ئەو ئاڵۆزیەی ئەمرۆی پەرلەمان کە ژمارەیەک پەرلەمانتاری گۆڕان وەک ئۆپۆزسیۆن دەرکەوتن و، ژمارەیەکی تریشیان لەگەڵ ئاراستەی بەشداربووی حکومەتدا قسەیان کرد، لەسەر ئاستی بزووتنەوەکەش، ئەو هێزە بوو بە دوو کەرتەوە.
هەریەک لە یوسف محەمەد و عەدنان عوسمان و دەرباز محەمەد و هۆشیار عبدوڵا دەستخۆشیان لە هەڵوێستی ئەو پەرلەمانتارانەکرد کە دژی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان وەساتنەوە، هەرچی رای رەسمی بزووتنەوەکەیە کە لە راگەیەندراوێکدا بڵاوکرایەوە، دژی ئەم ئاراستەیە لێدوانی دەرکردو وەک هێزێکی بەشدار لە حوکم لێدوانەکەی بڵاوکردەوە.
یوسف محەمەد سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبوک نووسیویەتی "کەمترین ئەرکمان ئەمڕۆ پشتیوانی و دەستخۆشییە بۆ ئەو پەرلەمانتارانەی کوردستان کە بە تەپڵ کوتین و هاوار کردن و پێداگرییان بۆ باس کردنی کێشەی ژیانی خەڵکی هەژار و بە گواستنەوەی وێنەی ناڕەزایەتییەکانیان «سێلفی گرتن!»، زیندویەتییان گەڕاندەوە ناو هۆڵی پەرلەمان".
هەروەها هیوای خواستووە پەرلەمانتاران لەسەر ئەو رێچکەیە بەردەوام بن، "تەنانەت گوێ بەو بەیاننامانەش نەدەن کە هەندێ بەرپرسی حیزبی لەژێر فشاری پارتی دەریدەکەن وەک ئەو بەیاننامەیەی ئەمشەو بەناوی گۆڕانەوە دەرکراوە و تەنها تەعبیر لە نوسەرەکەی ئەکات نەک جەماوەری گۆڕان کە پەرلەمانتارانی نوێنەرایەتیی دەکەن".
عەدنان عوسمان وتەبێژی بزووتنەوەکە لەبارەی ئەو ئاڵۆزیەوە دەڵێت "هه‌ڵوێستی ئه‌مڕۆی په‌رله‌مانتارانی ناڕازی و به‌تایبه‌تیش گۆڕانه‌كان، جێی ستایش و ده‌ستخۆشی و پشتگیریه، ئیتر گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ به‌هاكانی كاركردنی گۆڕانی راسته‌قینه‌ی دژ به گه‌نده‌ڵی و فه‌رهودیه".
هەروەها دەرباز محەمەد ئەندامی خانەی راپەڕاندنە رایگەیاند " ئه‌مڕۆ په‌رله‌مانتاران به‌شێكی گرنگی ئه‌ركی خۆیان به‌جێهێنا. داكۆكی له‌خه‌ڵك، له مافی خه‌ڵك ئه‌ركی یه‌كه‌مه'.
هەرچی بزووتنەوەکەیە لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێت " وه‌ك پێشتریش ژوری رۆژنامه‌وانی بڵاوی كردبووه‌وه، هه‌ڵوێستی فه‌رمی لەلایەن بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانەوە بڵاوده‌كرێته‌وه و، هه‌مو لێدوان و ده‌ربڕینێكی دیكه‌ی سیاسیی كه لەلایه‌ن به‌رپرسانی حیزبی و حكومی و په‌رله‌مانتارانه‌وه بۆ میدیاكان ده‌درێت، گوزارشت له رای فه‌رمی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ناكات".
ئەم دوو کەرتبوونە ماوەیەکە لەنێو گۆڕاندا بەدیدەکرێت، ئەوە لە کاتێکدایە کە دوای کۆچکردنی نەوشیروان مەستەفا ئەم گرووپە لەگەڵ یەکێتیە کۆنەکەی ناو گٶڕان هاو‌هەڵوێست بوون لە دەستاودەستکردن دەسەڵاتدا بە رێکخەر و خانەی راپەڕاندنی نوێ کە ئێستا سەرکردایەتی گۆڕان دەکات.