بەرپرسێکی پارتی: پەکەکە هیچ بارەگایەکیان رادەستی حکومەتی عێراق نەکردووە

بەرپرسی لقی شنگال پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت" پەکەکە هیچ بارەگاکانیان لە شنگال ڕادەستی حکوومەتی عێراق نەکردووە، تەنیا هەندێک بارەگای پچووک نەبن".


قادر قاچاخ بەرپرسی لقی شەنگالی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاندووە ''ئێستاش بارەگاکانی لە سەنتەری شنگال ماون، ڕاستە هەندێک لە چەکدارەکانی لە تۆنیلەکاندا خۆیان حەشار داوە و، ئێستاش گەورەترین بارەگای پۆلیس لەنێو شنگالدا لە دەست پەکەکەدایە".

 
وتیشی: ''ئەو بەناو ئاسایشەی لە شنگال دروست کرابوو، هەموویان ماون بە ئیدارەکەیشییەوە، هەندێکیشیان خۆیان ئاوێتەی حەشد و پۆلیس و هەندێکیشیان لەنێو سوپا کردوون".

 
بۆچوونی قاچاخ وایە " ئەوەی لە شنگال ئێستا دەکرێت تەنیا بۆ ئەوەیە خەڵک بگەڕێتەوە شنگال، پێش هەڵبژاردن و بۆ ئەوەی لە شنگال بە دڵی خۆیان کاندیدە عەرەبەکان دەربچن و دواتر بڵێن عەرەب نوێنەرایەتیی شنگال دەکات".

 
لە کۆتاییدا دەڵیت "تا نوێنەری یوئین و حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ یەک هەنگاوەکانی شنگال جێبەجێ نەکەن بڕوامان بەو پروپاگەندەیە نییە کە لە شنگال دەکرێت، چونکە دەبێ ئەو هێزانە هەر لە شنگالدا نەبن''.

 


PM:09:56:02/12/2020