داواکاری گشتی سلێمانی لەبارەی هەڵكوتانە سەر چێشتخانەیەكە هاتە دەنگ

سەرۆکایەتی داواکاری گشتی سلێمانی سەبارەت بە هەڵكوتانە سەر چێشتخانەیەكی شارەكەو ئازاردانی خاوەنەكەی رایگەیاند" توندترین ڕێكاری یاسایی بەرامبەر هەر كەسێك دەگرنەبەر كە بیەوێت ئارامیی شار تێكبدات و بەهیچ جۆرێك چاوپۆشیی لە هیچ كەسێك ناكرێت".

 

سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی لە راگەیەنراوێكیدا بڵاویکردەوە، پاش ئەوەی دوێنێ‌ چەند كەسێك هەڵئەكوتنە سەر چێشتخانەیەكی شاری سلێمانی و ئازاری‌ خاوەنەكەی دەدەن (كە‌ ڤیدیۆی كاتی رووداوەكە لەتۆڕەكۆمەڵایەتییەكان بڵاوبووەوە)، لەسەر سكاڵای خاوەنی چێشتخانەكەو بە فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوە هەموو ئەو كەسانە دەستگیركراون و ‌ئێستا راگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە‌.

دەشڵێت" سەرجەم هاوڵاتیان دڵنیا دەكەینەوە كە دادگاكان بەپێی یاسا توندترین رێكاری یاسایی بەرامبەر هەركەسێك دەگرنە بەر كە بیەوێت ئارامی شار تێكبدات و دڵەڕاوكێ بڵاوبكاتەوە و تاوان ئەنجام بدات و بەهیچ جۆرێك چاوپۆشی لە هیچ كەسێك ناكرێت".

 

دوێنێ یەک شەممە ژمارەیەک چەکدار چوونە سەر چێشتخانەی کامەران لە گەڕەکی عەقاری سلێمانی و لە رێگای چەکەوە دەستدرێژیان کردە سەر خاوەن چێشتخانەکە و دوو برای، ئەم رووداوەش بێزاری و ناڕەزاییەکی زۆری لەنێو خەڵکدا دروستکرد.  



PM:07:37:23/11/2020