هێزە ئەمنییەکانی ئێران، لە سنووی چالدێرانی پارێزگای ئورمیە تەقەیان لە کاروانێکی کۆڵبەران کردووە و کۆڵبەرێک کوژراو و چەند کۆڵبەری دیکەش دەستگیرکراون.
بەپێی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری چاڵدۆران تەقەیان لە کاروانێکی کۆڵبەران کردووە و کۆڵبەرێک کوژراوە.
هەنگاو ڕاشیگەیاندووە" لە ئەنجامی تەقەی ئەو هێزانە، کۆڵبەرێکی تەمەن ٣٨ ساڵ بە ناوی حەسەن دالایی میلان خێزاندار و باوکی سێ منداڵ کە خەڵکی گوندی قاشقابلاغ بووە، کوژراوە".
دەشڵێت" تا ئێستا تەرمی ئەو کۆڵبەرە ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە و چەندین کۆڵبەری دیکەش کە لەگەڵ حەسەن بوون لەلایەن هێزە چەکدارەکانی سەرسنوور دەستگیرکراون".
بەپێی ئامارێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەماوەی یەک هەفتەی ڕابردوودا ٨ کۆڵبەر لە سنووری کوردستان کوژرا و بریندار کراون کە لەو ژمارەیە سێ کەسیان گیانیان لەدەست داوە.