بۆ رێگریی لە قاچاغچێتی هێزێكی تایبەت لە بەغداوە دەگاتە خانەقین

هێزێكی تایبەتی لە بەغداوە گەیشتە خانەقین و لە هەردوو بازگەی حەڵوەن و باوە مەحمود جێگیردەبن، ئەوەش بە ئامانجی رێگریكردن لەكاری قاچاغچێتی لە نێوان هەرێم و ناوەند.

سەرچاوەیەک لەو هێزە تایبەتەی عێراق بە (کەرکوک ناو)ی ڕاگەیاند" ئەو هێزە چەند رۆژێكە گەیشتونەتە خانەقین، بەڵام چوارشەممە 25ی تشرینی دووەم لەو دوو بازگەیە جێگیربون و دەستبەكاربون، ئەو هێزانەشی پێشوتر لەوێ بون كشانەوە".

 

سەرچاوەكە كە لەبەر هەستیاری كارەكەیان نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، بە (كەركوك ناو)ی وت" هاتوین بۆ كۆنترۆڵكردنی بازگە سەرەکییەکانی خانەقین کە ھاوسنورە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان، چوارشەممە لەهەردوو بازگەی حەڵوەن و باوە مەحمود دەستبەكاربوین بۆ ئەوەی رێگریی بكەین لە پێشێلكارییەكان و هێنانی باری نایاسایی و قاچاغ لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ پارێزگاكانی تری عیراق".

 

سەرەتا ئەو هێزە "بەنیازبون" بچنە بازگەی گومرگی خانەقین كە هێزەكانی پێشمەرگە لێی نیشتەجێن، بەڵام وەك سەرچاوەیەكی پێشمەرگە وتی" رێگریمان لێكردون".

سەرچاوەكەی پێشمەرگە وتی "هەر كە هاتن هێزەكانمان خستە ئامادەباشییەوە، سەرەتا نەمازانی ئامانجیان چییە، بەڵام دواتر دەركەوت بۆ جێگیربونیانە لە بازگەكان، بڕیارە ژمارەیەك بازگەی تر كۆنترۆڵبكەن كە ناوچەكانی ناوەڕاست و باشوری عیراق بە هەرێمی كوردستان دەبەستنەوە".

سەرچاوەیەكی ئەمنی لە سنورەكە، جەختیكردەوە، بەشێك لەو بارهەڵگرانە پێداویستی و كەلوپەلی قاچاغ دەگوازنەوە، دوای ئەوەی ئەو بارانە لە مەرزەكانی هەرێمی كوردستانەوە هاوردە دەكران. 

"ھێلكە، مریشک و چەند جۆرێك لە سەوزە و میوە لەو بازگانەوە بەشێوەی قاچاغ بەرەو  خوارو و ناوەڕاستی عیراق هەناردە دەكران"، سەرچاوەكە وایوت.



PM:11:23:26/11/2020