ژمارەیەک پەرلەمانتار: رێگە بە پێشێلكارییەكانی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان نادەین

٢٣ ئەندامی پەرلەمانی کوردستان ڕەخنە لە ئەدای دەستەی سەرۆكایەتی پەڕلەمانی كوردستان دەگرن و پێیان وایە کەدەستەی سەرۆکایەتی پێشێلی ژمارەیەك ماددە و بڕگەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستانی كردوە و ڕایدەگەیەنن" ڕێگە نادەین دەستەى سەرۆکایەتى ئەم دەسەڵاتە باڵایە بە پێى بەرژەوەندى و خواست و ویستى دەسەڵاتى جێبەجێکردن یان لایەنێکى سیاسى بەکاربهێنێت". 

 

لە یاداشتێکدا کە ئاڕاستەی ڕایگشتی کراوە ژمارەیەك پەرلەمانتار كە لە ٢٣ ئەندام پێكهاتوون لە پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنە جیاوازەكان ئاماژە بەوەدەکەن" دوا بەدواى کۆبونەوەى ژمارە (١٠)ى خولى ئاسایى پایزەى ڕۆژى چوارشەممە، (٢٥ى ١١ى ٢٠٢٠)، کە تیایدا پێشێلى ژمارەیەک ماددەو بڕگەى پەیڕەوى ناوخۆى پەرلەمانى کوردستان کرا و، دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمان لەدەرەوەى خواستى خەڵک و لە پێناو ڕازیکردنى دەسەڵاتى جێ بەجێکردندا، بە پێچەوانەى چەند دەقێکى یاسایى هەڵسوکەوتى کرد، بە پێویستى دەزانین هەڵوێستى خۆمان بۆ ڕایگشتى ڕون بکەینەوە". 

دەشڵێن" ئێمە ئەو پەرلەمانتارانەى لە خوارەوە ناومان هاتوە، پێمانوایە پەرلەمان باڵاترین دەسەڵاتى یاسادانان و چاودێریکردنە لە هەرێمى کوردستاندا و مەرجەعى سیاسى و یاسایی خەڵکى کوردستانە، و ڕێگە نادەین دەستەى سەرۆکایەتى ئەم دەسەڵاتە باڵایە بە پێى بەرژەوەندى و خواست و ویستى دەسەڵاتى جێبەجێکردن یان لایەنێکى سیاسى بەکاربهێنێت و ئەم دەزگا گەورەو گرنگەى گەل لە ڕێڕەوى ڕاستەقینەى خۆى لا بدات و ئیرادەى نوێنەرانى خەڵک لەوە زیاتر پێشێل بکات". 

هاوکات ئەو پەرلەمانتارانە جەختدەکەنەوە، لە داهاتوشدا هەمو هەوڵ و ڕێکارە پەیڕەوى و یاسایى و دەستوریی و دیبلۆماسییەکان و بنەماى متمانەدانى گەل بەکاردەهێنین بۆ ئەوەى پەرلەمان لەم دۆخە ڕزگار بکەین، تا لەوە زیاتر خەڵک بێ ئومێد نەکرێت و کەلێنى نێوان خەڵک و دامەزراوەکان زیاتر نەبێت و لانیکەم پەرلەمانتار بتوانێت نوێنەرایەتى گەل بکات و دەنگ و ڕەنگى ڕاستەقینەى هاوڵاتیانى ستەم لێکراوى کوردستان بێت لە دۆخێکدا کە دەسەڵاتى جێبەجێکردن شکستى هێناوە لەوەى بتوانێت تەنانەت موچەى موچەخۆران دابین بکات.

لە راگەیەندراوەكەیاندا، ئەو ٢٣ پەرلەمانتارە، ژمارەیەك لە پێشێلكارییەكانیان بەمجۆرە خستۆتەڕوو: 

 

١ـ بە پێى خاڵى (چوارەم) لە ماددەى (٤٨) لە پەیڕەوى ناوخۆى پەرلەمانى کوردستان، سەرۆکى فراکسیۆن یان نوێنەرى پێکهاتەیەک، یان لانیکەم (١٠) ئەندام بەر لە (٢٤) سەعات لە وادەى دانیشتنەکە، دەتوانێت داواى زیادکردنى بابەتێک بۆ بەرنامەى کار بکات، بابەتەکە گشتى و بە پەلە بێت و دواخستنى ببێتە هۆى لە دەستدانى گرینگى داواکارییەکە، بەڵام دەستەى سەرۆکایەتى پشتیان کردە داواى گفتوگۆى کێشەى موچەى موچەخۆرانى کوردستان، و بە پێچەوانەى ئەم بڕگەیە ڕەفتاریان کردو واژۆى (٢١) ئەندام پەرلەمانیان لە فراکسیۆنە جیاجیاکان فەرامۆش کرد، کە لە کاتى یاسایی خۆیدا پێشکەش کرابو.

