لەسەر تێپەڕاندنى یاسای قەرز سێ سەرۆکایەتییەکەى هەرێم کۆبوونەوەیەکى بە پەلە ئەنجام دەدات

سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند" بۆ وەرگرتنی هەڵوێست دژی بڕینی مووچەی هاوڵاتیان لەپڕۆژە یاسای وەرگرتنی قەرز، كۆبوونەوەی فراوانی لایەنەكان ئەنجام دەدەن". 

 

سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان راگه‌یه‌نراوێكی‌ له‌باره‌ی‌ یاسای‌ پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنانی دارایی بڵاو كرده‌وه‌ و ڕایدەگەیەنێت" ده‌رباره‌ى ياساى پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی كه‌ ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 12/11/2020 له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق به‌ زۆرينه‌ و به‌بێ ڕه‌چاوكرنى پره‌نسيپه‌كانى هاوبه‌شى و سازان و هاوسه‌نگى و بێ گوێدانه‌ سه‌رنج و تێبينى و پێشنياره‌كانى نوێنه‌رانى هه‌رێمى كوردستان تێپه‌ڕێنرا، ده‌ستخۆشى له‌ سه‌رجه‌م فراكسيۆنه‌ كوردستانييه‌كان و نوێنه‌رانى به‌ڕێزى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ين كه‌ يه‌كهه‌ڵوێست بوون بۆ داكۆكيكرن له‌ ماف و شايسته‌كانى گه‌لى كوردستان". 

 

لە بەشێکی تری په‌یامه‌كه‌ی سەرۆکایەتى هەرێمدا هاتووە، سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان به‌ نيگه‌رانى و به‌وپه‌ڕى گرنگييه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ ئه‌م بابه‌ته‌ و هه‌وڵه‌كانى ده‌خاته‌ گه‌ڕ بۆ پارێزگارى له‌ ماف و شايسته‌كانى خه‌ڵكى كوردستان، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ و له‌پێناو يه‌كهه‌ڵوێستيى لايه‌نه‌ په‌يوه‌نداره‌كانى هه‌رێمى كوردستاندا له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌، كۆبوونه‌وه‌ى هه‌رسێ سه‌رۆكايه‌تييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و لايه‌نه‌ په‌يوه‌نداره‌كان و نوێنه‌رانى هه‌رێمى كوردستان له‌ حكوومه‌تى فيدرال و ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران ساز ده‌كرێت.



PM:05:38:12/11/2020