هۆشیار زێباری: دەبێت عێراق خۆی بۆ خراپترین سیناریۆ ئامادە بكات

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە یەکەمین ساڵیادی کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس هۆشداری دەدات و رایدەگەیەنێت" ره‌وشه‌كه‌ خراپتر دەبێت". 

 

هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (تویتەر) نوسیویەتی" هێرشە موشەكییەكەی شەوی سێشەممەی سەر ناوچەی سەوز و باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەلایەن میلیشا چەكدارییەكانی دەرەوەی یاسا هەڕەشەیەكی ڕاستەقینەیە". 

 

ئەوەش دەخاتەڕوو كە، لەساڵیادی كوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشوی فەیلەقی قودسی ئێرانی و ئەبومەهدی موهەندیس جێگری پێشووی سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لە 3ی كانونی دووەمی ئەمساڵ ئەگەری ئەنجامدانی هێرشی خراپتر هەیە، دەبێت عێراق خۆی بۆ خراپترین سیناریۆ ئامادە بكات.

 

ئەم وتانەى هۆشیار زێباری لە دواى ئەو هێرشە دێت کە شه‌وی ١٧ی ئه‌م مانگه‌ له‌ گه‌ڕه‌كی ئه‌مینی شاری به‌غداوه‌ چوار كاتیۆشا ئاراسته‌ی ناوچه‌ی سه‌وزی به‌غدا كران.

 

سێی کانوونی دووەمی ئەمساڵ بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبۆردومانێکی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکی لە بەغدا، قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و نۆ کەسی دیکەش کوژران.



PM:08:46:19/11/2020