شاناز ئیبراهیم: سلێمانی تەکساس نییە کوڕی شارەکەی تێدا بەرشەق بدرێت

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەڵێت " سلێمانی نە تەکساسەو نە موڵکی باوکی کەس، بەهەوەسی خۆی تەراتێنی تێدابکات و کوڕی شاری تێدا بداتە بەر شەق !".

 

 
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، بەبێ ئەوە دەستنیشانی بکات کە ئەو چەکدارانە سەر بەکام بەرپرس و کام یەکەی سەربازین، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیوویەتی" هیوادارم ئەو بەرپرسە حزبی و حکومییانەی تاکو ئەمڕۆش لەسەر ڕێچکەی مەدرەسەی بەعس ئەڕۆن، بەخۆیاندا بچنەوە و لەو ڕاستییە تێبگەن کە چەندیش شەقەکانیان قایم بێت ناگاتە شەقی گەل، هەر ئەو شەقەی صدام و دەیان دیکتاتۆری تری لەگۆڕنا".

 


ناوبراو سوپاسی پۆلیس دەکات دەستگیرکردنی تۆمەتبارانداو دەڵێت " دەستخۆشی لەپۆلیسی سلێمانی دەکەم کە لەماوەیەکی کەمدا توانیان تاوانبارانی هەڵکوتانەسەر چێشتخانەی وەستا کامەران دەستگیربکەن، هیوادارم کە سزادانی ئەو تاوانبارانە ببێتە دەرسێک بۆ هەموو ئەوانەی بیر لە ئازاردان و بەکارهێنانی چەک و توندوتیژی دژی خەڵک ئەکەنەوە".

 

 
نیوەڕۆی یەک شەممە ژمارەیەک چەکدار چوونە سەر چێشتخانەی کامەران لە گەڕەکی عەقاری سلێمانی و لە رێگای چەکەوە دەستدرێژیان کردە سەر خاوەن چێشتخانەکە و دوو برای، ئەم رووداوەش بێزاری و ناڕەزاییەکی زۆری لەنێو خەڵکدا دروستکرد.  

 


AM:12:36:23/11/2020