یەکێتی و گۆڕان کۆکن لەسەر لامەرکەزی ئیداری و دارایی

دوای کۆبوونەوەی نێوان یەکێتی و گۆڕان راگەیەندراوێک بڵاوکرایەوە کە لەسەر سێ خاڵ هەڵوێستی ئەم دوولایەنە هاوشێوەیە، یەکێک لە خاڵەکانی جێەبەجێکردنی پرسی لامەرکەزیەتی ئیداری و داراییە لە هەرێمدا وەک کارنامەی کابینەی نۆیەمدا ئاماژەی بۆ کراوە.

 
لەو راگەیەندراوەدا کە داوی کۆبوونەوەکە بڵاوکرایەوە، هیچ ئاماژەیەک بۆ پشتیگری ئەم دوو لایەنە بۆ کابینەی نۆیەم دووپات نەکراوەتەوە. 

 

 
دەقی راگەیەندراوەکە..


راگەیاندراوی رۆژنامەوانی ئەمڕۆ یەکشەمە ٢٩/١١/٢٠٢٠ کۆبوونەوەی لوتکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لەدەباشان بەڕێوەچوو. 

 


تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە گفتوگۆکردن بوو ، لەسەر دواین گۆڕانکاری و پێشھاتە سیاسی و ئابوورییەکانی ھەرێم و عێراق ، بەتایبەت خراپی بژێوی ژیانی ھاوڵاتیان و مووچەخۆرانی ھەرێم ، کە بەرئەنجامی قەیرانی دارایی و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دروست بووە ، دواتریش بەدیارکراوی دوای دەرکردنی یاسای ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ،  پەیوەندیدار بە کورتھێنانی بودجەو وەرگرتنی قەرز قەیرانەکە قوڵتربووەتەوە.

 


 سەڕەڕای جەختکردنەوە  لەتوندوتۆڵکردنی پەیوەندی نێوان ھەردوولا، بەپێویست زانرا ھەنگاوی کرداری خێرا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بنرێت، ھەروەک ھاوڕابووین لەسەر ئەم بڕیارانەی خوارەوە: 

 


1- بەپەلە وەفدێکی خاوەن بڕیاری حکومەتی ھەرێم پێکبھێنرێت و بچێتە بەغدا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چارەسەرکردنی ریشەیی و کۆتایی کێشەی بودجەو موچەی ھەرێمی کوردستان ، لەھەمانکاتدا ئەم ھەنگاوە ببێتە بناغەیەکی پتەو بۆ یاسای بودجەی ٢٠٢١ فیدڕاڵی.

 


2- . پێشوازی لەھەنگاوەکانی بەرەوپێشچوونی سیستمی لامەرکەزی کارگێڕی و دارایی دەکەین ، ھەروەک لەکارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمدا ھاتووە.

 

 
3-   زەمینەخۆشکردن بۆ کۆبوونەوەی لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان بە مەبەستی چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی رووبەڕووی واقیعی ھەرێم و عێراق دەبێتەوە. 


یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان    بزووتنەوەی گۆڕان

 


PM:03:40:29/11/2020