وەك تازەترین فرۆشیاری نەوت
هەرێمی كوردستان چاوی لە سەربەخۆییە


ئەگەرچی هەرێمی کوردستان هێشتا بە رەسمی بەشێکە لە عێراق، بەڵام پەیوەندییەکانی ئەو ھەرێمە لەگەڵ ناوەند، لە پەیوەندیی نێوان دوو وڵات دەچێ. ئەگەرەکان وای نیشاند دەدەن لە داهاتوودا ئەو ئەو پەیوەندییانە ئاڵۆزتربن و پێ بنێنە قۆناغێکی دیکەوە.

لەمبارەیەوە ماڵپەڕی ئەنادۆڵ لە راپۆرتێكدا لەزاری پسپۆڕێکی سامانە سروشتییەکان دەڵێ: بەھۆی سیاسەتە ھەڵەکانی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی نووری مالیکی، دوای ھەرێمی کوردستان پارێزگاکانی نەینەوا، بەسرە داوای سەربەخۆیی لە سیاسەتی نەوت و غازدا دەکەن.

لە درێژەی راپۆرتەكەدا هاتووە: دوایین وڵات بووە ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی تەمموزی٢٠١١ سوودانی باشوور بوو. ریفراندۆمی پشت ئەستووری باشوورییەکان بە بوونی پێنج ملیار بەرمیل یەدەگی نەوت، رووبەری سوودانی گەورەی کەم کردەوە و باشووریشی کرد بە وڵاتی ژمارە ١٩٣ لە جیهاندا.

پێدەچێ ١٨ی سێپتەمبەری ئەمساڵ، دانیشتووانی سکۆتلەندا، ھاوپەیمانێتییە ٣٠٧ ساڵییەکەیان لەگەڵ بەریتانیا ھەڵبوەشێننەوە و بیکەن بە وڵاتی ژمارە ١٩٤، ئەوەشی سکۆتلەندییەکان ھان دەدا بوونی نەوتێکی زۆرە لە دەریای باکوور و ئیدارەدانێکی ئابوورییانەی خراپی شانشینی یەکگرتووە لەو ھەرێمە.

رەنگە نەوت بۆ ھەریەکە لە سوودان و شانشینی یەکگرتوو، مایەی سەرئێشە و بەڵا بووبێ، بەڵام بۆ باشوورییەکانی سودان و سکۆتلەندییەکان ئەو سامانە سروشتییە پوازی رزگارکەر بێ.

ئێستا ھەرێمی کوردستان یەکێکە لەو ھەرێمانەی لەسەر ئاستی جیھان زۆرترین ناوی دێ لەپاش جیابوونەوەی سوودانی باشوور، نەوت و جیابوونەوەش لە عێراق ئەو دووانەیەن کە ناوبانگی پێبەخشیوە، ٤٥ ملیار بەرمیل نەوت و پێنج تریلیۆن مەتر سێجا لەو سامانە سروشتییە خەمڵێنراوەیە کە کورد لەپاڵ جینۆساید و قڕکردنی زیاتر لە ٢٠٠ ھەزار کەس لە رۆڵەکانی، دەیەوێ سەربەخۆیی خۆی پێ رابگەیەنێ.

دانیشتووانی ھەرێمی کوردستان بەپێی ئامارێکی نەسەلمێنراو، زیاتر لە پێنج ملیۆن کەس دەبن، دوای داڕمانی رژێمی بەعس لە عێراق، ساڵی ٢٠٠٣، کاری لەسەر راکێشانی کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت چڕ کردەوە بۆ گەڕان و دۆزینەوەی ئەمبارەکانی نەوت و غاز. دوای بڵاوبوونەوەی چەند ژمارەیەکی سەرنجڕاکێش بۆ ئەو کۆمپانیایانە لەسەر یەدەگەکەی، ئەوەبوو لە پەسەندکردنی یاسای نەوت و غازدا پێشی عێراقی دایەوە و دەستی بە وەبەرھێنانی زیاتر کرد لەو بوارەدا بێ ئاگادارییەکی ئەوتۆی حکومەتی عێراق.

حکومەتی عێراق ھەر زوو لە ئەگەری جیابوونەوەی کورد ترسی لێنیشت، بە تایبەت لە ئاستی میللی و لایەنە سیاسییەکانی ھەرێم داواکارییەکی رەت نەکراوەیە، ھەر بۆیە عێراق زوو کەوتە تەقەلای رێگەگرتن لە وەبەرھێنان لە سامانە سروشتییەکانی ھەرێم، دوای ریزبەندکردنی ئەو کۆمپانیا نەوتییانەی لە ھەرێم کار دەکەن، پەنای بۆ رەتکردنەوەی راکێشانی بۆریی نەوتبەر لە کێڵگەکانی ھەرێمەوە بۆ بەندەری جەیھانی باشووری تورکیا برد، تا دواجار پێش چەند مانگێک بودجەی لە ھەرێمی کوردستان بڕی.



PM:02:57:08/06/2014