داوا دەکرێت شاندێکی هەرێم سەردانی بەغدا بکات

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی داوا دەکات شاندێکی هەرێمی رەوانە بەغدا بکرێت بۆ گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ حکومەت تا چارەسەرکردنی کێشەکان. 


  


لە ڕاگەیەندراوێکدا، بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت ”کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا تەنیا لە رێگەی گفتوگۆ و دانوستاندنەوە چارەسەر دەکرێن و هیچ رێگەیەکی دیکە جگە لە کۆبوونەوە لەسەر مێزی دانوستاندن نییە بۆ ئەوەی چارەسەری کێشە کەڵەکە بووەکان بکەن.”  




ئەو جێگرە کوردە کە لەپشکی پارتییە داوا لە حکومەتی هەرێمی کودستانیش دەکات "شاندێکی هونەری و سیاسی ڕەوانەی بەغدا بکەن تاوەکو لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و لایەنە سیاسییەکان گفتوگۆ و دانوستان بکەن بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتنێک لەمەڕ کێشە سیاسی و داراییەکان، بەتایبەت کێشەی نەوت و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان."  




بەشیر حەداد هۆشداری دەدات کە "داهاتوویەکی نزیکدا پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2021 دێتە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ئەوەی پەسەند بکرێت، بۆیە پێش ئەوە پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان شاندێک رەوانەی بەغدا بکات و لەسەر ئەو بابەتە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بگەنە رێککەوتنێک و بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە نێو ئەو پرۆژە یاسایەدا جێگیر بکرێت."

 


ئەوە لە کاتێکدایە کە حکومەتی هەرێم نزیکەی ٥٠ رۆژە تەنها یەک مووچەی دابەشکردووە و رۆژ بەرۆژ ناڕەزایەتی خەڵک و بایکۆتی فەرمانبەران بەرفراوان دەبێت.

 


PM:11:02:01/12/2020