"هەرێمی كوردستان نەوتی بە ئیسرائیل فرۆشتوە"

وەزارەتی نەوتی عێراق  لەبەیاننامەیەكدا رایدەگەیەنێت كە حكومەتی هەرێمی كوردستان نەوتی بە ئیسرائیل فرۆشتووە.

وەزارەتی نەوتی عێراق ئەمڕۆ 8ی حوزەیران  سەبارەت بە هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان  بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە، كە تێیدا سەرسووڕمانی خۆی لەوە دەردەبڕێت، کە "حكومەتی هەرێمی كوردستان نەوتی بە ئیسرائیل فرۆشتووە".

بە پێی هەواڵێكی شەفەق نیوز، وەزارەتی نەوتی عێراق لەو بەیاننامەیەدا هەروەها رادەگەیەنێ، بەهۆی رادەستنەكردنی داهاتی نەوت لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە لە سەرەتای ئەمساڵ تاوەكو 31ی ئایار، عێراق 6 ملیار و 288 ملیۆن دۆلار زیانی پێگەیشتووە، پێشیوایە زیانی ئەو چەند مانگەی، كە ماوە، دەگاتە نزیكەی 8 ملیار و 400 ملیۆن دۆلار.

بەیاننامەكە ئاماژە بەوەدەكات، لە ساڵانی 2010 تاوەکو 2013، حكومەتی هەرێمی كوردستان داهاتی نەوتی رادەستنەكردووە و لەگەڵ ئەوەش پشكی 17%ـی بودجەی عێراقی بە تەواوی وەرگرتووە، كە ئەمەش وایكردووە بەهای زیانەكان بگاتە 119 ملیار و 70 ملیۆن دۆلار، كە هەرێمی كوردستان ئامادە نییە چارەنووسی ئەو پارەیە ئاشكرابكات و رایبگەیەنێت، کە چی بەسەر هاتووە.
 
وەزارەتی نەوتی عێراق، بەرپرسانی هەرێمی كوردستان بەوە تۆمەتباردەكات، كە قسەی ناڕاست بڵاودەكەنەوە بەوەی حكومەتی فیدراڵی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی بڕیوە، كە ئەمەش قسەیەكە لە شوێنی خۆیدا نییە و ئامانجەكەی دروستكردنی تەشویشە لای هاووڵاتیان.

هەر لە بەیاننامەكدا وەزارەتی نەوتی عێراق، داوا لە توركیا دەكات رێزلە سەروەری و سامانی نیشتمانی عێراق بگرێت و هاوكات هەڕەشەی بە دادگا گەیاندنی هەموو ئەوانە دەكات، كە لە هەناردەكردن و فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان بەشدارن.



PM:03:58:08/06/2014