وەزارەتی پەروەردە بڕیارێكی بۆ فەرمانبەران و مامۆستایان دەركرد

وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێم دەربارەی ئەو فەرمانبەر و مامۆستایانەی سەفەری دەرەوەی وڵاتیان كردووە و بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە سەر كارەكانیان چەند بڕیارێكی دەركرد.

 

بەپێی فەرمانێكی وزاری، واژۆی وەزیری پەروەردەی لەسەرە، بڕیار دراوە ئەو فەرمانبەرانەی نەگەڕاونەتەوە لەدەرەوەی وڵات، بۆیان دەكرێت بەمۆڵەتی ئاسایی بەپێی مۆڵەتی كۆكراوەیان هەتا کۆتا رۆژی سالی 2020، بەڵام ئەگەر مۆڵەتی كۆكراوەیان نەبوو بەمۆڵەتی بێ‌ مووچە بۆیان ئەژمار دەكرێت و دوای ئەوەش ئەگەر نەگەڕانەوە بەپێی یاسا لەکارەکانیان دەردەکرێن.

 

بۆ مامۆستایانیش ئاماژە بەوەكراوە، كە ئەو ماوەیەی نەهاتونەوە سەركار بەمۆڵەتی بێ‌ مووچە ئەژمار دەكرێت تاوەكو 31ی12ی2020 و ئەگەر دوای ئەوە نەگەڕانەوە بە بڕیاری پەرلەمان بە دورخراوە ئەژمار دەكرێن.

 
بۆ ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەی بەبێ‌ مۆڵەت چوونە دەرەوەی وڵات و ڕەزامەندییان وەرنەگرتووە لە نووسراوەكە ئاماژە دراوە بەوەی بەپێی بڕیاری پەڕلەمان مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت، كە دوای تێپەڕبونی 30 ڕۆژ لە دابڕانیان لەكار و دەوام ڕاژەكەیان كۆتایی دێت.


AM:09:10:11/11/2020