یه‌كێتى تۆپی پێی كوردستان بڕیار و راسپارده‌ى نوێی ده‌ركرد


ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 2020/11/21 به‌ ئاماده‌بوونى سه‌رۆك و جێگر و سه‌رجه‌م ئه‌ندامه‌كانى، یه‌كێتى تۆپی پێی كوردستان كۆبوونه‌وه‌ى ئاسایی خۆى ئه‌نجامدا و، ئه‌م بڕیار و راسپاردانه‌ى خواره‌وه‌ى ده‌ركرد:
1- په‌سند كردنى ئه‌نجامى تاقیكردنه‌وه‌كانى جه‌سته‌یی و تیۆرى ناوبژیوانانى كوردستان، له‌ به‌رێوه‌بردنى چالاكییه‌كانى یه‌كێتییه‌كه‌مان بۆ وه‌رزى 2020/2021 به‌ لیستى پێشكه‌شكراو.
2- به‌ هۆى پابه‌ند نه‌بوون به‌ رێنماییه‌كان و ده‌رچوون له‌ گیانى وه‌رزشى له‌ لایه‌ن هه‌ریه‌ك له‌ (سه‌رهه‌نگ عه‌بدوڵڵا) و (فه‌رهاد فۆتۆگرافه‌ر) له‌ یانه‌ى چوارقوڕنه‌، له‌ یارییان به‌رامبه‌ر یانه‌ى ره‌واندوز له‌ خولى نایابى فوتساڵى كچانى كوردستان، بڕیار درا به‌ غه‌رامه‌ كردنى یانه‌ى چوارقوڕنه‌ به‌ بڕى 300000 سێسه‌د هه‌زار دینار و، راگرتنى هه‌ردوو ناوبراو بۆ سێ یارى، كه‌ نابێت له‌ نێو یاریگه‌ له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌یان ئاماده‌بن.
3- دواخستنى هه‌ریه‌ك له‌ خوله‌كانى نایابى كوردستان و پله‌یه‌كى كوردستان و تازه‌پێگه‌یشتووانى نایابى كوردستان بۆ یه‌ك هه‌فته‌، ئه‌مه‌یش به‌ هۆى پابه‌ند نه‌بوونى هه‌ندێك له‌ یانه‌كان، كه‌ تا ئێسته‌ لیستى ناوى یاریزانان و سه‌رپه‌رشتیار و ستافى هونه‌ریان پێشكه‌ش به‌ یه‌كێتى تۆپی پێی كوردستان نه‌كردووه‌، یانه‌كانیش ئه‌مانه‌ن: یانه‌كانى خولى نایابى كوردستان (سۆران، هه‌ڵۆ، چه‌مچه‌ماڵ، ئارارات، زێره‌ڤانى، برایه‌تى و هه‌ندرێن)، یانه‌كانى خولى پله‌یه‌كى كوردستان (سه‌یدسادق، هه‌ڵه‌بجه‌ى شه‌هید، ئاشتى، ئاڵتون كۆپرى، ئاكرێ، ئاسۆ، كۆیه‌، شه‌قڵاوه‌ و گاره‌)، له‌ خولى نایابى تازه‌پێگه‌یشتووانى كوردستانیش ته‌نیا یانه‌ى شۆریجه‌ لیستى ناوه‌كانى پێشكه‌ش نه‌كردووه‌، ئه‌مه‌یش رێكه‌وتى چالاكییه‌كانى یه‌كێتى تۆپی پێی كوردستانن بۆ وه‌رزى 2020/2021:
• خولى نایابى كوردستان / 3 و 4 ـى 2020/12.
• خولى پله‌یه‌كى كوردستان / 2020/12/9.
• خولى نایابى تازه‌پێكه‌یشتووانى كوردستان / 2020/12/4.

PM:03:59:21/11/2020