بافڵ تاڵەبانی: بڕیارمانداوە ئەوانە دەستگیر بکەین کە کاری مافیایی ئەنجام دەدەن

هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان رایدەگەیەنێت" سەرجەم ئەو کەسانە دەستگیردەکەن کە کاری مافیایی ئەنجامدەدەن".

 

لە دیدارێكی ڕۆژنامەوانیدا بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی وەڵامی پرسیاری نوێنەرانی كەناڵەكانی ڕاگەیاندنی داوەتەوە و باسی لەوەكردووە، دانوستانی نێوان هەرێمی كوردستان و عیراق بەردەوام دەبێت و زۆر تەوەریش لەو نێوەندەدا گفتوگۆیان لەسەردەكرێت، بەڵام وتووێژ و دانوستانەكان ئاسان نین و كاری بەردەمیدان دەوێت.

 

هاوکات بافڵ تاڵەبانی سەبارەت بە قاچاخچێتی سنوورەکان و هەڵکوتانە سەر بازرگانان، رایگەیاند" کاری مافیایی لەهەموو کوردستاندا بوونی هەیە، بەڵام ئێمە بڕیارمانداوە هەموو مافیاکان دەستگیربکەین، تەنانەت هەرکەسێکیان لەپشت بێت".

 

لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری دەنگی ئەمەریکادا، سەبارەت بە گرژیەکانی نێوان هەرێم و پەکەکە، هاوسەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بەوەکردوە"  ئێمە دژی هەڵگیرسانی شەڕی کورد بە کورد و بەدیاریکراوی پەکەکەین".

 

یه‌كێتیی له‌باره‌ى پرسى ڕێكه‌وتنه‌كه‌ى هه‌رێم ‌و توركیا و ئاگاداریی یه‌كێتیی هاوسەرۆکی یەکێتی وتی" به‌هیچ شێوه‌یه‌ك یه‌كێتیی ئاگادارى ورده‌كاریی‌و ناوه‌ڕۆكى ڕێكه‌وتنى 50 ساڵى نێوان حكومه‌تى هه‌رێم‌و توركیا نییه‌". 



AM:10:16:29/11/2020