له‌ سلێمانی پیاوێك هاوسەر و خەسووی بەر چەقۆ دەدات و برینداریان دەکات

ئێوارەی دوێنێ سێشەممە پیاوێك لە ناوچەی تاسڵوجە هەریەك لە هاوسەر و دایكی هاوسەرەكەی دەداتە بەر چەقۆ و برینداریان دەكات و وتەبێژی پۆلیسی سلێمانیش ڕایدەگەیەنێت" لە ئێستادا تۆمەتبارەكە دەستگیركراوە". 

 

سەركەوت ئەحمەد وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند"  ئێوارەی دوێنێ سێشەممە ٢٤ی تشرینی دووەم لە ناوچەی تاسڵوجە كێشەیەكی كۆمەڵایەتی لەنێوان خێزانێك ڕوویداوە، بەهۆیەوە پیاوێك هێرشیكردوەتە سەر ماڵی خەزوری و دوو چەقۆی لە خەسوی داوە و دواتر دوو چەقۆی دیكەی لە هاوژینەكەی داوە".

 

ئەوەشی خستەڕوو، دوو بریندارەكە باری تەندروستییان جێگیرە و لە نەخۆشخانە لەژێر چارەسەركردندان.

 

وتەبێژەکەی پۆلیسی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، لە دوای ڕووداوەكە تۆمەتبارەكە هەڵهاتووەو دواتر لەلایەن هێزە ئەمنیەكانەوە دەستگیركراوە و لێکۆڵینە لە ڕووداوەکە دەستیپێکردووە. 



AM:10:42:25/11/2020