٢ـ بە پێى خاڵى (یەکەم)، لە ماددەى (٦٦)ى پەیڕەوى ناوخۆى پەرلەمان، (١٠) ئەندام دەتوانن داوایەک پیشکەش بکەن بە دەستەى سەرۆکایەتى، بۆ ئەوەى بابەتێکى گشتى بخرێتەڕو بۆ گفتوگۆ لە نێوان حکومەت و پەرلەماندا بۆ بەدیهێنانى بەرژەوەندى گشتى، بە پێى خاڵى (سێیەم) لە هەمان ماددە، دەبێت دەستەى سەرۆکایەتى لە ماوەى (١٤) ڕۆژدا ئەو بابەتە بخاتە بەرنامەى کارەوە، بەڵام بە پێچەوانەى ئەو ماددەیەوە، دەستەى سەرۆکایەتى یاداشتى (١٦) پەرلەمانتاریان فەرامۆش کرد کە لە ڕۆژى (٢ى ١١ى ٢٠٢٠) پێشکەشکرا بو بۆ گفتوگۆى بابەتى دەستگیرکردنى ڕۆژنامەنوسان و چالاکەوانان لە پارێزگاى دهۆک بە ئامادەبونى وەزیرى ناوخۆ.

٣ـ بە پێى بڕگەکانى (یەکەم) و (سێیەم) لە خاڵى (دوەم)ى ماددەى (٥٦)ى پەیڕەو، ئەندامى پەرلەمان بۆى هەیە بۆ ماوەى یەک دەقیقە لەهەر کاتێکى دانیشتنى پەرلەماندا لە ڕێى خاڵى پەیڕەوییەوە ئاخاوتن بکات، کاتێک بینى پێشێلى یەکێک لە ماددەو بڕگەکانى دەستور یان یاسایەکى بەرکار کرا، بەڵام دەستەى سەرۆکایەتى و خودى سەرۆکى پەرلەمان لە دانیشتنى ڕۆژى (٢٥ى ١١ى ٠٢٠٢٠) بە پێچەوانەوە ڕێگەى نەدا ئەندامان بە پێى ئەم مافە پەیڕەوى و یاساییە بۆچونەکانیان دەربڕن و ئەرکى خۆیان جێ بەجێبکەن و ڕێگەى لێگرتن و مایکى لەسەر کوژاندنەوە.

٤ـ بە پێى بڕگەى (سێیەم) لە ماددەى (٦٠)ى پەیڕەو، پێویستە ئەو پرسیارانەى کە بە نوسراو یان زارەکى لەلایەن پەرلەمانتارانەوە ئاراستەى حکومەت دەکرێن لە ماوەیەک لە (٧) ڕۆژ تێپەڕ نەکات وەڵام بدرێنەوە، بەڵام بە پێچەوانەى ئەم بڕگە پەیڕەویی و یاساییەوە، بەهۆى لاوازى دەستەى سەرۆکایەتى و بێبایەخ تەماشاکردنى داواى پەرلەمانتاران کە داواى خەڵکى کوردستانن، زۆرینەى زۆرى پرسیارو بەدواداچونەکان لەو ماوەیەدا ناگەڕێنەوەو هێندێک لە پرسیارو بەدواداچونەکان زیاتر لە چوار مانگ دوا دەکەون و هێندێکیان هەر وەڵام نادرێنەوە، و دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمانیش هیچ هەڵوێست و ڕێکارێکى نییە بۆ ئەم یاساشکێنیەى دامەزراوەى جێ بەجێکردن.

