قایمقامی سلێمانی: شێواندنی مێژووی شارستانی سلێمانی ھێڵی سوورە

قائیمقامی سلێمانی رایدەگەیەنێت" تێكدان و شێواندنی مێژووی شارستانی سلێمانی ھێڵی سورە و رێگە بە ھیچ كەس و لایەنێك نادرێت زیان بە مێژووی شارستانی ئەم شارە بگەیەنێت". 

ئەمڕۆ چوار شەممە لە دیوانی قائیمقامیەتی سلێمانی ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ لێپرسراوانی شوێنەوار و شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتییەكانی خانووبەرەی سلێمانی كۆبوەوە و لە كۆبوونەوەكەدا كە لیژنەی شوێنەواری سەربە لیژنە ھاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی ئامادەبوون دواین ھەوڵ و ھەنگاوەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی و فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی شارەكە بۆ رێگریكردن لە رووخاندن و زیان گەیاندن بە خانوو شوێنە كلتوری و دێرینەكانی سلێمانی خرایەڕوو.

لەبارەی پاراستن و بەزیندوو ھێشتنەوەی گەڕەك و خانووە دێرینەكانی شارەكە قائیمقامی سلێمانی وتی" شوێنە كلتوری و كەلەپورییەكان  بەشێكی ھەرە گرنگی مێژووی شارستانی سلێمانین و بەھەموو شێوەیەك رێگری لە تێكدان و زیان گەیاندن بەو سەرماییە نیشتیمانییە دەكەین و لەم رووەشەوە كاری پێویست كراوە، دەستخۆشی لە لێژنەی شوێنەوار و فەرمانگە پەیوەندیدارەكان كرد لە چەند ساڵی رابردوودا ھەنگاوی گرنگیان ناوە و چەندین خانوو شوێنی مێژوویان لە ناوچوون و رووخان پاراستووە". 

ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی راشیگەیاند"  تێكدان و شێواندنی مێژووی شارستانی سلێمانی ھێڵی سورە و رێگە بە ھیچ كەس و لایەنێك نادرێت زیان بە مێژووی شارستانی ئەم شارە بگەیەنێت، ووتیشی بەدواداچون و ھەوڵەكانیشیان بۆ بەزیندوو ھێشتنەوەی ھەموو گەڕەك و شوێنە كلتووری و مێژووییەكانی سلێمانی بەردەوام دەبێت". 

PM:02:54:18/11/2020