وەزیری دارایی تورکیا دوای لادانی سەرۆکی بانکی ناوەندی، دەستی لەکارکێشایەوە

زاوای رەجەب تەیب ئۆردوغان کە وەزیری داراییە ئەمشەو دەستی لە کارکێشایەوە، ئەمەش دوای لادانی سەرۆکی بانکی ناوەندی تورکیا دێت، ماوەیەکە ئەو وڵاتە لە قەیرانێکی گەورەی دارایی و ئابوریدایە و رۆژانە نرخی لیرە لەبەرامبەر دۆلار و دراوە جیهانییەکان لە دابەزینە.


میدیاكانی توركیا بڵاویانكردەوە كە بێرات ئاڵبایراك، وەزیری دارایی و گەنجینەی توركیا کە زاوای ئۆردوغانیشە دەستی لەكاركێشایەوەو،هۆكاری دەست لەكاركێشانەوەكەی گێڕاوەتەوە بۆ خراپی باری تەندروستی و رایگەیاندوە،"بەهۆی خراپی باری تەندروستیمەوە ناتوانم لە كارەكانم بەردەوام بم".

 
بێرات ئاڵباریک  لە دایکبوونی ١٩٧٨ ی ئیستەنبووڵەو هاوسەری کچەکەی ئۆردوغانەو، دکتۆرای لە بازرگانی و دارایی لە ئەمریکا بەدەستهێناوە، لە ساڵی ٢٠١٥ پەرلەمانتارەو لە ٢٠١٨ ەوە کراوە بە وەزیری گەنجینەو دارایی.

 
پێش دەستلەکاركێشانەوەی وەزیری دارایی، دوێنێ بە فەرمانی ئۆردوغان سەرۆکی بانکی ناوەندی، موراد ئۆیساڵ لە پۆستەکەی دوورخستەوە.

 
ئەوە لە کاتێکدایە تورکیا لە قەیرانێکی قوڵی دارایی و ئابوریدایە و دراوی تورکی ( لیرە ) ماوەیەکی زۆرە بەردەوامە لە تۆمارکردنی نرخێکی تەواو نزم و، ئەمڕۆ نرخی یەک دۆلار بە ٨ لیرەو ٥٠ قرووش بوو.

 


PM:09:49:08/11/2020