هەپەگە کوژرانی ١٣ سەربازی تورکیا ڕاگەیاند

ئەمڕۆ ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە، لە بارەی زنجیرە چالاکییەکانی گەریلاوە ڕاگەیەندراێکی بڵاو کردەوە و ڕایدەگەیەنێت" هێزەکانمان لە چوارچیوەی هەنگاوی کاتی ئازادیە دا چالاکیان ئەنجامدا، كه‌ تیایدا ١٣ سه‌ربازی سوپای توركیا كوژران". 

هەپەگە لەبارەی چالاکیەکانی ئەم زانیاریانەی بڵاوکردەوە:

 

لە ٤ی تشرینی دووهەم هێزەکانمان لە دژی سوپای داگیرکەری دەوڵەتی تورک لە دەربەندی گوندی گرانەی سەر بە دەڤەری گۆڤەند لە هەرێمی ئاڤاشین لە کاتژمێر ٠٦:٢٥ خولەک دوو چالاکیان ئەنجامدا. لە چالاکیی یەکەمدا دوو سەنگەر و بارەگا بە ئامانج گیران و لەناو بران و ئەو داگیرکەرانەی لە ناو سەنگەر و بارەگاکاندا بوون، سزا دران.

لە چالاکی دووهەمیشدا سەنگەرەکانی دەوروبەر بە ئامانج گیران و لە چەند سەنگەرێکی دوژمن درا.

لە ئەنجامی چالاکیەکەدا ٦ داگیرکەر سزا دران، ژمارەیەکیشیان بریندار بوون. دوو سەنگەر بە تەواوەتی لەناو بران و سەنگەرەکانی تریش پێکێنران.

هەمان رۆژ لە کاتژمێر ٠٩:٣٠ خولەک سوپای داگیرکەری تورک بە هەلیکۆپتەر سەربازە سزادراو و بریندارەکانیان لە ناوچەکە دوور خستەوە و دواتر ناوچەی چالاکیەکە و گوندی هەرموشی بوردومان کرد.

هێزەکانمان لە بەروای ٦ی تشرینی دووهەم کاتژمێر ٠٩:٣٠ خولەک یەکەیەکی داگیرکەرانیان لە رێگای نێوان دەربەندی گرانە و تەپەی خوا-ی سەر بە دەڤەری گۆڤەندی هەرێمی ئاڤاشین، خستە ژێر چاودێریەوە. دوای ماوەیەکی کورت، چالاکیەکیان لە دژی ئەوان ئەنجامدا. لە ئەنجامی ئەو چالاکیەدا بە پشتڕاستکراوی ٧ داگیرکەر سزادران.

دوای چالاکیەکە لە نێوان هێزەکانی ئێمە و داگیرکەراندا لە ناوچەکە شەڕ و پێکدادان روویدا و لە ئەنجامی چالاکیە کاریگەرەکەدا، هاوڕێیەکمان بە ناوی ئەیلەم کە پێشەنگی ئەو چالاکیە بوو، لە شەڕەکەدا بریندرا بوو. دوای ئەوەی بە برینداری لە شوێنی چالاکیەکە دوور خرایەوە، لەگەڵ هەموو هەوڵێک بۆ رزگارکردنی، نەتوانرا رزگار بکرێت و شەهید بوو.   



PM:06:58:07/11/2020