" هەولێر و بەغدا لەسەر بودجەی ٢٠٢١ رێککەوتن "

بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت" هەولێر و بەغدا لەبارەی پرۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢١ گەیشتونەتە رێککەوتن". 

 

دکتۆر ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە ڕووداوی ڕاگەیاند" شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی عێراق رێککەوتوون لەسەر ئەوەی هەمان ئەو رێککەوتنەی پێشوو لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی و مستەفا کازمی بخرێتە نێو پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢١ و دوای رێککەوتنەکە شاندەکە گەڕاوەتەوە هەرێمی کوردستان". 
 
بەپێی ئەو رێککەوتنەی پێشوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت و نیوەی داهاتی دەروازە سنوورییەکان رادەستی بەغدا دەکات. 
 
بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق روونیکردەوە، کۆبوونەوەی ئەمڕۆ شەممەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تایبەت بە پرۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢١ ناکرێت، بۆ رۆژی سێشەممە دواخراوە، چونکە وەزیری دارایی عێراق لە گفتوگۆدایە لەگەڵ سندووقی دراوی نێودەوڵەتی لەبارەی فرۆشتنی نرخی دۆلار بە دینار، هەروەها ئێستاش نرخی نەوت بەرزبووەتەوە، ئەمەش وایکردووە کۆبوونەوەکە بۆ سێشەممە دوابخرێت.



PM:01:24:05/12/2020