پزیشکێکی دیاری هه‌رێمی کوردستان بە کۆرۆنا گیانی لەدەستدا

شاری پزیشکی فاروق ڕایده‌گه‌یه‌نێت" د. جەمال ساڵح عەبدولڕەحمان پاش ململانێیەکی زۆر لەگەڵ پەتایی کۆرۆنادا گیانی لەدەستدا". 

 

شاری پزیشکی فاروق لە ڕاگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، نیوەڕۆی ئەمڕۆ (سێشەممە١٧ى تشرینی دووەمی ٢٠٢٠) ، د. جەمال ساڵح عەبدولڕەحمان کۆچی دوایی کرد پاش ململانێیەکی زۆر لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنا-دا، دکتۆر جەمال، لە ساڵی ١٩٤٦ لە شاری سلێمانی لە دایکبووە، پاش خوێندنی دوا ناوەندی، دەچێت بۆ کۆلێژی پزیشکیی لە موسڵ و لە ساڵی ١٩٧٠ خوێندن تەواو دەکات، و دواتر دەچێت بۆ کۆلێژی پزیشکیی لە زانکۆی لەندەن لە ولاتی بەریتانیا بە مەبەستی درێژەدان بە خوێندنەکەی و بەدەست هێنانی بڕوانامەی پسپۆڕێتی لە بواری نەخۆشییەکانی هەناوی-دا.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە" دکتۆر جەمال یەکەم ڕاگری کۆلێژی پزیشکیی بووە لە زانکۆی سلێمانی لە نێوان ساڵی ١٩٩١ تا ١٩٩٦، و وەک ماموستای وانەبێژی لەوێ کاری کردووە. وە لە بەرواری ١٢/٧/٢٠١٩ دەستی بە کارکردن کردووە لە شاری پزیشکیی فاروق، وەک پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناوی". 



PM:07:40:17/11/2020