانی ئەم جەنگە تاقە کردەیەکی سیاسی و ئینسانیی ڕاستەقینەیە. ئەم جەنگە، گەر ڕووبدات، دەبێتە یەکێک لە کارەساتە ھەرە گەورە و ناقۆڵاکانی دونیای ئێمە. بۆیە ڕێگرتن لەڕوودانی تاقە کارێکی سیاسیی و ئەخلاقیی و ئینسانیی ڕاستەقینەیە.


ئێمە كە لەخوارەوە ئێمزامان كردووە داوا دەكەین نەك ڕێگە بەم شەڕە بگیرێت، بەڵكو هەموو ئەو ئامادەكاریانەش هەڵوەشێنەوە كە بۆ بەرپاكردنی شەڕ ئامادەكراون و هێزەكان بگەڕێنەوە بنكەكانی خۆیان. ئەو کێشانەشی کە ھەن بەڕێگای ئاشتیانە و لە ڕێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بكرێن. خۆ ئەگەر ھیچ یەکێک لەم شتانە ناکرێت، داوای ئێمە لە ھێزی پێشمەرگەیە، لەو کەسانەیە کە نێردراون بۆ بەرەکان، ئەو شەڕە نەکەن و بگەڕێنەوە ناو ماڵ و منداڵی خۆیان.


رەووف بێگەرد، نووسەر
مەریوان وریا قانع، نووسەر
نیاز عەبدوڵڵا، رۆژنامەنووس
ئەحمەدی مەلا، نووسەر
دانا رەوف، شانۆکار 
چۆمان هەردی، نووسەر
سەلام عومەر، رۆژنامەنووس
زاهیر عەبە ڕەش ، شانۆکار
ئەژین عەبدولخالق، نووسەر
میران ئەبراهام، رۆماننووس
ئازاد بەرزنجی،، نووسەر
مەریوان هەڵەبجەیی، وەرگێڕ
ئەنوەر رەشید عەوڵا، شاعیر
لازۆ ئازاد، شاعیر
هیوا قادر، شاعیرو نووسەر
سەلام موحەمەد، شاعیر 
ئالان پەڕی، شاعیر
گۆران مەریوانی، نووسەر
د. کامەران قەرەداخی، دکتۆر
ئاراس فەتاح، نووسەر
هۆشەنگ وەزیری، نووسەر
ئارام عەلی، شێوەکار
ئارام سەعید، نووسەرو میدیاکار
کاوە محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق
خالید سلێمان، نووسەرو رۆژنامەنووس
رێبین هەردی، نووسەر
هیوا فایەق، شانۆکار
سەردار محەممەد، نووسەرو رۆژنامەنووس
ئاسۆس هەردی، نووسەر


PM:08:38:05/11/2020