کرێى خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگە تایبەتەکان کەمکرایەوە

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا بەكەمكردنەوەی كرێی خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگە تایبەتەكان بەڕێژەی (١٠ بۆ٢٠%).
 
ئەمڕۆ یەكشەمە بەسەرپەرشتی د. ئارام محەمەد قادر سەرۆكی ئەنجومەنی وەزارەت و وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و ئامادەبونی بریكاری وەزارەت و سەرۆك زانكۆكان و ئەندامانی ئەنجومەنی وەزارەت، كۆبونەوەی تەواوكاری ژمارە (١٠)ی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوەچوو.

لەكۆبونەوەكەدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سەبارەت بە كەمكردنەوەی كرێی خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگە تایبەتەكان ئاماژەی بەكاری لێژنەی تایبەتمەند لەسەر ئاستی وەزارەت بەم ئەركە كردو دەستخۆشی لێكردن بۆ كارەكانیان لەڕابردوو.

وتیشی، لەرێمی كوردستان بەبارودۆخێكی تایبەت گوزەر دەكات بە شێوەیەك پێویستە هەموان رەچاوی بارو گوزەرانی دارایی خەڵكی خۆمان بكەین و لە هەمان كاتیشدا بتوانین هەلی خوێندن بۆ هەموان دەستەبەر بكەین، لەو چوارچێوەیەشدا وتی، بۆ ئەوەی رۆحیەتی كێبڕكێی زانستی لە دامەزراوە ئەكادیمیەكان بپارێزین و بە لەبەرچاوگرتنی باوردۆخی هاووڵاتیان بڕیارماندا بە كەمكردنەوەی كرێی خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگە تایبەتەكان ئەویش بەپێی ئەنجامەكانی ریزبەندی نیشتمانی زانكۆكانی كوردستان بۆ ساڵی (٢٠١٩) كە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی راگەیەنراوە بەم شێوەی خوارەوە:

•ئەو زانكۆیانەی دەكەونە گروپی B، بەڕێژەی (١٠%) كرێی خوێندن كەمدەكرێتەوە.

•ئەو زانكۆیانەی دەكەونە گروپی C، بەڕێژەی (١٥%) كرێی خوێندن كەمدەكرێتەوە. 

•ئەو زانكۆیانەی دەكەونە گروپی D، بەڕێژەی (٢٠%) كرێی خوێندن كەمدەكرێتەوە.

•سەرجەم پەیمانگە تایبەتەكان و كۆلێژە زانكۆییەكان بەڕێژەی (٢٠%) كرێی خوێندنیان كەمدەكرێتەوە.

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند" ئامانجی وەزارەتەكەمان لە كەمكردنەوەی كرێی خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگە تایبەتەكان بە لەبەر چاوگرتنی باری دارایی هاووڵاتیانی كوردستان و رەخساندنی هەلی زیاتری خوێندن و پەرەپێدانی تواناكانی گەنجانی هەرێمەكەمانە، لەهەمان كاتدا ئەم هەنگاوە یارمەتیدەر دەبێت لە پاراستنی سەرمایەی نیشتیمانی و بەكارهێنانی لە گەشەپێدانی زانكۆكان و كەرتی تایبەت هەرێمی كوردستان". 

PM:06:37:22/11/2020