لەبارەی هێرشکردنە سەر خاوەن چێشتخانەکەی سلێمانی
هەڵەدنی: تا چەک بەدەست حزبەوە بێ چاوەڕوانی زیاتر بن


پەرلەمانتاری پەرلەمانی کوردستان، ئەبوبەکر هەڵەدنی لەبارەی ئەو رووداوانەی کە چەکداری حیزبەکان دەستدرێژی دەکەنە سەر هاوڵاتیان و لەنوێترینیان هێرشکردنە سەر خاوەنی چێشتخانەیەک لەلایەن ژمارەیەک چەکدارەوە، دەڵێت " ئەوەی بەردەم کامێرا هیچ نیە لەچاو هەزاران تاوان لەپشتی کامێراو ئەودیوی دەمامک دار وئۆتۆمبیلە جام ڕەشەکان ودەمانچە بێدەنگەکانەوە".

 


لەنوسینێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بە ناونیشانی " شەق تێهەڵدان وسوکایەتی" ئەبوبەکر هەڵەدنی دەڵێت" کوشتنی خۆپیشاندەر وڕۆژنامەنووس وخەڵکی ناڕازی. ئەنجامدانی ساختەکاری  هەڵبژاردن بەنوێژی نیوەڕۆ. داگیرکردنی هەزارەها دۆنم زەوی وفرۆشتنی. داڵدەدانی سەدان پیاو کوژو ڕاکردوو لەیاسا. باج سەندن وقاچاخچیەتی وڕاوورووت. دانانی کۆمپانیای  سەرانە سەندنی بەناو سکویریتی".

 

 
لە درێژەی نووسینەکەیدا هەڵەدنی دەڵێت" جگە لەسێ ساڵ شەڕی تیرۆریستانی داعش و(بەپشتیوانی هاوپەیمانان)ئەم هێزە هەر شەڕی ناوخۆی حزبەکانی پێکراوە".

 

 
هەروەها دەشڵێت " ئەو هاوارەیە  کەدەیان ساڵە دەکرێ بۆ بەنیشتیمانی کردنی ئەم هێزە، کەچی کوشتن و تیرۆری نموونەکانی وەک کاوە گەرمیانی وسەردەشت عوسمان وسۆرانی مامە حەمەومەلاهوشیاروشەق هەڵدان لەمامۆستاو سوکایەتی بەدکتۆرو کارمەندی هاتوچۆ و وەستا کامەرانی دوێنێ لەسەردەستی ئەم میلیشیا حزبیە ڕووی داوە."

 

 
دوێنێ لە شاری سلێمانی ژمارەیەک چەکدار هێرشیان کردە سەر خاوەنی چێشتخانەیەک و ئازاری خۆی و براکانیان دا، بەرامبەر ئەو رووداوە کە بووە مایەی نیگەرانییەکی زۆری خەڵکی شارەکە، بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی " سپی " کە شەوی رابردوو بڵاوکرایەوە، هێزە ئەمنییەکان پێنج کەسیان دەستگیرکردووە کە چواریان چەکدارن لە لیوایەکی بەرپرسێکی دیاری یەکێتی.

 


PM:03:20:23/11/2020