" سپی" هۆکاری نەچوونی وەفدی هەرێم بۆ بەغدا ئاشکرا دەکات

لە کاتێکدا ماوەی نزیکەی مانگ و نیوێکە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم نەدراوەو هاوڵاتیانی هەرێم چاوەڕووانی چوونی وەفدی هەرێم دەکەن بۆ بەغدا بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکە و ناردنی پشکی هەرێم، بەلآم تا ئێستا هیچ کاتێک دیاری نەکراوە بۆ سەردانی وەفدەکە، " سپی " زانیاری ورد بڵاودەکاتەوە.

 

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست ماڵپەڕی " سپی  میدیا " کەوتووە، هەرچەندە پەیوەندی حکومەتی عێراق حکومەتی هەرێم عێراق بەتایبەتی وەفدی دانوستانکاری هەردوو نەپچڕاوەو پەیوەندی تەلەفونی لەبەرزترین ئاستەکانی هەرێم بە مەستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانەوە بەردەوامە، بەلآم نەچوونی وەفدی هەرێم بۆ بەغدا پەیوەندی بە حکومەتی عێراقەوە هەیە کە تا ئێستا هیچ کاتێک دیاری نەکردوە بۆ سەردانی وەفدەکە و دەستکردنەوە بە کۆبوونەوەکان بە مەبەستی ناردنی پشکی هەرێم و رێککەوتن لەسەر پشکی هەرێم لە پرۆژە یاسای بودجەدا بۆ ساڵی ٢٠٢١. 

 

دەربارەی دیاری نەکردنی کاتێک بۆ سەردانی وەفدی هەرێم بۆ بەغدا، بەپێی زانیاریەکانی " سپی " کێشەکە پەیوەندی بە لایەنە ناڕازییەکانی پەرلەمانی عێراقەوە هەیە کە هەڕەشەی بانگهێشتکردنی کازمی دەکەن بۆ لێپرسینەوەی لە پەرلەمانی عێراق، ئەگەر ٣٢٠ ملیار دیناری مانگی تشرینی یەکەم بنێرێت بۆ هەرێم.

 

کازمی بۆئەوەی رووبەڕووی ئەو هەڵوێستە نەبێتەوە، خۆی لە هەوڵدایە بۆ رەزامەندی وەرگرتنی لیستەکانی سەدر و عەبادی و مالکی، تا رێگرینەکەن لە ناردنی ٣٢٠ ملیار دینارەکەو پێشبینی دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا بە ئەرێنی، یان نەرێنی ئەو پرسە لەبەغداوە چارەسەر بکرێت و کات بۆ سەردانی وەفدی هەرێم دیاری بکرێت.

 

دوێنی لە دوو بەیاننامەی جیاوازی لیستی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان کە بەشدارە لە کابینەکەی مەسرور بارزانی، داوا دەکەن کە حکومەتی هەرێم بە زووترین کات وەفد بنێرێت بۆ بەغدا بۆ چارەسەکردنی کێشەی دواکەوتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم کە ئەمڕۆ نزیکەی ٤٥ رۆژە مووچە نەدراوەو دواکەوتووە.



PM:12:59:29/11/2020