وەزیری ناوخۆ بۆ یەکەمجار لەسەر دەستگیرکردنی شێروان شێروانی‌و چالاکوانە دەستگیرکراوەکانی دهۆک قسە دەکات



وەزیری ناوخۆی هەرێم، رێبەر ئەحمەد ئەمڕۆ پێنج شەممە لەکاتی کردنەوەی نووسینگەی پاسپۆرتی چەمچەماڵ لەسەر دەستگیرکردنی چالاکوانەکان و شێروان شێروانی قسەیکردو رایگەیاند " هەموو گیراوەکانی دیکەش بە پرۆسەی یاسایی و دادگادا تێدەپەڕن و ئەو کەسانەی پلان و ئاژاوە بۆ ئاسایش و ئارامی و سەقامگیری هەرێم دروستدەکەن، یاسا رێگە بە کەسیان نادات و بەپێی فەرمانی دادگاکان گیراون و بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت."

 

 
ئەمڕۆ لەدوای کردنەوەی نووسینگەی پاسپۆرتی چەمچەماڵ لە سنوری پارێزگای سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا، رۆژنامەنووسان بە پرسیارەکانیان، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆیان راکێشا تا قسە لەسەر چالاکوانە دەستگیرکراوەکانی دهۆک و رۆژنامەنووسی دەستگیرکراو، شێروان شێروانی بکات.

 

 
بەدیاریکراوی رێبەر ئەحمەد لەسەر دەستگیرکردنی شێروان شێروانی وتی " زانیاری پێویست لەسەر شێروان شێروانی بڵاوکراوەتەوە، کە لەسەر چی دەستگیرکراوە و بەپێی فەرمانی دادگا بووە"، دەشڵێت، "لەو بابەتەدا یاسا سەروەر دەبێت و دادگاش رێچکەی خۆی وەرگرتووە و پارێزەرەکەی و رێکخراوی خاچی سوری نێودەوڵەتی بینیویانە و هیچ گرێیەک لەو بابەتەدا نییە و ئەو کەسەی تاوانێکی ئەنجامدابێت سزای خۆی وەردەگرێت."

 

 
هەروەها لەبارەی چالاکوانە دەستگیرکراوەکانی دهۆکە، وەزیری ناوخۆ وتی" هەموو گیراوەکانی دیکەش بە پرۆسەی یاسایی و دادگادا تێدەپەڕن و ئەو کەسانەی پلان و ئاژاوە بۆ ئاسایش و ئارامی و سەقامگیری هەرێم دروستدەکەن، یاسا رێگە بە کەسیان نادات و بەپێی فەرمانی دادگاکان گیراون و بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت."

 


دەربارەی رێککەوتنی شنگال لەنێوان حوکومەتی هەرێم و عێراق و جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە، رێبەر ئەحمەد کە هەریەک لە پارێزگاری سلێمانی وبریکاری وەزیری ناوخۆ هاوڕێیەتیان دەکرد، وتی " رێککەوتنی شنگال بەرەو جێبەجێکردن هەنگاو دەنێت و ئومێدەوارن ئەو هێزانەی نایاسایین و خەڵکی شنگال نین و لەو ناوچانەدان دووربخرێنەوە، دەشڵێت. 

 

 
دەربارەی گرنگی کردنەوەی نووسینگەی پاسپۆرت لەچەمچەماڵ، وەزیری ناوخۆ وتی" قەزای چەمچەماڵ یەكێكە لە قەزا گرنگەكانی كوردستان كە نزیكەی 300 ھەزار كەس لەو قەزایە دەژین، 9 ناحیە و 140 گوند كەوتوونەتە سنووری ئەو قەزایە، لە ھەمووشی گرنگتر زیاتر لە 7ھەزار و 500 خانەوادەی شەھید لەو قەزایەن و زۆربەی دانیشتووانی چەمچەماڵ كەسێكیان لەدەستداوە، دڵخۆشم یەكەم پاسپۆرتی چەمچەماڵ كە ئەمڕۆ چاپكرا ھی نەوەی شەھیدێكە كە باوكی تاقانەی ئەنفالە، خۆشم یەكێكم لەوانەی باوك و برا و كەسوكارم لە پرۆسەی بەدناوی جینۆساید لە دەستداوە، خۆمان بە قەرزداری ئەو خەڵكە دەزانین كە لەپێناو ئەمڕۆ تێكۆشاون". 

 


PM:03:21:26/11/2020