پەکەکە ئامادەیی بۆ دیالۆک لەگەڵ پارتی راگەیاند

باهۆز ئەرداڵ ئەندامی فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندی ئامادەی خۆیانی بۆ دیالۆک لەگەڵ پارتی راگەیاند.

 
باهۆز ئەرداڵ ئەندامی بەڕێوەبەریی بڕیارگەی ناوەندەیی فەرماندەیی گەل (نەپەگە) بۆ رادیۆ دەنگی وڵاتی نزیک پەکەکە رایگەیاند" ئەوان هەرگیز نایانەوێت لە بەرامبەر هێزە کوردییەکاندا شەڕ بکەن و داوای لە فەرماندەکانی پێشمەرگە کرد، نەکەونە ناو ئەو یاری و گەمانەوە، کە دەیانەوێت ئەوان بهێنن و رووبەڕووی گەریلایان بکەنەوە، کە شانبەشانی ئەوان لە سەنگەرەکاندا لە دژی داعش شەڕیان کردووە".


ئەو فەرماندە سەربازییەکی پەکەکە رایدەگەیەنێت" ئەگەر شەڕێکی ڕووبدات، کاریگەریەکی زۆر گەورە و زیانێکی زۆر گەورە لەسەر دەستکەت و شۆرشی ڕۆژئاواش دروست دەکات". 


هەروەها ئەوەی خستەڕوو، ئەگەر شەڕێک ڕووبدات، بە تەنها لەنێوان دوو هێز و دوو پارتدا سنوردار نابێت، هاوسەرنگی نەتەوەیی تێکدەچێت و وتی، "با شتێکی ئاسان بڵێم، ئەو هێزەی کە ناوی پێشمەرگەی ڕۆژی لە خۆی ناوە، لەسەر هێڵی مەتینا و گارە جێگیر کراون. بە حساب هێزی ڕۆژئاوان، دایک و باوکیان لە رۆژئاوان. لەناو گەریلاکانی پەکەکەشدا بە هەزاران هەڤاڵی رۆژئاوامان هەیە. ئەوانیش خانەوادەکانیان لە رۆژئاوان. ئەگەر شەڕێک لەنێوانیاندا ڕووبدات، ئایا رۆژئاوا ئارام دەبێت؟ بە شێوەیەکی سروشتی لە رۆژئاواش شەر دروست دەبێت. رۆژئاوا لەم نێوەندەدا ناتوانێت بێ هەڵوێست بێت. بە شێوەیەکی نەخوازراو رۆژئاواش لەم شەڕەدا تێوەدەگلێت و زیانێکی گەورە دروست دەبێت. لەم ساتەدا کە پارتە سیاسیەکانی رۆژئاوا سەرقاڵی دانوستانن، ئێمەش وەک تەڤگەری کورد رامانگەیاند کە پشتگیری لێدەکەین، لەگەڵ ئەم هەوڵدانەن".


ئەرداڵ ئاماژەی بە قسەکانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و هەڵوێستی هێزە نێودەوڵەتیەکان لەبارەی ئەم دۆخە کرد و رایگەیاند، قسەکان و هەڵوێستەکانیان لەبەرانبەر دۆخەکە راست نییە، لە خزمەتی یەکێتی نەتەوەیی کورددا نین. ئەرداڵ باسی ئەوەشی کرد کە ئێستا ئەمریکا دەوڵەتێکی گەورەیە و لە هەرێمەکەیە و پەیوەندیەکانی لەگەڵ کورد بەرەوە پێشەوە بردووە و بەهێزە و وتی، "پەیوەندی لەگەڵ کوردانی باشووری هەیە، پەیوەندی لەگەڵ کوردانی رۆژئاواش هەیە. بەپێی بۆچوونی ئێمە بەڕیوەبەرایەتی نوێی ئەمریکا لەبەرژەوەندی گەلی ئەمریکا دەتوانێت پەیوەندیەکی باش لەگەڵ گەلی کورد دروست بکات. لەگەڵ هەندێک کورد دۆست و لەگەڵ هەندێکی تر دوژمن، بەم شێوەیە نابێت. ئەگەر ئەمریکا بەردەوامی بەم سیاسەتە بدات و ئاڵۆزیەکان قوڵبکاتەوە ، پەیوەندیی لەگەڵ ئەو کوردانەی کە وەک دۆستی دەبینین، تێک دەچێت. واتە زیانی بەردەکەوێت و زیان بەر پرۆژەکانی لە هەرێمەکە دەکەوێت".

 
 ئەو فەرماندەیەی پەکەکە دەشڵێت "لەم شەڕەدا هیچ سوودێکیان دەستناکەوێت. نە بەرژەوەندی پێشمەرگە و نە بەرژەوەندی گەلی باشووری کوردستان هەیە، نە بەرژەوەندی کورد و کوردستان هەیە، بە تەنها لە بەرژەوەندی لایەنەکە کە ئەویش دەوڵەتی داگیرکەری تورک و ئەردۆغان و باخچەلیە. ئەوانە دوژمنی سەرسەختی کوردن، هاوبەشی یەکترین، بە تەنها بەرژەوەندی ئەوان هەیە. شەڕێک کە بە تەنها بەرژەوەندی ئەردۆغان و باخچەلی تێدابێت، بۆچی پێشمەرگە بەشداری تێدا بکات؟".

 


PM:11:55:22/11/2020