نوێترین زانیاری سەبارەت بەناردنی ٣٢٠ ملیار دیناری بەغداد بۆ هەرێم

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت" سەرۆك وەزیرانی عێراق دڵنیایی داوە لەناردنی ٣٢٠ ملیار دینار بۆ هەرێم، بەڵام دەیەوێت دەرچەیەكی سیاسی و یاسایی بۆ بدۆزێتەوە".

 

د. بەشیر حەداد، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەنوانیدا رایگەیاند" لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی عێراق کۆبونەتەوە، دڵنیایی داوە لەوەی لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان لە كۆبوونەوە و گفتوگۆی بەردەوامە تاكو ئەو پارەیە رەوانەی هەرێمی كوردستان بكرێت و ئەو رێككەوتنەی پێشتر كراوە جێبەجێ بكرێت، بەڵام ئەوەی وتووە كە دەیەوێت دەرچەیەكی یاسایی بدۆزێتەوە تاوەكو لایەنە عێراقییەكان لە ئەنجومەنی نوێنەران نەیكەنە گرفتێك لەدژی".

 

حەداد باسی لەوەشكرد، سەرۆك وەزیران رایگەیاندووە، هەوڵەكانی بۆ ئەوەیە ٣٢٠ ملیارەكەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ ئەم چەند مانگەی ماوە خەرج بكرێت و ئەوەی لە یاسای پڕكردنەوەی كورتھینانی دارایی جێگیركراوە، بخرێتە پرۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢١.

 

جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، هەرچەندە کازمی کاتی رەوانەکردنی موچەی دیارینەکرد و باسی لەپێویستی زو رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد کرد، بەڵام بەڵێنیدا کە ناهێڵن فەرمانبەرانی کوردستان بەبێ موچە بمێننەوە.

 

وتیشی" سەبارەت بە شایستە داراییەکانی جوتیارانیش ئاماژەی بەوەدا کە مستەفا کازمی بۆ ئەوە مەبەستە لەگەڵ وەزیری دارایی و بازرگانی قسەی کرد و پێی راگەیاندن کە دەبێت لەو چەند رۆژەدا کێشەی شایستە داراییەکانی جوتیاران چارەسەر بکرێت". 



AM:09:16:27/11/2020