٥ـ لەبەر گرنگى بەرنامەو پلانى حکومەت لە بوارى خەرجى و داهاتدا، لە پەیڕەوى ناوخۆدا بەشێکى سەربەخۆ تەرخانکراوە بۆ بابەتى بودجەو ژمێرەى کۆتایى، بەڵام ئەوە دو ساڵە دەسەڵاتى جێ بەجێکردن زۆر بە ئاشکرا سەرجەم ماددەکانى (٩٨ تا ١٠٩) پێشێل دەکات و دەستەى سەرۆکایەتیش هیچ هەڵوێستێکى نییە لە پابەندکردنى دەسەڵاتى جێبەجێکردن، لە کاتێکدا حکومەت لە پەرلەمانەوە متمانەى وەرگرتوە.

٦ـ بە پێى ماددەى (١١١) لە پەیڕەوى ناوخۆ، پێویستە دەستەى سەرۆکایەتى ئازادى کارى پەرلەمانى بۆ فراکسیۆن و ئەندام پەرلەمانە ئۆپۆزسیۆنەکان دەستەبەر بکات، بەڵام دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمان ڕەچاوى ئەم مافە ناکات کە لەم ماددەیەدا هاتوە و جیاوازى دەکات.

٧ـ بە پێى خاڵى (یەکەم) لە ماددەى (٩)ى پەیڕەوى ناوخۆ، پێویستە دانیشتنەکانى پەرلەمان بە ئاشکرا بەڕێوە بچن، و بۆ خەڵکى کوردستان پەخش بکرێن، بەڵام بە پێچەوانەى ئەم بڕگەیەوە، دەزگاى ڕاگەیاندنى پەرلەمان کە لەژێر سەرپەرشتى ڕاستەوخۆى سەرۆکایەتیدایە جیاوازى دەکات لە پەخشکردنى دەنگ و ڕەنگى پەرلەمانتاراندا، بەتایبەت ئەو کاتانەى  پەرلەمانتاران بۆچونیان لە بۆچونى دەسەڵات جیاوازەو بە دڵى دەزگاى جێ بەجێکردن و دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمان ئاخاوتن ناکەن دەنگ و ڕەنگیان بەجۆرێک دەبڕدرێت و لا دەدرێت کە خەڵک لە ڕاستییەکان تێ نەگات، هەرکەسێکیش بیەوێت دەتوانێت تەماشاى پەخشى دانیشتنەکان بکاتەوە تا دەیان نمونەى لەو جۆرە ببینێت.

٨ـ هەڵوەشاندنەوەى بەرنامەى دانراو ڕاگەیەنراوى پەرلەمان لەسەر داواو ویستى دەسەڵاتى جێبەجێکردن، وەک هەڵوەشاندنەوەى کۆبونەوەى ڕاگەیەنراوى ڕۆژى (١٧ى ١١ى ٢٠٢٠)، کە بڕیاربو گفتوگۆ سەبارەت بەپێشهاتی پەسەندكردنی یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی فیدراڵی بە ئامادەبونى حکومەت، بەڕێوە بچێت.

ناوەکان:

 

1. عه‌بدولستار مه‌جید.
2. عه‌لی‌ حه‌مه‌ساڵح ته‌ها.
3. د.شێرکۆ جەودەت.
4. سیروان بابان.
5. د.موحيەدين حەسەن يوسف.
6. ئەبوبەکر هەڵەدنى.
7. ڕوپاك ئه‌حمه‌د ڕه‌حمان.
8. دیارى ئەنوەر حەمەڕەحیم.
9. به‌دریه‌ ئیسماعیل مه‌حمود.
10. هڵز ئه‌حمه‌د موحه‌ممه‌د.
11. عوسمان كانی‌ كورده‌یی‌.
12. ئاشنا عه‌بدوڵڵا قادر.
13. شیرین ئه‌مین عه‌بدولعه‌زیز.
14. د.شایان کاکە ساڵح.
15. د.هه‌ورامان گه‌چێنیه‌یی.
16. دابان موحەممەد حسێن.
17. موسلیم عه‌بدوڵڵا قه‌صری.
18. جه‌لال موحه‌ممه‌د ئه‌مین.
19. عومه‌ر عه‌بدوڵڵا گوڵپی‌.
20. د.كازم فاروف.
21. سیپان سالم ئامێدی‌.
22. كاوه‌ عه‌بدولقادرحه‌سه‌ن.
23. موژده‌ مه‌حمود موحه‌ممه‌د.



AM:08:55:27/11/2020