خۆپیشاندانی گەنجان و چین و توێژێکی فراوانی ناحیەی پیرەمەگروون ( رۆژئاوای سلێمانی ) کە دوو رۆژە بەردەوامە ئەم ئێوارەیە بارەگای یەکێتی نیشتمانی کوردستانیان سووتاند.
سەرباری هەبوونی هێزێکی زۆری ئەمنی لە شارەکەو ناردنی هێزی نوێ لە سلێمانییەوە، خۆپیشاندەرانی پیرەمەگروون بارەگای کۆمیتەی یەکێتیان لەو شارە سووتان و پێشبینی دەکرێت بارەگاکانی لایەنەکانی تریش بسووتێنرێت.
خۆپیشاندەران لەم ساتەدا چواردەوری بارەگای پارتیان داوەو دەیانەوێت بیسووتێنن و پاسەوانەکانی بارەگاکەش تەقە بەسەر خەڵکە خۆپیشاندەرەکەدا دەکەن، لەکاتی نووسینەوەی هەواڵەکەدا " سپی " لە پەیامنێرانەوە، سووتانی بارەگای پارتیش پێگەیشت لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە.
لە خۆپیشاندانەکەی پیرەمەگرووندا لە ناو خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان بریندار هەیەو، ئەفسەرێک بە سووکی بریندار بووە.
ئەو خۆپیشاندانە کە دوو رۆژە بەردەوامە ناوچەکانی دەڤەری راپەڕین ( رانییە و قەڵادزە ) و پیرەمەگروونی گرتەوەو دوا نیوەرٶی دوێنێ لە رانییە هێزە ئەمنییەکان چەند کەسێکیان دەستگیر کرد.